رۆژنامەی ھەولێر

لەنێو سۆشیال میدیادا و دژ بە ڕۆژانەییبوون

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

ئەگەر هەموو ڕۆژێک پۆستت نەبێت و لەسەر هەموو بابەتێک شتێک نەنووسیت، نیشانەی ئەوە نییە بیر دەچیتەوە. ئەگەر پۆست لەسەر ئەمریکا و چین و هیند و ڕووسیا نەکەیت، نیشانەی ئەوە نییە هیچ لە سیاسەت نازانیت. ئەگەر باسی ئابووریی چین و پێشکەوتنەکانی دوبەی و قەیرانی بەرازیل و یۆنان نەکەیت نیشانەی ئەوە نییە، کە لە ئابووریدا کۆڵەواری. مەرج نییە پۆست لەسەر هەموو شتێک بکەیت و هەڵوێستی (جوامێرانەت) لەسەر هەموو بابەتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی و هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕوون بکەیتەوە تەنها بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت تۆش هەیت و ماویت.

هەڵوێستی ڕۆژانە؛ یان (پۆستی بەردەوامی ڕۆژانە) هەڵوێستێکی ساتەوەختیانەی کورتمەودایە، کە زۆرجار بابەتەکە بەو شێوەیە نییە، کە لە ڕاگەیاندن و دیوی ئاشکرایدا دەیبینین، بەڵکو هەمیشە ئەوەی لە پشتی ڕووداوەکانەوە دەگوزەرێت ئەوە ڕاستەقینەکەیە، کە بۆ ئێمە (زۆرینە) ئاشکرا نییە، بۆیە هەر قسەکردن و لێدوانێک لەبارەیەوە دەمانخاتە بەردەم هەڵەی گەورەوە و ئیدی دەبینە “هەڵەکاری گەورەی ڕۆژانەیینووس”.
لەوەتەی دەنووسم هەموو هەوڵی من ئەوەیە دژ بەو بابەتانە بم و بوەستمەوە، کە دیارەیەکی ڕۆژانەیین، چونکە بۆم ئاشکرایە ئەوەی لەو دیاردانەوە دەیبینین تەنها ڕووکەشێکی دیاردە و کێشەکەیە، نەک تەواوی لایەنەکانی کێشەکە. بۆیە ڕۆژانەییبوون یەکسانە بە گەیشتن بە ڕووکەشگەرایی و ئەمەش نیشانەیەکی خراپی هەر نووسەر و ڕۆشنبیرییەکە، بۆیە هەمیشە سڵی لێ دەکەمەوە و نامەوێت تێی بکەوم، کە ئەمە بینینی ئەو وێنە و ڕووداوانەیە کە ئەوانی دیکەش دەیبینن، بەڵام ئێمە پێویستمان بە وێنەی تر بینینی دیکەی ڕووداوەکانە نەک ئەوە هەموان دەیبینن.
هەموو ئەوانەی کە شەیدای پۆستی ڕۆژانە و دەربڕینی بابەتی ڕۆژانەیین هەمیشە لە هەڵوێستی گۆڕاودان و خاوەنی بیرکردنەوەی جێگیر و تێگەیشتنێکی دیاریکراو نین بۆ بابەت و دیاردەکان. ئەمەش کردوونیەتییە بوونەوەرێکی بیرنەکەرەوەی زۆربڵێ، کە زۆر قسە دەکەن و هیچ ناڵێن، یان دروستترە بڵێم هیچ مەعریفەیەک لەپشت گوتنەکەیانەوە نییە بۆیە وەکو نەگوتن دەبینرێت. واتە ئەوەی دەیڵێن چەشنی سووڕانەوەیە لە بازنەیەکی بۆشدا، کە هیچی لێ ناخوێنرێتەوە.
کاتێک باسی دیاردە ڕۆژانەییەکان دەکەم، مەبەستم ئەو دیاردانەیە، کە ڕۆژانە ڕوو دەدەن و ئێمە هێشتا زانیارییەکی سەرەتایی لەبارەیەوە دەزانین، بۆیە هەر لێدوان و پۆست و وتارێکی لەبارەوە بنووسین ئەوەیان دەبێتە نزیکبوون لە ڕووکەشگەرایی و جگە لە گوتارێکی رۆژانەیی هیچی نوێی لێ بەرهەم ناهێنرێت، بەڵام هەندێک دیاردەی دیکە هەن، کە ئەگەرچی ڕۆژانەیین، بەڵام هەموو دیوەکانی بابەتەکە ڕوونە دەشێ لەم کاتانەدا بە وشارییەوە سەرنج و تێبینی لەبارەیەوە بنووسرێت و بخرێتەڕوو. واتە هەموو قسکردنێک لەسەر بابەتی ڕۆژانە جۆرێک لە بەرهەمهێنانی ڕووکەشگەرایی نییە، بەڵکو ئەوەش ڕێژەییە.
یەکێک لە وەزیفە سەرەکییەکانی نووسەران و ڕۆشنبیران ئەوەیە، کە دژ بە ڕۆژانەییبوون بوەستنەوە و هەر ئەمەشە دەبێتە خاڵی جیاکەرەوەی ئەوان لە عەوام و ئەو لەشکرە بێکارەی کە لە “سۆشیال میدیا” بەدوای بابەتێکی ڕۆژانەییدا دەگەڕێن، کە پۆستی لەسەر بکەن و ئامادەییەکی ڕۆژانەییان پیشان بدات. نەک دەروازەیەک بکەنەوە بۆ خۆپێگەیاندن و بڵاوکردنەوەی وشیاری ئەدەبی و کولتووری و سیاسی.

دەشێ سۆشیال میدیا لە سەرزەمینی نمایشەوە بکرێتە سەرزەمینی بڵاوکردنەوەی وشیاریی و هاندانی بەرەو کتێب و دونیای مەعریفە و بڵاوکردنەوەی زانیاریی دروست سەبارەت بە ژینگە و تەندروستی و چەند بابەتێکی دیکە. بە پەیڕەوکردنی ئەمانە لەنێو سۆشیال میدیادا دەبینە بکەرێک دژ بە ڕۆژانەییبوون و لەبری ئەوەی سۆشیال میدیا بەکارمان بهێنێت ئێمە ئەو بۆ خزمەتی ئایدیا و بەرنامەکانمان بەکار دەهێنین، چونکە لە ئەزموونی ڕۆژانەییبووندا ئێمە سۆشیال میدیا بەکار ناهێنین، بەڵکو ئەوە ئەوە ئێمە بەکار دەهێنێت، کە زۆرجار دەبێتە هۆی ونکردنی بوونی ڕاستەقینەمان.