محمد لادێ – ههولێر
یەکەم پۆستەری فیلمی سینەمایی (زەوی سەخت و ئاسمان دوو) بڵاو کرایەوە و، کاتی . نمایشکردنی فیلمەکە نزیکە.
فیلمی سینەمایی زەوی سەخت و ئاسمانی دوور فیلمێکی درامی داستانی سینەماییە کە ئێستاکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و رەوتی وێنەگرتنیشی کۆتایی هاتووە.
“زەوی سەخت و ئاسمان دوور” فیلمێکی درامی، کۆمەڵایەتییە و چیرۆکی فیلمەکە هەوڵ دەدات وێنەی تێکشکاوی مرۆڤی دوای جەنگ پیشان بدات.
هەوراز محەمەد دەرهێنەری فیلمەکەیە و سینارێۆکەشی لەگەڵ مەنسور تەیفوریدا نووسیویانە؛ دەرهێنەری فیلمەکە باسی لەوە کرد کە فیلمەکە ناوەڕۆکێکی درامایی کۆمەڵایەتیی هەیە، لەو جۆرە فیلمانەیە کە لە فۆرمدا شیعرییە، لە ناوەرۆکیشدا ریالیزمی و جادووییە.
لەبارەی دەستەی بەرهەمهێنانی فیلمەکەوە، هەوراز ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم کارە بە بەشداری دەستەیەک لە فیلمسازانی کورد لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان دروست دەکرێت، ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە پێک دێن لە هونەرمەندان (بەختیار پەنجەیی، مریەم بووبانی، ئەژدەر سازگار، دیمەن زەندی) و چەندین ئەکتەری دیکە کە زۆرینەیان خۆبەخشانە لە فیلمەکەدا کاریان کردووە.
“زەوی سەخت و ئاسمان دوور” ئیدیۆمێکی کوردییە و گوزارشت لە دۆخێکی ناهەموار و پڕ تەنگژە دەکات، بە جۆرێک ئەوەی بەردەستە سەخت و ئەستەمە و هیوابەخش نییە هەرچی هیواشە دوررە و بە ئاسانی بە دەست ناگات. هەروەها ناوی دیوانێکی شیعریی مارف ئاغایی، شاعیری کۆچکردووی کوردە. هەوراز محەمەد دەڵێت، ناوی بەرهەمەکە جگە لەوەی دەرهاویشتەی ناوەڕۆکی سیناریۆی فیلمەکەیە، لە ژێر کاریگەریی ناونیشانی دیوانە شیعرییەکە ئامادە کراوە.
دەرهێنەری فیلمەکە باسی لەوەش کرد کە بیرۆکەی فیلمەکە بۆ پێش ١٠ ساڵ دەگەڕێتەوە و زۆر بە وردی کار لەسەر سیناریۆیەکە کراوە. وێنەگرتنی فیلمەکەش لەمانگی دوانزەی ساڵی ٢٠٢٤ دەستی پێ کردووە و، لە مانگی یەکی ئەمساڵ وێنە گرتنی بە کۆتا گەیشت و، چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش یەکەم پۆستەری فیلمەکە بڵاو کرایەوە و، بڕیارە بەم نزیکانە لە سینەماکانی کوردستاندا نمایش بکرێت و، بڕیاریشە بۆ ڤیستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتییەکان بنێردرێت.

