زێوەر
یابە! فەرزەن تۆ شای سەر زەمینی
ڕازیم بە بەشی خۆم و مسکێنی
دیجلە و فوراتت با هەر بۆ خۆت بێ
منیش کوردستان شاخی ڕەنگینی
هەواکەی شاهۆ، ئاوەکەی قەندیل
لائەبا لە دڵ ئێشی برینی
قەت ڕێک ناکەوێ دەست لەمل یەک کەن
حەنتووش دەلاوی و ڕەسووڵ سیرینی
من لام باش نییە سواری شانم بی
وا عەرزت ئەکەم هەر بەشیرینی
خورمای خۆت بۆ خۆت مێوژم بۆ خۆم
«لكم دینكم ولی دینی»
سەرەنج:
زێوەری شاعیر،سەدەیەک بەر لە ئێستا ئەم شیعرەی لەبەردەم شا فەیسەڵ دا خوێندووەتەوە

