وەیسی سەعید وەیسی
بێ سەروشوێنكردنی 8000 بارزانی یەكێكە لە ڕەشترین لاپەڕەكانی مێژووی ڕژێمی پێشووی بەعس، كە لە ڕێكکەوتی 31-7-1983تەنھا لەسەر کورد بوون بارزانییەکانی ڕاپێچی بیابانەكانی باشوری عیراقی كردن و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە كۆمەڵكوژی كردن. بۆیە ئەم تاوانە بێ وێنەیە بووە شاھیدی مەزلوومیەت و قوربانیدانی گەلی كوردستان.
ھەرچەندە بۆ ھەتاھەتایە پرۆسەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردن و بێ سەروشوێنکردنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد وەک تراژیدیایەک لەبیرناکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا چەندین ئاماژەیان لەدوای خۆیاندا ھێنا کەدەتوانین بە کورتی لەم خالانەی خوارەوە پوختیان بکەینەوە ؛
* دوژمنان جیاوازی ڕەنگ و دەنگ و پێکھاتەی نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی ناکەن و بێ جیاوازی پەلاماری ھەمووان دەدەن .
* ئەنفالکردنی 8000 بارزانی دەریخست دوژمنان چ ڕقێكی زۆریان بەرانبەر بارزان ھەیە، وەك مەڵبەندی شۆڕشگێری و خەبات و تێکۆشان دژی داگیركەران، بۆیە ھەمیشە لێی ترساون و ھەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەیان داوە، بەڵام سوپاس بۆخوای گەورە نەك ھەر نەیانتوانی ئەو ڕێبازە لەناوبەرن، بەڵكو تا ئێستاش ڕێبازی بارزان بەباشترین و پاکترین قوتابخانەی بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی ماوەتەوە، تەنانەت باسکردنی مێژووی گەلی کوردستان بە بێ باسکردنی مێژووی رێبازی بارزانی ناکاملە. بۆیە تا ئێستاش ھەرئەم ڕێبازەیە نوێنەرایەتی کوردایەتی دەکات،ئەمەشە وایکردوە بە بەردەوامی ببێتە ئامانجی ناحەزان .
* ئەنفالکردنی 8000 بارزانی ڕۆڵی گرنگ و قارەمانەی شێرەژنانی بارزانی دەرخست، کە توانیان بەرگەی لەدەستدانی ئازیزانیان بگرن، سالانێکی درێژ تەحەمولی سەختیەکانی ژیان بکەن، بۆ ڕۆلەکانیان ھەم باوک بن و ھەمیش دایک بن، بەبیری کوردانە پەروەردەیان بکەن .
ھەزاران سڵاو و دروود لەروحی پاکی هەشت هەزار بارزانیی ئەنفالکراو.

