كارزان گلی – ههولێر
دادگای دەستووریی توركیا، بڕیارێكی لە بەرژەوەندی سەدان ئەندامی پەكەكە دەركرد، كە پێشتر بە تۆمەتی ئەوەی ئەندامی پەكەكە بوونە و دەستیان هەبووە لە كردەوەی تیرۆرستیی دەستگیر كرابوون، بەڵام بە بڕیارێك رێگەی ئازادییان بۆ كرایەوە.
بەگوێرەی یاسای تاوانەكانی توركیا مادەی ٢٢٠ و بڕگەی ٦، سەدان ئەندامی پەكەكە، كە تۆمەتی تیرۆریان دراوەتە پاڵ و دەستگیر كرابوون، بەڵام دادگای دەستووریی توركیا رەتی كردەوە ئەو مادەیان بەسەردا جێبەجێ بكرێت، بە بڕیارێك ئازادکردنی ٧٠٠ كەسی راگەیاند، چونكە دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەیان لە دۆسیەكانیان كردووە، دەركەوتووە ئەوان هیچ كارێكی تیرۆریان ئەنجام نەداوە.
ئەگەرچی بڕیاری دادگای دەستووریی توركیا، لە ٥ی ١١ی ٢٠٢٤ دەرچووە، بەڵام بڕیارەكە جێبەجێ نەكرابوو، چونكە لە ٩ی ١ی ٢٠٢٥ لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاو كرایەوە و بەگوێرەی یاسای ئەو وڵاتەش، دوای بڕیارەكە شەش مانگیان پێویستە بۆ ئازادکرانیان.
رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركی بڵاوی كردبووەوە، لە ماوەی ٧٢ سەعاتدا ٢٠٠ ئەندامی پەكەكە ئازاد دەبن و ئەو بڕیارەی دادگای دەستووریی توركیا دەیانگرێتەوە، بەڵام دەستگیراوان ٧٠٠ كەس دەبن و وەكوو ئەوەی باس دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوو بەدوای یەكدا ئازاد دەبن.
ئەگەرچی تاوەكوو ئێستا هیچ یەكێك لەو كەسانە ئازاد نەكراون، بەڵام میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، ئازادکرانیان كەمی ماوە، چونكە ئەمە بریاری دادگای دەستووریی توركیایە و نابێت پێشێل بكرێت.
ئەو كەسانەی دەستگیر كراون و تۆمەتی پەكەكەبوونیان دراوەتە پاڵ، لە ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٦ دەستگیر كراون و هەمووشیان سزای زیاتر لە ١٠ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی دۆسیەكەیان بردووەتە دادگای دەستووریی توركیا، دادگا لە ٢٠٢٤ لەبەرژەوەندی ئەوان بڕیارەكەی داوە، واتە ئەو بابەتە پەیوەندیی بەو پرۆسەیەی ئاشتییەوە نییە كە لە توركیا دەستیپێكردوە.

