سلێمان تاشان – ههولێر
ماوەی چەند ساڵێکە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە ئاستی عێراقدا جۆرێک پاشەکشەیان کردووە و ژمارەیەک کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمەریکی لە عێراق کشاونەتەوە وسەرنجی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان زیاتر لەسەر کوردستان بووە، هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە کۆمپانیا چینییەکان هاتوونەتە گۆرەپانەکە و بە ملیاران دۆلار وەبەرهێنانیان لە بواری نەوتدا کردووە.
تا چەند ساڵ لەمەوبەر وەزارەتی نەوتی عێراق حەزی نەدەکرد هەژموونی کۆمپانیا چینییەکان بەسەر بازارەکانی وزەی عێراقدا زیاد بکات بەڵام ماوەیەکە گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانیدا کردووە و پێشوازی لە کۆمپانیا چینییەکان دەکات. کۆمپانیاکانی چین کە لە عێراق دەستیان بە وەبەرهێنان کردووە ئامانجیان ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پێنجسەد هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکەنەوە.
ئەو کۆمپانیا چینییانە بە پێچەوانەی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا زۆر گەورە نین و کۆمپانیای بچووک و مامناوەندین بەڵام لە لایەن بەرپرسانی کۆمپانیا گەورەکانی حکوومەتی چین ئیدارە دەکرێن و ئامانجیانە بە خەرجییەکی نزمتر و بە وەبەرهێنانێکی کەمتر قازانجێکی زۆر بکەن و زیاتر ڕویان لەو پڕۆژە و کێڵگانەی عێراق کردووە کە لە لایەن کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان کەمتر پێشوازی کراون یان ئامادە نەبوون وەبەرهێنانیان تێدا بکەن.
ساڵی ڕابردوو نیوەی هەموو ئەو مۆڵەتانەی لە عێراق بۆ مەبەستی گەڕان و دۆزینەوەی نەوت بە کۆمپانیاکان دراون بۆ چەند کۆمپانیایەکی چینی بووە و دەکرێ ئاماژە بە کۆمپانیاکانی یۆنایتد ئینرجی، ژێئۆ پێترۆلیۆم و ژان مێن پێترۆلیۆم بکەین.
عێراق بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمپانیاکان ساڵی ڕابردوو گۆڕانکاری لە گرێبەستەکاندا کرد و لە جۆری کرێ و تێچووی دیاریکراو بۆ جۆری وەرگرتنی پشک لە قازانج و جۆرێک گرێبەستی هاوبەش گۆڕی و بەمە توانی سەرنجی ژمارەی زیاتری کۆمپانیا چینییەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و ئەمەش بە تایبەتی دوای ئەوە ڕوویدا کە هەر دوو کۆمپانیای ئەمەریکیی شێل و ئێکسۆن مۆبیل لە عێراق کشانەوە.
زیرەکیی ئەو کۆمپانیا چینییانە لەوەدایە بە هێزی کار و ئامێری هەرزانبەها توانیویانە خەرجییەکانیان کەم بکەنەوە و ئامادەیی ئەوەشیان دەربڕیوە بە قازانجێکی کەمتر لەو قازانجەی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان داوای دەکەن گرێبەستی درێژخایەنتر لەگەڵ عێراقدا واژۆ بکەن.
بەگوێرەی یۆرۆنیوز بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی بەسڕا گوتوویەتی کارکردن لەگەڵ چینییەکان بەراورد بە کارکردن لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان زۆر ئاسانتر و خۆشترە و چینییەکان ئامادەن تەنانەت لەو شوێنانە وەبەرهێنان بکەن کە لە ڕووی دۆخی ئەمنییەوە مەترسیدارن و جگە لەمە پلانی ڕێکوپێکیان لە تەواوکردنی پڕۆژەکان لە کاتی خۆیدا هەیە.
بۆ نموونە کۆمپانیایەکی چینی دەتوانێت لە ماوەی دوو تا سێ ساڵ کێڵگەیەکی نەوتی عێراق پەرە پێ بدات بەڵام هەمان ئەو هەنگاوە بۆ ڕۆژئاواییەکان پێنج تا دە ساڵ دەخایەنێت.
لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا کۆنسێرسیۆمێک بە سەرۆکایەتیی گرووپی ژێئۆ ژیدی چینی بڕیاری دا لە پڕۆژەی باشووری بەسرەدا وەبەرهێنان بکات و یەکێک لەو پڕۆژانەش بریتییە لە پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتیی تووبا کە بەتەمایە بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە بۆ سەد هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە و جگە لەمە لەگەڵ عێراقدا ڕێککەوتووە پاڵاوگەیەک بنیات بنێت کە توانای پاڵاوتنی دووسەد هەزار بەرمیل نەوتی هەبێت.
ئەو کێڵگەیەی کۆمپانیا چینییەکە وەبەرهێنانی تێدا کردووە پێشتر بە تەواوی داخرابوو و کۆمپانیاکە نزیکەی هەشتسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی تێدا کردووە و بەڵێنی داوە تا ساڵی ٢٠٢٧ بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیە بگەیەنێتە چل هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە لایەکی ترەوە ژونگمان پێترۆلیۆم کۆمپانیایەکی تری چینی لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ڕای گەیاند بە بەهای چوارسەد و هەشتا و یەک ملیۆن دۆلار لە هەر دوو کێڵگەی فوراتی ناوەڕاست و باکووری بەغدا وەبەرهێنان دەکات.
هەرچەندە کاری چینییەکان خێرایە بەڵام بەشێک لە بەرپرسان و چاودێرانی ئابووریی عێراق ئەو گومانەیان هەیە چینییەکان لە ڕووی شەفافیەت و کوالێتی نەگەنە ئاستی کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا و جگە لەمە ئەو کۆمپانیایانە بە تەواوی پشت بە کرێکارانی چینی دەبەستن و کرێکارە عێراقییەکان تەنیا لە هەندێک بەشی کەم داهات ڕۆڵیان پێ دەسپێردرێت.
جێی باسە ئەو شەپۆلی هاتنی کۆمپانیا چینییەکان بۆ عێراق ڕۆژئاواییەکانی نیگەران کردووە و هەر بۆیە ئەوانیش خەریکە دەگەڕێنەوە عێراق، تۆتاڵ لە ساڵی ٢٠٢٣ پڕۆژەیەکی بە بەهای بیست و حەوت ملیار دۆلار ڕاگەیاند و بریتیش پێترۆلیۆمیش دەخوازێت تا بەهای بیست و پێنج ملیار دۆلار لە چوار کێڵگەی نەوتیی کەرکووک وەبەرهێنان بکات.

