ئارام كۆشكی – سلێمانی
مرۆڤ بوونەوەرێکە هەمیشە پێویستی بە هاودەمێکە، یان دروستتترە بڵێم پێویستی بەوەیە کەسێک گوێی لێ بگرێت و خەمەکانی لەگەڵدا هەڵبگرێت. دۆخی مرۆڤ دۆخێکی ئاسایی و یەکڕیتمی هەمیشەیی نییە، کە بتوانێت لەسەر یەک ڕیتم ژیان بگوزەرێنێت، بۆیە لەنێو ئەو بەرز و نزمییەی ژیان و هەڵچوون و داچوونە دەروونیەدا، گفتوگۆ و دەردەدڵکردن بۆ کەسێکی تر پێویستییەکی ڕۆحی مرۆڤە. کاتێک مرۆڤ تەنیا دەکەوێت و دەکەوێتە سوچێکی ژیانەوە هەر کەسێکی دەست بکەوێت دەیەوێت خەمەکانی خۆی بۆ باس بکات. بەڵام ئەگەر کەسی دەست نەکەوت خەمەکانی بۆ کوێ باس بکات.
دونیای تازە تا دێت بەرەو تاکگەراییەکی دڵڕەق و لێکپچڕانێکی سەخت دەڕوات. ئەمەش زۆرجار دەبێتە جۆرێک لە خەمۆکی و دەروونڕووخان و زۆر نەخۆشی دیکە. هەر ئەمەشە کە ڕێژەی خەمۆکی و نەخۆشی دەروونی و خۆکوشتن لە وڵاتانی ئەوروپا ڕێژەکەی گەلێک بەرزە. لەکاتێکدا ژیان تاڕادەیەکی زۆر دابین کراوە، بەپێچەوانەی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کە ژیانی هەمیشە لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدایە.
ئەنتۆن چیخۆف ساڵی 1886 چیرۆکێکی بەناونیشانی “تازییەباری” نووسیوە و لەوێدا تیشک دەخاتە سەر ئەو جیهانەی ئێستا ئێمە گیرۆدەیین. جیهانێک کەس ئامادە نییە گوێ لەوی تر بگرێت و مرۆڤ دەکەوێتە دۆخێکی هێندە تەنیاوە کەسی دەست ناکەوێت خەمەکانی لەگەڵدا بەش بکات. ئەم چیرۆکنووسە ڕووسییە نزیکەی 140 ساڵ لەمەوبەر ئاماژەی بەوە داوە، کە مرۆڤ تەنیا دەکەوێت کەس نییە گوێ لە خەمەکانی بگرێت. چیرۆکەکە باس لە پیاوێک دەکات کە کوڕەکەی دەمرێت و بە گالیسکەکەی (کە ڕۆڵی تەکسی ئێستا دەبینێت) کاری گواستنەوە نەفەر دەکات. خەمی لەدەستدانی کۆرپەکەی گەیشتووەتە شوێنێک، کە تەواو هەراسانی کردووە و دەیەوێت ئەو خەمە بۆ کەسێکی دیکە باس بکات تا باری سەرشانی سووک بێت. دەچێتە چەند جێگەی جیا جیا و چەند کەسی جیا جیا دەبینێت، بەڵام هیچیان ئامادە نین گوێی لێ بگرن و بزانن چ کێشەیەکی هەیە.
چیرۆکەکە بە ڕیتمێکی خەمگین درێژ دەبێتەوە و وەک لە چیرۆکەکەدا هاتووە “نزیکەی هەفتەیەک بەسەر مردنی کوڕەکەیدا تێپەڕیوە بەڵام هێشتا ئەم کەسە نەیتوانیوە بەکامی دڵ لەبارەی مردنەوە بۆ کەسێک قسە بکات. ئاخر حەز دەکات هێور و بە وردەکارییەوە باسی مردنی کوڕەکەی بکات، باسی ئەوە بکات چۆن گیانی سپارد، چۆن ئازاری کێشا، بەرلەوەی بمرێ چی گوت و چۆن مرد.”
