رۆژنامەی ھەولێر

یانەی زاخۆ بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق و خولی یانەکانی کەنداو، گرێبەستی لەگەڵ چەند یاریزانێکدا نوێ کردەوە

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

 

دوای ئەوەی یانەی زاخۆ بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقی بەدەستهێنا لە ئێستادا یانەکە سەرقاڵی نوێکردنەوە و واژۆ کردنی گرێبەستی چەند یاریزانێکە و خۆی بۆ خولی یانەکانی کەنداو ئامادە دەکات، لەلایەکی تر هەریەک لە یاریزانان ئەمیر ئیسماعیل و رەوان محەمەد و بێوار فەریق بۆ ئەم وەرزە لە خولی نایابی عێڕاق یاری بۆ گازی باکوورد دەکەن و واژۆیان لەسەر گرێبەستەکەیان کرد.

زاخۆ گرێبەستی لەگەڵ یاریزانێکی مینا واژۆ کرد
بەفەرمی حەمید عەلی یاریزانی پێشووی یانەی مینا پەیوەندی کرد بە یانەی زاخۆوە، پەرەی فەرمی زاخۆ دەربارەی هاتنی یاریزانەکەی مینا نووسیویەتی: لەشاری خورماوە بۆ شاری خابوور، پێش هاتنی حەمید عەلی، ئۆرینۆی بەرازیلی و شێرکۆ کەریم دوو گرێبەستی تری درێس سوورەکانی زاخۆبوون و لەگەڵ ئەو یانەیە گرێبەستیان واژۆ کردبوو، جگە لەوەی یانەکە گرێبەستی چەند یاریزانێکی وەرزی ڕابردووی نوێ کردۆتەوە، کە ئەوانیش عەلی کازمی گۆڵپارێز و هەریەک لە یاریزانان ناسر محەمەدۆی یاریزانی یەمەنی و محەمەد عەلی عەبوودی یاریزانی ناوەڕاست بوون.
زاخۆ دوای بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەم وەرزە بەشداری خولی یانەکانی کەنداو دەکات، بڕیاریش وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوو بەرپرسانی فیدراسیۆنەکە، بەمەبەستی بینینی یاریگەی زاخۆ سەردانی ئەو شارە بکەن.
یانەی گازی باکوور گرێبەستی چوار یاریزانی راگەیاند
بە فەرمی یانەی گازی باکوور گرێبەستی چوار یاریزانی نوێی بۆ وەرزی داهاتووی خولی نایابی عێراق راگەیاند، راگەیاندنی یانەی گازی باکوور بڵاویکردەوە” له‌چوارچێوه‌ى ئاماده‌كارییه‌كانى تیپى تۆپى پێى یانه‌كه‌مان بۆ ركابه‌رییه‌كانى وه‌رزى نوێـى خولى نایابى تۆپى پێى عێراق، ده‌سته‌ى كارگێرى یانه‌كه‌مان گرێبه‌ستى چوار یاریزانى نوێی بۆ تیپى تۆپى پێمان راده‌گه‌یه‌نێت.”
گرێبەستە نوێیەکانی یانەکەی شاری کەرکوک پێکهاتوون لە هەریەک لە سەیف جەمیلی گۆڵپارێز و ئەمیر ئیسماعیلی بەرگریکار کە ئەم دوو یاریزانە وەرزی رابردوو لە یانەی موسڵ یارییان دەکرد، رەوان محەمەد و بێوار فەریق دوو یاریزانەکەی تری یانەی گازی باکوورن کە ئەوەی یەکەمیان لە بەرگری چەپ یاری دەکات و وەرزی رابردوو لە یانەی ناسریە بوو هەرچی بێوار فەریقیشە یاریزانی هێڵی ناوەراستە و زیاتر لە چوار ساڵە لە خولی نایابی کوردستان یاریی بۆ دهۆک دەکات.

ئیبراهیم غازی پەیوەندیی بە یانەی نەفتی بەغداوە کرد
ئیبراهیم غازی هێرشبەری پێشووی یانەی دهۆک بە ستۆریەک ماڵئاوای لە یانەکەی کرد و پەیوەندی بە یانەی نەفتەوە کرد.
ئیبراهیم له پێگەی فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی ئنستاگرام نوسیویەتی “دهۆک بۆ من ناخۆشە کە دەڵێم ماڵئاوا” بەڵام ئیتر تۆپی پێ ئاوایە، هیوای بەختێکی باش بۆ تۆ دهۆک
ئیبراهیم غازی لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی وەرزی رابردوودا بە گرێبەستێک لە یانەی زەوڕاوە ڕووی لە یانەی دهۆک کردوو لەگەڵ ئەو یانەیە بووە پاڵەوانی جامی کەنداو و جامی عێراق، پێشووتریش لە وەرزی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ لەگەڵ یانەی حدوود ئاستێکی بەرزی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکەش کرد و بە تۆمارکردنی ١٨ گۆڵ سێیەم گۆڵکاری خولەکە بوو، لەسەر داواکاری عادل نعێمەی ڕاهێنەری نەفت کە پێشتر لە یانەی حدوویش ڕاهێنەری ئەو هێرشبەرە کوردە بووە یاریزانە ڕووی لە یانەکەی شاری بەغدا کرد.

چارەنووسی سەمیر بابۆ بە نادیاری ماوەتەوە
دوای دەستبەکاربوونی دەستەی نوێی کارگێڕی یانەی هەولێر، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دووجار لەگەڵ ڕاهێنەر سەمیر بابۆ گفتووگۆیان کردووە، بەمەبەستی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و مانەوەی لە یانەکە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا هەردولا نەگەیشتونەتە ڕێکەوتن و لە چەند ڕۆژی داهاتوو چارەنووسی ئەو ڕاهێنەرە لەگەڵ قەڵای زەرد یەکلای دەبێتەوە.