بارزان ئەکرەم – هەولێر
خولی ئەستێرەكانی عێراق، جیاواز لە وەرزەکانی پێشووی خولەكە، ئەم وەرزە جگە لە گواستنەوەی یاریزانان، بازاڕی راهێنەرانیش گەرمە.
بەشێك لە یانەکانی بەشداربوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی داهاتوو گۆڕانکاریی تەکنیکییان کردووە و گرێبەستیان لەگەڵ راهێنەری نوێ کردووە، بەشێكی دیکەیان تا ئێستا راهێنەری نوێیان دەستنیشان نەکردووە و بە نیازی راهێنەری نوێن.
یانەی هەولێر دەستەی کارگێڕی نوێی دەستنیشان کردووە، بۆیە ئێستا دەیانەوێت راهێنەری نوێ بۆ تیپەکە دیاری بکەن، یەکەم هەنگاویان قسەکردنە لەگەڵ راهێنەر سەمیر بابۆ، کە وەرزی رابردووش راهێنەرایەتیی تیپەکەی کرد، دەنگۆی ئەوە هەیە کە سەمیر وەرزی دهاتووش لە یانەی هەولێر بمێنێتەوە
یانەی نەورۆز، بۆ راهێنەرایەتیی یانەکەی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، متمانەی بە یاسین ئاراس بەخشی.
یاسین تەمەنی 31 ساڵە و خەڵکی باکووری کوردستانە و لە سوید لە دایكبووە، پێشتر لە یانەکانی داڵکورد، مالمۆ و ئاریانای سوویدی راهێنەرایەتی کردووە.
یانەی تەڵەبە بۆ رێکخستنەوەی یانەکەی لە وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق، گرێبەستی لەگەڵ تەلال بلووشی قەتەری واژۆ کرد، تەڵاڵ دەیەوێت ئەمجەد عەتوان وەک یەکەم یاریزان و یەکەم داواکاری بگوازێتەوە ریزەکانی.
بلووشی تەمەنی 39 ساڵە و وەرزی رابردوو تا قۆناغەکانی کۆتایی خولی عێراقی، راهێنەری یانەی زاخۆ بوو.
یانەی قوە جەویە هەر زوو دەرفەتەکەی قۆستەوە و دوای چەند هەفتەیەك لە وازهێنانی رەشید جابری عومانی لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، گرێبەستی لەگەڵ ئەو پیاوە بە ئەزموونە واژۆ کرد.
رەشید تەمەنی 61 ساڵە و پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی سویق، زەفار، مەسقەت، سەیب و وەحداتی ئوردنی کردووە.
یانەی زەورا بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ سەکۆی نازناوەکان، بۆ وەرزی داهاتوو متمانەی بە عەبدولغەنی شەهد بەخشی.
راهێنەرەکە وەرزی رابردوو توانی یانەی زاخۆ بگەیەنێتە یاریی کۆتایی جامی عێراق و پلەی سێیەمی لە خولی ئەستێرەکان بۆ یانەکەی دەلال مسۆگەر کرد.
شەهد تەمەنی 57 ساڵە و پێش زاخۆ راهێنەرایەتیی یانەکانی شورتە، تەڵەبە، نەجەف، نەفتی ناوەڕاست و کەربەلای کردووە و ماوەیەك راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقی کردووە، لەسەر داواکاری غەنی شەهد، ئاکام هاشمی بەرگریکاری یاریزانی پێشووی یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر و هەولێر و شوڕتەی گواستەوە ریزەکانی.
یانەی نەفتی میسان بۆ وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق عەبدوڵڵا ئەبو زەمەعی ئوردنی کرد بە راهێنەری یانەکەی.
ئەبو زەمەع تەمەنی 49 ساڵە و پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەی ئوردن و یانەکانی وەحدات، کوێتی کوێتی و ئیتیحاد کەلبای ئیماراتی بووە.
یانەی نەجەف لە ئەزموونێکی نوێ محەمەد عەبدولعەزیزی میسری بۆ راهێنەرایەتی یانەکەی گواستەوە.
عەزیمە تەمەنی 57 ساڵە و پێشتر راهێنەرایەتی یانەی شورتەی کردووە دوای وازهێنانی موئمین سلێمان لە یانەکەی، ئەم وەرزە لە نەجەف درێژە بە کارەکەی دەدات.
یانەی دهۆك لەگەڵ حوسام بەدری راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی میسر لە رێککەوتن نزیک بووبوونەوە، بەڵام لە دواساتەکان گرفت بۆ هێنانی ئەو ڕاهێنەرە دروست بوو، ئێستا دهۆک هەوڵ دەدا، سزاکەی سەر مەسعود میڕاڵ هەڵبگرێت و بیگەڕێنتەوە یانەکە، بۆ ئەم کارەش چاوەڕێی وەڵامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی دەکات.
یانەی زاخۆ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئالێن هۆرڤاتی کرواتی دەستی بە گفتوگۆ کردووە و دەیەوێت بیکات بە راهێنەری یانەکەی.
هۆرڤات پێشتر راهێنەرایەتی چەند یانەیەکی جیاوازی کردووە، کە دیارترینیان نەسری سعوودییە.
چەند یانەیەکی دیکەی خولی عێراق دەیانەوێت گرێبەستی راهێنەری یانەکانیان نوێ بکەنەوە و بەشێکی دیکەیان چاویان لە هێنانی راهێنەری بیانییە بۆ یانەکانیان.

