رۆژنامەی ھەولێر

دوو یادی پیرۆز و شکۆمەندی گەلی کورد

سازان جلال ئەحمەد
بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی سەرجەم کوردستانییانی خۆشەویست دەکەم، بەبۆنەی دوو بۆنەی نەتەوەیی گرنگ: یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یادی لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕابەر و پێشەنگی ئازادیخوازی گەلەکەمان.

٧٩ ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک چرایەک بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی، لە دڵی گەلەکەماندا چەکەرەی کرد. لەو ڕۆژەوە، پارتی بەخەبات و قوربانیدانێکی بێوچان، توانیویەتی ببێتە هێمای بەرخودان و پارێزەری مافە ڕەواکانی گەلی کورد.
هەروەها، یادی لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی وەفاداریی خۆمان بۆ ئەو سەرکردە مەزنە دووپات بکەینەوە، کە بە درێژایی تەمەنی، خۆی بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان تەرخان کردووە. جەنابی سەرۆک، بە دانایی و لێهاتوویی خۆی، توانیویەتی لە هەموو قۆناغە هەستیارەکاندا، گەلەکەمان بە سەلامەتی بەرەو ئایندەیەکی گەشتر ڕێنمایی بکات.
ئەم دوو یادە شکۆدارە، تەنها ڕووداوی ڕابردوو نین، بەڵکو هێزی بەردەوامیدان بە خەبات و تێکۆشان دەبەخشن بە گەلەکەمان، تا بتوانین ئامانجە باڵاکانمان بەدیبهێنین، کە بریتیین لە سەربەخۆیی، ئازادی و ژیانێکی شکۆمەندانە.
لێرەدا، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە ڕۆڵی بەرچاوی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەم لە بوارەکانی چاکسازی کۆمەڵایەتی، کلتووری، ئەدەبی، فەرهەنگی، پاراستنی مافەکانی تاک و ئافرەتان. هەروەها ئەو هەوڵە بەردەوامانەی کە پارتی بۆ پاراستنی مۆرکی ڕەسەنایەتی کوردەواری داویەتی، جێگەی دەستخۆشییە.
یادی ئەم دوو بۆنە مەزنە لە تەواوی گەلی کورد پیرۆز دەکەم، و سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی سەربەرزی کوردستان دادەنەوێنم. هیوادارم هەمیشە شانازیمان بە کوردستانی بوونمانەوە بکەین.
بەرز و پیرۆز بێت یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان!
پیرۆز بێت یادی لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی!
سەربەرز و سەرکەوتوو بێت گەلی کوردستان!

سوید، ١٥ی ئابی ٢٠٢٥