هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

تەرمی 5 کۆچبەر لە یۆنانەوە گەڕێندرانەوە ھەرێمی کوردستان

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌رمی 5 كۆچبه‌ری كورد كه‌ له‌ ئاوه‌كانی یۆنان خنكابوون، گه‌ڕێنرانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌مشه‌و سێشه‌م ته‌رمی ئه‌و 5 كۆچبه‌ره‌ كورده‌ گه‌ڕێنرانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ ئاوه‌كانی یۆنان به‌هۆی وه‌رگه‌ڕانی یه‌خته‌كه‌یان خنكابوون.

له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ هه‌وڵه‌كانی فه‌ر‌مانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و دوای په‌یوه‌ندیكردن به‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی یۆنان ته‌رمی 9 كۆچبه‌ری كورد له‌نێو خنكاوانی یه‌خته‌كه‌ی یۆنان دۆزرانه‌وه‌ و ڕۆژی شه‌مووی ڕابردووش ته‌رمی 4 له‌ خنكاوه‌كان گه‌ڕێنرابوونه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ خه‌ڵكی پارێزگای سلێمانی بوون.

ئه‌مرۆ سێشه‌میش ته‌رمی 5 هاووڵاتی تر گه‌ڕێنرانه‌وه‌ كه‌ سێیانیان خه‌ڵكی كه‌ركووكن كه‌ پێكهاتوون له‌ منداڵێكی ته‌مه‌ن 9 ساڵان له‌گه‌ڵ دایكی و داپیره‌ی كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی منداڵه‌كه‌یان هه‌وڵی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ و گه‌یشتن به‌ ئه‌وروپایان دابوو.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوە كه‌ دوو ته‌رمه‌كه‌ی تر منداڵن و ته‌مه‌نیان 9 ساڵ و 12 ساڵه‌ و خه‌ڵكی قه‌ڵادزێن.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدرا كه‌ بڕیاره‌‌ هه‌ر ئه‌مشه‌و هه‌رسێ ته‌رمه‌كه‌ی كه‌ركووك ببرێنه‌وه‌ شاره‌كانیان و له‌وێ به‌خاك ده‌سپێردرێن و هه‌روه‌ها دوو ته‌رمه‌كه‌ی تریش به‌ره‌و قه‌ڵادزێ به‌ڕێ بكرێن.