رۆژنامەی ھەولێر

حەمید عوسمان: دوو گۆرانی هونەرمەندی گەورە زیاد ئەسعەد دەڵێمەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەندی گۆرانیبێژی لاو (حەمید عوسمان) ڕایدەگەینێت دەمێکە دوو ئەلبومی گۆرانیم ئامادەیە بەڵام قسمەتی بڵاو کردنەوەی نادیارە!، هۆکارەکەشی بۆ بارودۆخی ناجێگیری کارە هونەریەکانم دەگەرێتەوە، لە ئەلبومەکەمدا لە دوو گۆرانی ئاواز و تێکستی هونەرمەندی گەورە (زیاد ئەسعەد) ئامادەم کردووە.

هونەرمەند حەمید عوسمان، لە لێدوانێکی دا بۆ خوێنەرانی (هەولێر) رایگەیاند، ئێستا دوو ئەلبومی ئامادەیە یەكێكیان نوێكردنەوەی چەند بەرهەمێكی هونەرمەندی گەورە و كۆچكردووی كورد (حەمەجەزایە) ئەلبومەکەی دیکەم گۆرانی تازەن
حەمید عوسمانی هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە بارەی بەژداری کردنی لە ئاهەنگەکانی شەوانە کە پێی دەڵێن (لایڤ میوزیک) دەڵێت : بەڵێ بەژداری کردنم هەیە، بەڵام بەو شێوازەی خۆم دەمەوێت، بە تایبەتی لە رووی گروپی میوزیک و هەرەوەها جەماوەری ئامادەبوو، چونکە لایڤ میوزیک زۆرە لەگەڵ ڕێزم، بەڵام بۆ هەموو شوێنێک باش و گونجاو نیە، چونکە زۆر گرنگە کاتێک هونەرمەند گۆرانی دەڵێت گوێی بۆ بگیرێت و، جەماوەر چێژ ببینن لە گۆرانیەکان
لەبارەی دەنگ گۆی بەژداری کردنی وەک ئەکتەر لە کارێکی درامی حەمید روونی دەکاتەوەو دەڵێت : بۆ مانگی رەمەزانی ساڵی داهاتوو پێموتراوە بۆ رۆڵ بینین، بەڵام هێشتا بڕیارم نەداوە، بۆ دراما و كورتە فیلمیش پێیان وتوم، بەڵام هێشتا خۆم یەكلایی نەكردۆتەوە، چونکە پێم وایە نواندن کارێکی هێندە ئاسان نیە ڕاست ئێمە گۆرانیبێژین و ڤیدیۆ کلیپمان هەیەو لەسەر شانۆ گۆرانی دەڵێین بەڵام نواندن لە دراما و سینەما سەختە هەموو گۆرانیبێژێک ناتوانێ ئەم کارە بکات!.
لە کۆتایی دا لەبارەی مانەوەی لە کوردستان و ژیانی هەندەران کامیانی هەڵبژاردووە هونەرمەند حەمید عوسمان دەڵێت : دەتوانم بڵێم کردوومە بە دوو بەشەوە، چونکە ژیانی هەندەرانم بە هۆی خێزان و ماڵ و مناڵ گرنگی خۆی هەیە، لە هەمان کاتدا کوردستانیش شیرینەو پێویستە بۆیە دەکرێ بڵێم ئێستاکە ژیانم بووە بە دوو بەشەوە!