هاودەنگ فارووق
هەر گەل و نەتەوەیەكی دنیا، ڕۆژێكی جیاوازی هەیە و شانازی پێوە دەكات، بۆ نەتەوەی كوردیش، ڕۆژی شازدەی ئاب، یەكێكە لە ڕۆژە زێڕینەکانی مێژووی پڕ لە شانازی.
لەدایكبوونی سەرۆك بارزانی، ئەو ڕۆژە مەدالیای درەوشاوەی سەرسنگی شازدەی ئابە؛ چونكە، بوونی سەرۆك بارزانی خۆی لە خۆیدا دەستپێکی ڕۆژانی سەركەوتنی كورد و ڕزگاركردنی نەتەوەیەكە لە ئەنفال و لەناوبردن. ئەگەر خەباتی نەتەوەی كورد، وشەکانی مێژوویەك بن، سەرۆك بارزانی خاڵەكانی سەر وشەکانە، بەبێ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی، مومكین نەبوو هیچ كام لە وشەکانی ئەو خەباتە، مانا بەدەستەوە بدەن.
ئاخر شازدەی ئاب، هەر بەوەشەوە ناوەستێت، دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەو ڕۆژەدا، تاجی سەروەرییەكانی كوردە، چونكە لە شازدەی ئابدا، كورد بە نەتەوەكانی دەوروبەر و سەردەستەكانی گوت: ئێمە چۆكمان دانەداوە، ڕاستە ئێوە خاك و مێژووی كوردتان بەپاڵپشتی زلهێزەكان داگیر كردووە، بەڵام كورد ملكەچی ئەو واقیعە نەبووەو نابێت، داگیركردنی كوردستانیش، پیاسەی ناو باخەکانی بەهەشت نییە، بەڵكوو ئەشکەنجەی نەبڕاوەی دۆزەخە.
لەدایكبوونی پارتی، بۆ ژینگەی ئەو كاتەی كوردستان وەك زەرورەتێكی حەیاتی و مێژوویی زۆر گرنگ بوو، چونكێ كۆمەڵگەی كوردستان لێوانلێو بوو لە هەژاری و نەخوێندەواری و دەردی كۆمەڵایەتی و دابڕانی كۆمەڵگەی كورد لە شارستانیەتی هاوچەرخ و لێكترازانی نەتەوەیی.
كەچی هیچ كام لەو دەردە گەورە و كاریگەرانە، نەبوونە هۆی ساردكردنەوەی بارزانیی نەمر لە هەڵگیرساندنی شۆڕشێك كە دواتر پەنجەی پەشیمانی بەداگیركەرانی كوردستان گەست.
ئەگەر گرەوی داگیركەران لەسەر ئەوە بووبێت كە كۆمەڵگەی كوردی ناتوانێت هەستێتەوە و ئاستی هۆشیاریی كورد ناگاتە ئەوەی شۆڕش بەرپا بكات، بەڵام بارزانیی نەمر، لە ڕۆژی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ دا، بەئیرادەیەكی بەرزەوە، ئەوەی بەهەموو جیهان گوت: نەتەوەی كورد، وێڕای برینە قووڵەكانی، نەك دەتوانێت شۆڕش بكات، بەڵكو دەتوانێت شۆڕشێكی خاوەن ڕوئیا و ستراتیژو هەروا حزبێكی تۆكمە و دیموكراتی و خاوەن بڕیاری خۆی بۆ پێشڕەوایەتی شۆڕش بهێنێتە كایەوە، كە دواتر، گرەو لەهەموو داگیركەرەكانی كوردستان بباتەوە.
ڕۆژی شازدەی ئاب، سەروەری بێڕکابەری ڕۆژەكانی ساڵە، چونكە ئیستێكی قوڵی بەداگیركەرانی كوردستان كرد، ئەوان كە پێیانوابوو نەتەوەیەكی مەزڵوومی بێ پشتوپەنا ناتوانێت بەرەنگاری داگیركاری ببێتەوە، بەڵام نەتەوەی كورد بە دامەزراندنی پارتی و بەرپاكردنی شۆڕش، پێی گوتن: ئێوە پاشەوپاش لە ڕەوتی مێژوو تێگەیشتوون، پێشكەوتن و دواكەوتنیش لە عەدالەت و هەقانیەتی قەزیەی میللەتێك دایە، نەك ئەوەی كام لایەن چەكی زیاترە و توانای ئابووریی بەهێزترە. بۆیە لەئەنجامیشدا، پارتی و بارزانی، سازشی سەدەیان بەداگیركەران كرد و، ناچاریان كردن، ددان بەمافەكانی گەلی كورددا بنێن.

