رۆژنامەی ھەولێر

بەبێ جەهەپە پرسی چارەسەریی ئەنجامی دەبێت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

بڕیار لەبارەی پێكهێنانی لێژنەیەكی ٥١ كەسی لەناو پەرلەمانی توركیا دەرچوو، بۆ بەدواداچوون و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرسی چارەسەریی كورد بەشێوەیەكی تەندروست و هەروەها یاسایی، بەڵام جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بڕیاری نەداوە بێتە ناو ئەو لیژنەیە و دەڵێ دەبێ پرسی كورد شەفاف بێت.

عەبدوڵا ئۆجەلان، بەشاندی دەم پارتی گوتووە، زۆر گرنگە جەهەپە لەو پرۆسەیەدا رۆڵی هەبێت، چونكە بەبێ جەهەپە، پرۆسەكە راستەڕێ نابێت، بۆیە دەم پارتی، دوو جار سەردانی جەهەپەیان كردووە و داوایان كردووە، كە رۆڵی هەبێت لەو پرسەدا.
جەهەپە، زۆر بە گومانەوە سەیری ئەو پرۆسەیە دەكات، چونكە پێی وایە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركەوتنی ئەو پڕۆسەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا بەكار دەهێنێت، واتە سەركەوتنی پڕۆسەكە و چەكدانانی پەكەكە، لە سیاسەتی ناوەخۆییدا كاریگەریی بۆ ئەردۆغان و خودی ئاكەپە دەبێت، بۆیە جەهەپە نایەوێت لەو یارییەدا بە دۆڕاوی لێی بێتە دەرەوە.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، لە وتارێكدا باسی لە پرسی كورد كرد و بەڕوونی گوتی ”ئێمە لەگەڵ ئەوەداین پرسی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا یاسایی بۆ دەربچێت، چونكە مەرجەعی توركیا پەرلەمانە. ئەو پرسە نابێت لەسەر دەستی دوو یان سێ كەسدا بێت، چونكە ئەنجامی نابێت“
دەوڵەت باخچەلی و ئەردۆغان، نایانەوێت لەم پرسەدا رۆڵی گەورە بدەنە جەهەپە، ئەوان دەیانەوێت لەو لیژنەیەی دروست دەكرێت، جەهەپە نزیكەی ٧ بۆ ٨ ئەندامی هەبێت و لەو زیاتر رۆڵی تری نادرێتێ.
بەڵام جەهەپە دەیەوێت، ئەردۆغان و باخچەلی، بەفەرمی بچنە لای و لەبارەی ئەو پرسەوە زانیاری پێ بدەن و وەكوو ئەكتەرێكی سەرەكی رۆڵی هەبێت، بەڵام تاوەكوو ئێستا ئەمە رووی نەداوە.
دەم پارتی، زۆر جیدین لەسەر ئەوەی پێویستە جەهەپە رۆڵی لەو پرۆسەیەدا هەبێت، چونكە ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەردۆغان نەیبردەوە، یان ئاكەپە لاواز بوو و جەهەپە دەسەڵات بكرێتە دەست، هیچ گرەنتییەك نییە ئەو پڕۆسەیە تێك نەدات و هەڵیوەشێنێتەوە.
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە ئۆجەلان، بە شاندی دەم پارتی گوتووە، هەرچیتان كردووە بیكەن، دەبێت جەهەپە رۆڵی گەورەی پێ بدرێت، چونكە ناكرێت پارتێك خاوەنی ١٤٠ كورسی پەرلەمان بێت، كەچی لە پرسێكی گەورەی وەكوو پرسی كورد، رۆڵیان نەبێت.
تاوەكوو ئێستا روون نییە، ئەو لیژنەی لەناو پەرلەمان دروست دەبێت ئەركەكانیان چییە؟ بەڵام ئەوەی دەم پارتییەكان باسی دەكەن، یاسایەكی تازە دادەنێن بۆ ئازادكردنی هەموو گیراوانی سیاسی لە توركیا و دەرگای ئازادبوونیان بۆ دەكرێتەوە.
هەروەها ئەو لیژنەیە یاسایەك دەردەكات بۆ چەكدارانی پەكەكە و بەرپرسە باڵاكانیان، بەوەی دوای چەكدانان چارەنووسیان چی دەبێت؟ ئایە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ توركیا خەباتی مەدەنی بكەن؟ ئایە بەرپرسە باڵاكانی وەكوو موراد قەرەیلان و جەمیل بایك و زۆری تر، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ توركیا و لەناو دەم پارتی خەبات بكەن؟ ئەمانە و زۆر بابەتی تر، ئەركی لیژنەکەیە و رەنگە چەند مانگێك بخایەنێت.
تاوەكوو ئێستا جەهەپە بڕیاری نەداوە لەو لیژنەیە ئەندامی هەبێت، ئەگەر بڕیاریش بدات كە لیژنەكە رەت دەكاتەوە، بەگوێرەی بۆچوونەكان، پرسی چارەسەری و هەموو ئەو یاسایانەی دەردەچێت بۆ ئەو پرسە، بەبێ جەهەپە شەرعیەتێكی گەورەی نابێت و رەنگە لە داهاتوو جەهەپە هەڵیبوەشێنێتەوە، بۆیە هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەن، جەهەپە رۆڵی لەو پڕۆسە گەورەیەدا پێ بدرێت.