ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.7.24، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و ئەندازیارانى پارێزگا و ڕێگا و بان، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتر هاوڵاتییان و ئاسانکاری بۆ شۆفێران و باشترکردنی ڕێگا و بانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، دیدارێک لەگەڵ کۆمپانیایەکى بیانى تایبەت بە چاککردنەوە و قیڕتاوکردن ڕێکخرا.
لە دیدارەکەدا، دواى ئەوەى کۆمپانیاى ناوبراو لە ڕێگەى پرزنتیشن، ئامانج و کارى کۆمپانیاکەیان خستەڕوو کە تایبەت بوو بە چاککردنەوە و قیرتاوکردنی ڕێگاوبانەکان بەشێوازێکى نوێى سەردەمیان و بەتێچوو و کاتێکى کەمتر و کوالێتیەکى باشتر، کە لە بەشیکى وڵاتان ئەنجامدراوە. پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پاڵپشتیکردنى بیرۆکەکە، تیمەکانى ئەندازیارى پارێزگا و ڕێگا و بانەکانى ڕاسپارد، هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوە بۆ پڕۆژەکە بکرێت و پاشان بە گونجان لەگەڵ ژینگە و کەش و هەوایی شارى هەولێر بڕیارى لەبارەوە بدرێت.

