ماكوان عيززهت – هەولێر
رێژەی تیشکی سەرووبنەوش لە سەعات ١٠ـی سەرلەبەیانیانەوە تا پێنجی دەمەوئێواران دەگاتە ئەوپەڕی خۆی؛ جا وریا بن و، لەو ماوەیەدا مەچۆرە بەر خۆر و، خۆت مەدەرە بەر هەتاو؛ ئەگەریش ناچاری، با سێبەرێکت بەسەر سەرەوە بێت.
بەرزبونەوەی پلەی گەرما و، پەیتاپەیتا شەپۆلی گەرما، جگە لە هەراسانکردن و نائارامی، تەندروستییش دەخاتەوە مەترسییەوە.
بە گوێرەی ڕێنماییە تەندروستییەكان پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بكرێت:
1- تا دەكرێت لە كاتژمێر 10:00ـی سەرلەبەیانیانەوە تا 5:00ـی دەمەوئێواران لە ماڵ دەرمەچۆ؛
2- لە كاتی دەرچوون لە گەرمادا چەتر و چاویلكە بەكار بهێنە؛
3- زوو زوو ئاو بخۆرەوە؛
4- لە شوێنی گەرمدا زۆر مەمێنەرەوە؛
5- جلوبەرگی کاڵ و فراوان بپۆشە و، جلوبەرگی تەسك و تیرە بەلاوە بنێ؛
6- دەمپارێزی بکە لە سارەدەمەنی و خواردنەوەی گازی؛
7- كرێم و مەڵهەمی جوانكاری هەڵمەسوو؛
8- لە باتی کرێمی جوانکاری، دژەخۆر لە دەستوپل و دەموچاوت هەڵسوو؛
9- ئەگەر نیشانەی تاوبردنت پێوە دیار کەوت، خێرا سەردانی نەخۆشخانە بكە.
نیشانەكانی تاوبردوویی
1- دڵەكوتە و هەناسەبڕکێ و تەسكداگەڕانی بیلبیلەی چاو.
2- هەڵبەزدابەز و شپرزداگەڕانی خوێنبەرەكان (التوتر الشریانی).
3- بەرزهەڵگەڕانی پلەی گەرمای لەش بۆ 41 پلەی سەدی.
4- پێستی تاوبردە، وشك و گەرم و سوور هەڵدەگەڕێت.
5- تاوبردە، سەرەڕای هەڵکشانی پلەی گەرمای لەشی، لەوانەیە هیچ ئارەقەیش نەكات.
6- تاوبردە، لەوانەیە وڕێنە بكات و شپرزە ببێت.