لەم چیرۆکەی چیخۆفەوە تێدەگەین کە مرۆڤ بوونەوەرێکە ناتوانێ بەبێ گێڕانەوە، بەبێ بەشکردنی خەمەکانی لەگەڵ ئەوانی تر درێژە بە ژیان بدات. هەر لێرەوە دەتوانین بڵێین مرۆڤە خەمبارەکان هەمیشە پێویستیان بە کەسێکە خەمەکانی لەگەڵدا بەش بکەن. کاتێک کەسێک گوێ لە خەمی کەسێکی دیکە دەگرێت، ئەمە نیشانی هاوسۆزی و بەشکردنی خەمەکەیە لەگەڵیدا، بەشێک لە ئازار و خەمەکەی لێ وەردەرێت.
پاڵەوانەکەی چیخۆف دوای ئەوەی لە مرۆڤەکان بێئومێد دەبێت کە گوێ لە خەمەکانی بگرن. بۆیە پەنا بۆ ئەسپەکەی دەبات و چیرۆکی گیان لەدەستدانی کوڕەکەی بۆ ئەسپەکەی دەگێڕێتەوە. گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە لەلایەن ئەم باوکەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کەمێک ئاسوودەیی بۆ دڵی بگەڕێتەوە، یان دروستترە بڵێین بەشێک لە خەمەکەی سەردڵی کەم دەبێتەوە.
چیخۆف لەو چیرۆکنووسانەیە کە سەنگ و قورساییەکی گەورەی لەنێو جیهانی چیرۆک و شانۆنووسیدا هەیە و ئەو تەنها نووسەرێکی ڕووسی نییە، بەڵکو نووسەرێکی جیهانییە و کاریگەرییەکانی بە هەموو لایەکی جیهاندا بڵاو بووتەوە و بەشێک لە ناوازەترین چیرۆکەکانی جیهان ئەم نووسەرە نووسیویەتی. چەند ساڵێک لەمەوبەر کاتێک ئەلیس مۆنرۆ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەبیات وەرگرت یەکێک لەو نازناوانەی پێ درابوو پێیان دەگوت “چیخۆفی کەنەدی” ئەمەش هێمایە بۆ گەورەیی و کاریگەریی چیخۆف. هاوکات ڕیمۆند کارڤەریش لەو چیرۆکنووسە ئەمریکیانەیە، کە وەکو چیخۆفی ئەمریکی ناو دەبرێت و ئەو هێندە لەژێر کاریگەریی چیفۆفدایە لە زۆر وتار و چاوپێکەوتندا باسی چیخۆف دەکات و کاریگەرییەکانی ناشارێتەوە.
کاتێک هەفتەی پێشوو چاوپێکەوتنێکی کارڤەرم خوێندەوە لەوێدا کە سەبارەت بە چیخۆف پرسیاری لێ دەکەن ئەوە دەخاتەڕوو، کە هیچ کەسێک هێندە چیخۆف وەستایانە چیرۆکی نەنووسیوە و کەسیش نییە چیخۆفی خۆش نەوێت.
چیخۆف لەو چیرۆکنووسە داهێنەرانەیە بەر لە سەردەمی خۆی شتەکانی بینی ئەوەی لە چیرۆکی “تازییەباری”دا خستوویەتییەڕوو ئەو کێشەیەیە، کە ئێستا زۆربەی جیهان پێوەی گیرۆدەیە، چونکە مرۆڤ وەکو ئەرستۆ دەیوت “بوونەوەرێکی سیاسی” نییە، بەڵکو “بوونەوەرێکی گێڕەرەوەیە” و بەبێ گێڕانەوە دەکەوێتە لێواری مردنەوە و ئەوە گێڕانەوەیە کە وزە و هێزی پێ دەدات خەمەکانی تێپەڕێنێت و بەردەوامی بە ژیان بدات.

