رۆژنامەی ھەولێر

‎بۆچی١٦ی ئاب‎ لە مێژووی كورددا بێهاوتایە؟

‎هاودەنگ فارووق
‎ با زۆر بەناو مێژووی پارتیدا ڕۆنەچین، ڕاستەوخۆ قسە لەسەر ئەنجامەكانی بكەین، ئەوجا بەشێوەیەكی ڕوونتر دەتوانین كاریگەرییەكانی شازدەی ئاب لەسەر بزووتنەوەی كوردایەتی و مێژووی كورد ‎ببینین.
‎پارتی تاكە حزبی كوردستانییە، لە سەر بنەمای ئایدۆلۆژیایەكی دیاریكراو دانەمەزراوە، بەڵكوو لەسەر عەقیدەی ڕێبازێكی ڕۆشنی مرۆیی و كوردایەتی و پێكەوەژیانی كوردستانیانە دامەزراوە، بۆیە لە دنیابینی و عەقڵی سیاسی – ستراتیژیی بارزانیی نەمردا، پارتی ئامراز بووە بۆ ئامانجێكی مەزنی دۆزی ڕەوای میللەتێك. ‎ بنەمایەكی لۆژیكی لە زانستی سیاسیدا هەیە، دەڵێت: هەموو بابەتەكان بە پێوەری ئەنجام هەڵدەسەنگێنرێن، واتە مرۆڤ پێویستە لەگەڵ ئەنجامدا مامەڵە بكات، نەك لەگەڵ نیەت ، یان هەر ‎پاڵنەرێكی دیكەدا.
‎لەم ڕوانگەیەوە دەكرێت بڵێین: ئایە دامەزراندنی پارتی، چ ئاسەوارێكی لەسەر مێژووی كورد داناوە؟ ئەگەر شانزەی ئاب نەبوایە، ئێستا ژیانی گەلی كوردستان چۆن دەبوو؟
‎بۆ ئەوەی باشتر لە گەورەیی شانزەی ئاب تێبگەین، ئەو دوو پرسیارە سەنگی مەحەكن، چونكە پێش حەفتاو نۆساڵ و دوای ئەو بەروارەش، ئەگەرچی حزب و گرووپی كوردی هەبوون، بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە شوێنكەوتەی پارتی بن.
‎ئایا نهێنی ئەو بابەتە لەچیدایە؟ بۆچی تاكو ئێستا هیچ حزبێكی كوردی نەیتوانیوە جێگەی پارتی بگرێتەوە، یان لانی كەم نەیتوانیوە كەمێك لە ئەدەبیاتی پارتی و ئامانجەكانی دەرچێت؟.
‎گەڕان بەدوای سەرەداوەكانی ئەو ڕاستییانە، ئەركی توێژەران و ئەكادیمیست و ئەوانەیە كە سەرو دەرێكیان لەگەڵ سایكۆلۆژیای جەماعی كوردناسی و،سروشتی پەیوەندی كۆمەڵگەی كوردی و، سیاسەتی كوردیدا هەیە.
‎لەمێژووی هاوچەرخی كورددا، گەلێ بزووتنەوە و حزب و كۆمەڵەی جیاجیا دروستبوون، ماوەیەكی كەم و زۆر، لەسەر ستەیجی سیاسدا، ماونەتەوە، دواتر بەهەر هۆكارێك لاوازبوون و، كۆتاییان هاتووە. بەڵام پارتی وێڕای هەموو ئاستەنگ و قەیران، كێشە و پیلانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، نەك هەر بەرگەی مانەوەی گرتووە، بەڵكو سەرجەم قۆناغ و ئاستەنگەكانی تێپەڕاندووەو، ڕۆژبەڕۆژ بەهێزتریش دەبێت.
‎هاوكات یەك پارادۆكسی دیكە هەیە، پێویستە بابەتییانە سەرنجی بدەین: زۆرینەی حزب و بزاڤە كوردییەكان لەدوای ئەوەی دابەشبوون و حزبی دیكەیان لێ جیابووەتەوە، ئیتر لاوازبوون و، كۆتاییان هاتووە، بەڵام بەپێچەوانەوە پارتی دوای ئەوەی لە هەندێ قۆناغدا، كەسانێكیشی لێجیابووەتەوە، بەڵام بەهێزتر بووە، تاكە هێزی كوردییە كە ئەو گرووپانەی لێی جیابوونەتەوە، درەنگ یان زوو گەڕاونەتەوە ناو پارتی، چونكە نەك نەبوونەتە بەدیلی پارتی، بگرە هەوڵیانداوە دووبارە ببنەوە پارتی، ئەمەش دیاردەیەكی سەرنجڕاكێشەو پارتی لەهەر حزبێكی دیكەی كوردی جیادەكاتەوە.
‎هەموو ئەم ڕاستییانە پێویستیان بەوەیە، بەوردی و بابەتییانە قسەیان لەبارەوە بكرێت، ئێستاش گونجاوترین كاتە بۆ ئەوەی ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی زانستی و ستراتیژی كوردستان، دوور لەڕق و گرێی دەروونی سەرنجی حەقیقەتی پارتی بدەن.