هەولێر
جێگەی داخە ماوەیەكە ڕاگەیاندن و دەزگە میدیاییەكانی سەر بە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان داوەتە بڵاوكردنەوەی بابەتی ناڕاست و دوژمنكارانە لەدژی گەلی کوردستان، کە خزمەتی هیچ لایەك ناكات.
سایتی (بولتن نیوز)ـی ئێرانی ڕاپۆرتێكی لەبارەی فیلمێكی بەناو دیكۆمێنتاریی لەدژی كوردستان و سیمبوڵەكانی بڵاو كردۆتەوە. فیلمەكە كە (نوسینگەی مقاوەمەتی نوجەبا لە ئێران) بەرهەمی هێناوە، پڕە لە تۆمەتی بێ بنەما كە ئاراستەی سیمبوڵ و هێماكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان كراوە.
گەلی كوردستان خاوەنی دۆزی ڕەوای خۆیەتی و لە عێراقدا لە سەد ساڵی ڕابردوودا بە سەدانهەزار شەهیدی داوە و جینۆساید و كیمیاباران كراوە. هەروەها پێشمەرگە چەمكێكی باڵایە لە ویژدانی هەموو تاكێكی كورد و بەرهەمی خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستانە. تەمەنی پێشمەرگە و دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە تەمەنی زۆربەی ڕژێم و دەوڵەتانی ناوچەكە بە (ئیسرائیل)ـیشەوە درێژترە و ڕەگی لەناو مێژوودا كوتاوە.
لەبری ئەم چەواشەكاری و هەوڵە نابەجێیانە باشتر وایە هەموو لایەكمان دەست بە تەبایی و برایەتییەوە بگرین و بۆ ئاشتی و پێشكەوتن و ئاسوودەیی میللەتانی ناوچەكە تێبكۆشین. هەرێمی كوردستانی عێراق و هێز و كەسایەتییە خەباتگێڕ و تێكۆشەرەكانی هەمیشە ڕێزیان لە بەرژەوەندی و هێما و سیمبوڵەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران گرتووە و پابەندی بنەماكانی دراوسێیەتی و دۆستایەتین و هەردەم بڕوای قووڵیان بە پێكەوەژیان و تەبایی و برایەتی نێوان گەلانی ناوچەكە هەبووە و هەیە.

