هاودەنگ فارووق
وەک وەفایەک بۆ ئەو سەرمایەدارە نیشتمانییە جەنابی سەرۆک بارزانی بەپێدانی مەدالیای بارزانی، تاجی سەروەرییەکانی لەسەرنا. هیوادارین سەرجەم سەرمایەدارانی دیکەش لەم سەروەرییە پشکی شێر بۆ خۆیان ببەن و بەشدار بن لە تۆمارکردنی مێژووی سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستان.
پیرەمێردی شاعیر دەڵێت: “بوارە ڕەش و سپی دەردەخا”. بەو مانایەی کە لە کاتی تەنگانە و قەیرانەکاندا، پیاوی ڕاستەقینە و جوامێر و خاوەن هەڵوێست و نیشتمانی دەردەکەون، لەبەرانبەردا ئەوانی دیکەش دەردەکەون، کە بە سەنگ و بەها نیشتمانییەکان وەک پوشی سەردەمی پوشپەڕن و لەیادەوەریی نەتەوەدا هیچ پۆینتێکی ئەرێنی بەجێ ناهێڵن.
ئەم بابەتە لەناو هەموو میللەتانی دونیادا بەجۆرێک لەجۆرەکان هەبووە، لە زەمەنی قەیرانە گەورەکاندا، پیاوەکانی ڕۆژی تەنگانە و لەبەرانبەریشدا پیاوەکانی سەردەمی شەقامی پان، یان دۆستەکانی سەرسفرەشی بەخۆیان و بە حوکمی سەختی قەیرانەکان، بێ ئەوەی جەبرێکیان لەسەر بێت، لە سوچێکی مێژووەوە ڕیز دەبن.
لە مێژووی کورددا، قەیرانی تاقەتپڕوکێن هاتوون و تێپەڕیوون، یادەوەریی جۆراوجۆریان بەجێهێشتووە. بۆ نموونە لە سەردەمی گرانیی گەورە کە لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا بەهۆی جەنگی جیهانییەوە یەخەی جیهان و ناوچەکە و کوردستانیشی گرتبوو، خەڵکێکی زۆر لە برسان مرد. ئەگەر هیممەتی سەرمایەدارە نیشتمانییەکان نەبووایە، کوردان قڕ دەبوون. چونکە نە لە کوردستان و نە لە وڵاتانی دەوروبەریش، نان نەبوو خەڵک بیخوات.
لەناو دڵی ئەو قەیرانە ترسناکەدا، سەرمایەداری نیشتمانی وەکو “کەریمی عەلەکە” دەرکەوت، توانییان دڕ بە شەوی یەڵدا و ئەنگوستەچاودا بدەن. ڕاستە قەیرانەکان تەواو بوون، بەڵام ناوی ئەوان، ناوبانگ و جوامێرییان تا کۆتایی مێژووی کورد دەمێنێتەوە، زەمەن و قەیران ناتوانن ئەوان بە فەرامۆشی بسپێرن.
ئێستاش کە قەیرانێکی قورس ڕووی لە کوردستان کردووە، سەرمایەدارە نیشتمانپەروەرەکان توانیویانە جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژووی ئێمە بنەخشێنن، ئەو کۆڵە قورسە بخەنە سەر شانی خۆیان کە ناحەزان و داگیرکەران بۆ کوردستانیان هێناوەتە ئاراوە. ڕۆژ بەڕۆژ ئەوان کێشەیەکی قوڵتر دروست دەکەن و گرەو لەسەر پاشەکشەی حوکمی کوردستان دەکەن، سەرمایەدارانی نیشتمانیش لەسەرویانەوە کاک خالید خۆشناو بەرەنگاری پیلانەکانی ناحەزانی کوردستان دەبنەوە. هەرکات ئەوان گرەوێکی تازە دەکەن، ئەم سەرمایەدارە نیشتمانپەروەرە بە پڕۆژەیەکی جوانتر و قەشەنگتر کوردستان دەڕازێنێتەوە و بە نەیاران دەڵێت: وەڵامی سەرمایەدارانی نیشتمان بۆ قەیرانە دروستکراوەکانتان، پڕۆژەی ستراتیژی و بنیاتنان و بەهێزکردنی حکوومەتی کوردستانە! ئەوەی لە پشتی ئەم واقیعە بەهێزەی کوردستانەوە وەستاوە و دەوەستێت، سەرمایەدارانی نیشتمانین لەسەرویانەوە کاک “خالید خۆشناو” کە بەتەواوی گرەوی لە مێژوو بردووەتەوە و مێژوو ناچارە بە پیتی زێڕین ناوی بنووسێتەوە.
بە دەرککردن بەم ڕاستییە، جەنابی سەرۆک بارزانی مەدالیای بارزانی بەخشی بە کاک خالید خۆشناو، چونکە ئەو نەک هەر سەری خۆی و سەرمایەکەی بەرزکردووەتەوە، بەڵکو سەنگەری کوردی بەجۆرێک بەهێز کردووە، هاوكاری حكومەت كوردستانەو هەرکاتێک هاووڵاتییەکی باشووری عێراق دێتە هەولێر ، ڕاستەوخۆ هەست بە جیاوازی ئێرە و ئەوێ دەکات.
لەم جەنگە چارەنووسسازەدا، سەرمایەکەی خالید خۆشناو و سەرمایەدارانی نیشتمانی دیکە، هیچی کەمتر نییە لە گیانبازیی پێشمەرگە و ئەوانەی کە بە گیانی خۆیان قەوارەی هەرێمیان پاراست و دەپارێزن.
کاک خالید خۆشناو بە ماڵ و سەروەتی خۆی بۆ پاراستنی کوردستان و شەرەفی گەلی کورد دەکات، ئەمەش هاوتای ئەو گیانبازیەیە؛ کە پێشمەرگە بە خوێن و گیانی خۆی دەیکات.

