محمد لادێ – ههولێر
بووکەڵەی (لابوبو) کارەکتەرێکی خەیاڵیی نێو فیلمی منداڵانە، وەکو کارەکتەرێک لە چەندین فیلمی ئەنیمەیشندا دەرکەوتووە، بەتایبەتی لە زنجیرەی (The Monsterer).
بووکەڵەی لابوبو لەلایەن هونەرمەندی هۆڵەندی کاسینگ لانگ، لە ساڵی ٢٠١٥دا دروست کراوە و بەهۆی شێوەکەی و زۆری جۆرە جیاوازەکانیەوە هەر زوو بە جیهاندا بڵاو بووەوە و لە چەندین ئەنیمەیشن و کلیپی گۆرانییە جیهانییەکاندا بەکار هاتووە. چەندین ڕەنگ و شێوە و قەبارەی جیاوازی هەیە و ماوەی چەند ساڵێکە بووەتە ترێند و خەڵکی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و ئێستاکە پڕفرۆشترینی بازاڕەکانی جیهانە بە کوردستانیشەوە.
سەرەتا کە بووکەڵەکە بووە ترێند باس لەوە دەکرا کە لە شارستانیەتی کۆندا بۆ دورخستنەوەی جن بەکارهاتووە چونکە شێوەکەی ناشرینە و جنەکان لێی دەترسن بەڵام ئەمە بەتەواوی رەت کرایەوە و دوورە لە ڕاستییەوە؛ یاخود دەیانگوت لەسەر وەزنی (پازوزو) کە شەیتانێکە دروست کراوە، بەڵام خاوەنەکەی ئەمەی ڕەت کردەوە و، گوتی بۆ دروستکردنی بووکەڵەکە ئیلهامی لە پازوزو وەرنەگرتووە.
نرخی ئەم بووکەڵەیەش بە پێی جۆر و قەبارەی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت و سەرەتا نرخەکەی لە وڵاتان ١٣بۆ ١٦ دۆلار بوو بەڵام دواتر بەهۆی خواستێکی زۆر لەسەری گرانتر بوو هەندێکیان بە سەروو ١٠٠ دۆلار فرۆشراون هۆکاری بەناوبانگبوونیشی ئەوە بوو کە لە لایەن هونەرمەندە بەناوبانگەکانی جیهانەوە بەکارهاتبوو، لە کوردستانیش نرخەکەی لەنێوان ٢٠ بۆ ٣٠ هەزارە و هەندێکیشیان کە دەوترێت ئۆرجیناڵن نرخەکانیان دەگاتە سەروی ٧٥هەزار دینار. هۆکاری گرانییەکەشی تەنها زۆری خواستە لەسەری.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان وتی “بووکەڵەی لابوبو ئێستا بەشێوەیەکی زۆر بڵاو بووەتەوە و خەڵک دەیکڕن، لەبارەی حوکمەکەی مشتومڕێکی زۆر هەیە، بەپێی بەدواداچوون و سەرنجدانی ئێمە، بە باشی نازانین خەڵک بیکڕن لەبەر ئەوەی جۆرێک لە بەفیڕۆدانی ماڵی تێدایە”.
وتەبێژی یەکێتیی زانایانی کوردستان وتیشی، کڕینی بووکەڵەی (لابوبو) بەمەبەستی یانسیب و بەخت گرتنەوە “حەرامە”. دەشڵێت “کڕینی ئەو بووکەڵەیە بەباش نازانین لەبەر ئەوەی شک و گومانی تێدایە”.

