مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
فێرناندێز: ئاستی یونتاید لاوازە و پێویستمان بە گرێبەستی نوێیە
بڕۆنۆ فێرناندێز، كاپتن و سەركردەی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، هێرشێكی توندی كردە سەر هاوڕێكانی، دوای یەكسانبوونی یاریی دۆستانەیان لەگەڵ یانەی ئێڤەرتۆن 2-2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان.
ئێستە یانەی مانچستەر یونایتد بە گەڕانێك لە ئەمریكایە وەكوو ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێ، سەركەوتنیشیان بەدەست هێنا بەرانبەر وێست هام پۆرنمۆس، بەڵام لەگەڵ ئێڤەرتۆن یەكسان بوون.
بڕۆنۆ فێرناندێز بە تۆڕی (ئێن بی سی سپۆرت)ی ڕاگەیاندووە: نەماندەویست بەم شیوازە كۆتایی بە گەڕانەكەمان بهێنین، ئاستمان لاواز بوو، دەمانەوێ لەو ئاستە خراپە دوور كەوینەوە، چونكە ڕازیبوون لەو ئاستە، باجی زۆری دەوێ و زۆرمان لەسەر دەكەوێ.
مان یونایتد، وەزری ڕابردووی بە خراپترین شێوە كۆتایی پێ هێنا، كاتێك خانەی 15ی خولی نایابی تۆپی پێی ئینگلتەرای گرت.
مان یوو، كۆشا كە لە بازاڕی گواستنەوەدا، چەند یاریزانێك بباتە ریزەكانی و هەریەك لە ماتیۆس و كۆنیا و برایان و مبیۆمۆی بردە ریزەكانیەوە، كە لە یارییەكەشیان بەرانبەر ئێڤەرتۆن بە شێوەی سەرەكی یارییان كرد، بەڵام هەر نەیانبردەوە.
فێرناندێز دەڵێ: ڕەوشەكە باش دەبێ، بەڵام ئێمە ئێستە لەو شوێنە نین كە پێویستە تێیدا بین، نامەوێ سەرزەشنتی ئەوە بكەم كە یەكشەممە رووی دا، یانەكە هەموو ئەو هەوڵەی دا بەپێی توانا داراییەكەی دەدات.
دەشڵی: بەڵام روونە كە پێویستمان بە گرێبەستی نوێیە بۆ ئەوەی بتوانین ئاستی ڕكەبەریمان بەرز بكەینەوە. پێویستمان بە یاریزانێك، یان دوانی دیكەیە، بۆ ئەوەی بتوانین ئاستی باشتر پێشكەش بكەین.
ئەم لێدوانەی فێرناندێز لە كاتێكدا دێت، چەند ڕۆژێك پێش ئێستە باس لەوە دەكرا، فێرناندێز ئەگەری هەیە بچێتە خولی سعوودیە، بەڵام رۆژنامەنووسی ناسراو و جێمتمانە، فابریزیۆ رۆمانۆ، لە هەژماری خۆی لە ئێكس، ڕایگەیاندووە: ئێستە هیچ دانوستانێك لە نێوان ئەو یاریزانە و یانە سعوودییەكە بۆ گواستنەوەی بۆ خولی سعوودیە نییە.
برۆنۆی تەمەن 29 ساڵان، پێشتر باسی دەكرا، بەوەی ئەگەر هەیە بچێتە خولی سعوودیە، بەڵام سەرچاوە نزیكەكانی ڕایانگەیاند، كە بە تەواوی پابەندی پڕۆژەی یانەی مانچستەر یونایتدە، بە تایبەت لەژێر سەرپەرشتیی راهێنەری نوێ ڕۆبن ئەمۆریم.
پلانێك دانرا بۆ هێشتنەوەی یاریزانی لاوی بەرشلۆنە (هیكتۆر فۆرت) دانرا
یانەی بەرشلۆنە، پلانێكی نوێ دادەنێ، بۆ ئەوەی داهاتووی یاریزانی لاو هیكتۆر فۆرت مسۆگەر بكا، كە بە شێوەی سەرەكی لەژێر سەرپەرشتیی هانز فلیكی راهێنەردا یاری ناكات.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بڵاوی كردەوە كە یانەی بەرشلۆنە و بەڕێوەبەر وەرزشییەكەی (دیكۆ) دەیانەوێ یاریزانە لاوەكانیان هەفتانە بەپێی گونجان و توانا بەشداریی یارییەكانی بەرشلۆنە بكەن.
بەڵام بەرشلۆنە ناتوانێ ئەوە لەگەڵ فۆرت جێبەجێ بكا، بەهۆی زۆر بەشدارینەكردنی لە یارییەكانی وەرزی ڕابردوو، چاوەڕوانیش دەكرێ هەمان دۆخ بۆ ئەم وەرزە نوێیەی لەڕێگەیە، بەردەوام بێت.
بەپێی ئەو بەرنامە و بیرۆكەیەی بەرشلۆنە بۆ یاریزانە 19 ساڵانەكەی هەیەتی، كە بڕوای زۆری بە تواناكانی هەیە بەوەی بتوانێ لە داهاتوودا یاری بكا، یانەكە پلانی ئەوەی داناوە بە شێوەی خواستن دەستبەرداری بێ، بۆ ئەوەی بەهرەكەی قەتیس نەكرێ و متمانەی زیاتر بەدەست بهێنێ و دواتر بگەڕێتەوە بەرشلۆنە.
بەرپرسانی یانەی بەرشلۆنە، دەیانەوێ چاودێری فۆرت بكەن لە ماوەی خواستنە ئەگەرییەكەیدا، بۆ ئەوەی ڕاددەی پێشكەوتنی ئاستی ئەو یاریزانە بزانێ، بۆیە لە هەر بەشدارییەكی هەفتانەیدا چاودێریی دەكا، بە تایبەت كە نایەوێ لە تیپی دووەمی یانەكە بەشدار بێت.
یانەی بەرشلۆنە، دەیەوێ سیناریۆی هەریەك لە یاریزانان (باو ڤیكتۆر، ئەنسۆ فاتی، پابلۆ تۆری و ئینیاكی بینیا، لەگەڵ ئەو یاریزانەدا دووبارە بكاتەوە، لەبری ئەوەی بە شێوەی كۆتایی و یەكجاری دەستبەرداری بێ، كە ئەوەش واتەی لەدەستدانی یەكێك لە بەهرەوەرەكانی یانەكە.

