رۆژنامەی ھەولێر

دوو پزیشکی کورد لە بەناوبانگرترین کۆلێژی پزیشکیی جیهان بروانامە بەدەست دەهێنن

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

 

دوو پزیشکی کورد بڕوانامەی پزیشکی لە زانکۆی شاهانەی بەریتانیا بەدەست دەهێنن.
دکتۆر کامەران حەسەن محەمەد و دکتۆر کاروان هەمزە حەمەعەزیز، کە هەردوکیان پزیشکی پسپۆڕی هەناون، بڕوانامەی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی شاهانەی بەریتانیایان بەدەست هێنا.

ئەو دوو پزیشکە هەردوکیان دانیشتووی شاری سلێمانین و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لەندەنی بەریتانیا، لە بەناوبانگرترین کۆلێژی پزیشکی لەسەر ئاستی جیهان بڕوانامەیان وەرگرت.
د. کاروان هەمزە دەڵێت: “ئەو پسپۆڕییە و بڕوانامەیەی کە بەدەستمان هێناوە لە بواری نەخۆشییەکانی هەناوە. هەروەها ئەو کوردانەی لەم کۆلیژە بڕوانامە وەردەگرن، لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن.”
دکتۆر کاروان وتیشی “سەرەتا کاتێک داواکاری پێشکەش دەکەیت بۆ وەرگرتن لە کۆلێژەکە بە سێ تاقیکردنەوەدا تێدەپەڕیت کە دوانیان تیۆرییە و یەکێکیان پراکتیکیە، لە پڕاکتیکیەکەدا، لەلایەن ٢٠ پزیشکی بەریتانیاوە لە تاقیکردنەوەیەکدا هەڵدەسەنگێنرێیت. دواتریش کە بڕوانامەکە بەدەست دەهێنیت، بڕوانامەکەی کوردستان هاوتا دەکرێت لەگەڵ بڕوانامەی بەریتانیا و دەتوانیت لە هەموو شوێنێک وەک پزیشک لە کاری پیشەیی بەردەوام بین.
جێی ئاماژەیە کۆلێژی شاهانەی بەریتانیا لە ١٥ وڵات زیاتر لقیان هەیە و لە چەندین بوار قوتابی پێ دەگەیەنن، وەکو بورای سەربازی، پزیشکی و میوزیک و، هتد؛ نزیکەی ٤٠هەزار ئەندامیان هەیە؛ ئەم دوو پزیشکە کوردەیش ئەندامی ئەو کۆلێژەن.