ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی ئاب، بەپێی ڕاگەیێندراوێکی فەرمی کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە، شاندی تەکنیکیی هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی و کۆنووسی ڕێککەوتنەکەش لەلایەن 23 کەسایەتیی شاندی هەردوولاوە واژۆ کراوە، کە 17 کەسیان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکان لە 17ـی تەمووزی ئەمساڵ دەستیان پێ کردووە و لەو ماوەیەدا سەردانی تەواوی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە. دوای هەڵسەنگاندنی کێشە تەکنیکییەکان و ئەنجامدانی گفتوگۆی ورد، لە ڕۆژی 11ـی ئاب، ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە.
ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانە، بە جۆرێک کە دوای گلدانەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆی هەرێم، بڕی بەرهەمهێنراوی دیکە بە مەبەستی هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە کە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردن، تەنیا ماوەتەوە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ حکوومەتی تورکیا گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.

