رۆژنامەی ھەولێر

دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی هەولێر دەستبەکار بوون و سەرۆکی یانەكەش دەستنیشان كرا

بارزان ئەکرەم – هەولێر

 

دوای نزیکەی 17 رۆژ، دواجار دەستەیەکی کارگێڕی بۆ یانەی هەولێر دیاری کرا، بەرپرسانی شاری هەولێر بە پەرۆشەوە چەند رۆژێکە لەسەر هێڵن تا کێشەکانی یانەی هەولێر چارەسەر بکەن، پێشووتریش حکوومەت بەردەوام پاڵپشتی ماددی و مەعنەویی یانەکەی کردووە، سەرۆک وەزیران هەمووکات لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی یانەی هەولێری کردووە، هەرکاتێک پێویستیان بە هاوکاری سەرۆکوەزیران هەبووبێت، هاوكاریی یانەكەی هەولێر كردووە، ئەم وەرزەش ئامادەیی خۆی نیشان داوە بەهەموو شێوەیەک هاوکاری یانەکەی هەولێر و یانەکانی دیکەی کوردستان بکات.

رۆژی شەممەی رابردوو، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ناسنامەی سەرۆكی داهاتووی یانەی هەولێری ئاشكرا كرد و ئەندامێكی دیكەیان بۆ دەستەی كارگێری یانەی هەولێر زیاد كرد و رایگەیاند بە پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەولێر دەگەڕێنینەوە لوتكە.
رۆژی شەممە، 2 ئابی 2025، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند پارێزەر سەفین یاسین دەبێتە سەرۆكی یانەی هەولێر و لەگەڵ ئەو ستافە كار دەكەن بۆ ئەوەی ئەنجامەكانی یانەی هەولێر باشتر بكەن.
سەفین یاسین، پێشووتریش پاڵپشتییەکی باشی هەولێری کردووە و چەند جارێک لە رووی داراییەوە هاوکاریی یانەی هەولێری کردووە، تەنانەت لە یاریی کۆتایی جامی عێراق بە 20 ملیۆن دیناری عێراقی هاندەرانی هەولێری لە رێگای پاسەوە بۆ بەغدا گواستەوە.
پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە رایگەیاند، هەر كەسێك گرفتێك بۆ یانەی هەولێر دروست بكات لەڕووی یاسایی و ئیدارییەوە رووبەڕووی دەبینەوە، دەبێت لە داهاتوو بە یەكدەستی و یەكگرتوویی یانەكە بەرەو باشتر ببەین و كەسێكیش وەكو وتەبێژێك دادەنێین تەنیا ئەو بۆی هەیە قسە بكات.
ئومێد خۆشناو وتیشی: لە ئەمڕۆوە دەرگای یانەی هەولێر دەكرێتەوە و دەستەیەكی هونەری بۆ ئامادەكردنی تیپ و كڕینی یاریزانان پێك دێت و لێژنەیەكیش بۆ ئەو قەرزانەی یانەی هەولێر دروست دەكرێت.
لە لایەكی دیكەیشەوە، سەفین یاسین سەرۆكی نوێی یانەی هەولێر رایگەیاند دڵخۆشە بە وەرگرتنی ئەو ئەركە، گوتیشی: ئەگەر پشتگیرمان بكەن دەتوانین بەیەكەوە لەگەڵ ئەم ستافە یانەكە بەرەو باشتر ببەین.
یەكەمین كۆبوونەوەی دەستەی كارگێری نوێی یانەی هەولێر ئەنجام درا و هیشام بەكر بۆ دەستەكە زیاد كرا كە یەكێك بوو لە بەربژێرەكان و دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنابوو بۆ ئەوەی لە قۆناغی یەكەم وەكو ئەندام دەستەی كارگێری یانەی هەولێر هەڵبژێردرێت.