بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ماستەرپلانی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست پێدەکات.
ماستەرپلانەکە سەرەتا لە هاوینەهەواری بێخاڵ دەبێت، کە بە دیزاینکردنەوەی هاوینەهەواری بێخاڵ بە ستانداردێکی جیهانی و مۆدێرن، لە بواری گەشتیاری جێبەجێ دەکرێت.
پرۆژەی دیزاینکردنەوەی هاوینەهەواری بێخاڵ، لەلایەن کۆمپانیای ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت؛ هەفتەی داهاتوو دەست بە کارەکانی دەکرێت و لە ماوەی ساڵێکدا تەواو دەکرێت.
دیزاینکردنەوەی هاوینەهەوارەکە جگە لەوەی سیمایەکی سەرنجڕاکێشتر بە ناوچەکە دەبەخشێت، جموجۆڵی گەشتیاریش زیاد دەکات و داهاتی ئابووریی ناوچەکەش دەبوژێنێتەوە.
لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و گەشتیاران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین شوێنی گەشتیاری لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان نۆژەنکردووەتەوە و دروستی کردووە؛ ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش یەکێک دەبێت لە ماستەرپلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

