رۆژنامەی ھەولێر

عێراق لە لێواری تەقینەوەدایە

عەمەر ئەرگوشی
لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا، بەڕێز هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی، گوتی عێراق لە لێواری تەقینەوەدایە و ڕەنگە ڕووبەڕووبوونەوەکان لە ئەیلوول دەست پێبکەن.
کاک هۆشیار زێباری وەک کەسایەتییەکی دیاری کوردستان کە ڕوڵ و پێگەیەکی گەورەی هەیە لە ناو بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد و شارەزا و پسپۆڕێکی بەتوانای نێودەوڵەتییە لە بواری یاسای نێودەوڵەتی، کە هەمیشە ڕا و بۆچوونەکانی بەهەند وەردەگیرێن و دەکرێت لەبەر ڕۆشناییی وتەکانیش ئامادەکاری بکرێت بۆ داهاتووی عێراق و ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەی کە عێراق چاوەڕوانی دەکات.
ئەو عێراقەی کە بناخەکەی وەک دیواری سەربەفرە، هەمیشە دەبێت چاوەڕوانی ئەوەی لێبکرێت کە لە لێواری ڕووخاندابێت، لە لێکترازان و لێکدابڕان و پەرەسەندنی دووبەرەکی و فیتنەی تایفی و شەڕی نێوان پێکهاتەکان زیاتر هیچیترمان نەبینی. ئەوانەی خەم لە عێراق دەخۆن و دەیانەوێت عێراقێک دابمەزرێنن کە ئاسایش و دیموکراسییەت و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەرجەستەبێت کەمن و ئەوانەی دەیانەوێت لەسەر حسابی عێراقییەکان دەستیان بە کورسی دەسەڵات بگات و لەسەر حسابی گەلانی عێراق دەوڵەمەند ببن و خەمی پێشکەوتنی عێراقیان نەبێت گەلێک زۆرن. هەموو جیهانی ئازاد و دیموکرات چاویان لەسەر عێراقە و هاوکارییان دەکەن پەرە بە دیموکراسییەت بدەن و گرنگی بە خواستە خزمەتگوزارییەکانی عێراقییەکان بدرێت، یەکڕیزی و ئاشتی و برایەتی بەهێز بکرێت، بەڵام بەداخەوە ئەم عێراقە لەسەر دەستی دەسەڵاتدارەکانی بووەتە جێگای گلەیی و تووڕەیی خەڵکی عێراق و لە زۆربەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشن. سەرەڕای دەوڵەمەندی عێراق لە سەرچاوە نەوتی و گازییەکان، عێراقییەکان هێشتا لە دەردی بێ کارەباییدا دەناڵێنن و لەم ڕۆژانەی دواییدا گوایە عێراقییەکان لە تاریکیدا شەو بەڕێ دەکەن، ڕاستیشە ئەگەر بڵێین عێراق لەسەر ئاستی جیهان بە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان لە قەڵەم دەدرێت و هیچکام لە خواستە ڕەواکانی کۆمەڵگەی مەدەنی جێبەجێ نەکردووە.
ئەوەی کاک هۆشیار باسی دەکات لەگەڵ مەنتیق و ڕاستی تێکەڵە، دیارە چاک ئاگاداری دۆخەکەیە، بۆیە حەقە عێراقییەکان لەبری ئەوەی کێشەی نارەوا بۆ کورد دروست بکەن، با بە خۆیاندا بچنەوە و بەرەی ناوخۆی عێراق بەهێز بکەن و خەریکی ئاشتی گشتی ناوخۆ بن بەر لەوەی کار لە کار بترازێت و گووزە پڕ یان بەتاڵەکەیان سەرەوژێر نەبێت و عێراق لە کارەسات و ماڵوێرانی و ڕووخاندن ڕزگار بکرێت. هەموو دەزانین بارودۆخی عێراق شڵەژاوە، ئەگەر خودانەکردە پروسکە ئاگرێک بە عێراق بکەوێت زەوییەکە بۆ سووتان و گڕگرتن ئامادەیە و بە دەنکە شخارتەیەک ئاگرەکە دەیگرێت بە هەموو عێراقییەکان و جیهان نەکوژێتەوە. گەلی کوردستان هەمیشە خێری بۆ عێراق ویستووە، کاتێک کە دەسەڵاتدارانی عێراق ئامۆژگارییەکانی کورد بەهەند وەرنەگرن و ڕوڵی کەسایەتییە کوردەکانی وەک هۆشیار زێباری بەپیرۆز نەزانن و ئامادە نەبن ئامۆژگارییەکانیان بەهەند وەربگرن، کورد هەر ئەوەندەی پێدەکرێت ڕووی خۆیان لە ئاسمان بکەن و دوعای خێر بۆ عێراق و عێراقییەکان بکەن لەم بەڵایەی چاوەڕوانی عێراقییەکان دەکات سەلامەت لێی دەربچن.