رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆشنبیریی ژینگەیی لای گەشتیار

ئاری ئاغۆک*
ڕۆشنبیریی ژینگەیی لای هەرتاکێک بەگشتی و لای گەشتیار بەتایبەتی، پەیوەستە بەو بیرکردنەوەی لە دید و ئاکار و خووڕەوشتی ئەو کەسەدایە کە چۆن و بە چ شێوەیەک ڕێز لە ژینگە و سروشت و ئەو شوێنە دەگرێت کە وەک میوان و وەک گەشتیارێک سەردانی دەکات بۆ کات بەسەربردن و چێژوەرگرتن لەو سروشتەی کە خودای مەزن بۆ مرۆڤی ‌هێناوەتە کایەوە، جا ئەو گەشتیارە گەشتیاری خۆماڵی بێت، واتە هاونیشتمانی دەڤەر و شار و گەشتکردنی بۆ سروشت و جوانیەکانی نیشتمان بێت، یا گەشتیارێکی بیانی دەرەوەی وڵات بێ، یا خوارووی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و بینینی جوانی سروشت و دەریاچە و ڕووبار و ئاوی سازگارەکان.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە ئاماژەکردنە بە سەردانیکردنی گەشتیارانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق بۆ ناو هەرێمی کوردستان و سروشتە پاک و جوانەکەی، بە ڕوونتریش قسەکردن لەسەر ئەو کۆمەڵە گەشتیارەی کە لە ماوەی ڕابردوو سەردانی (دەریاچەی دووکان) یان کردبوو، دیمەنێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو بۆوە کە گەشتیارانی بە ڕەگەز عەرەب، بەداخەوە لە کاتی گەشتکردن و پشوودان و دوای نانخواردن، پاشماوەی خواردنەکانیان فڕێ دەدەنە دەریاچەی دووکانەوە، زۆر بە ئاسایی وەک ئەوەی ئەو دەریاچەیە شوێنی فرێدانی پاشماوە بێت، لەگەڵ ئەوەی رەنگە لەپشت ئەو دیمەنە دوور لە چاوی کامیرا چەندین گەشتیاری دیکەش هەبێت کە بەم شێوە ناشیرینە مامەڵە لەگەڵ سروشت و ژینگەو ڕووبارو دەریاچەکان بکەن! بەڵام ئەگەر تەنیا لەسەر یەک دیمەن ڕوونتر شرۆڤەی ئەو بابەتە بکەین، دەتوانین بەیەک دێر پێناسەی ئەو دیاردە ناشارستانی و نامرۆییە بکەین، ئەویش (نەبوونی ڕۆشنبیری ژینگەیی لای بەشێک لە گەشتیارەکانە)، بەداخەوە ئەم دیاردەیە ڕۆژ دوای ڕۆژ خەریکە بەرەو زێتر دەچێت، کە بە بۆچوونی من ئەگەر لە ڕوانگە سایکۆلۆژیەکەوە شیکردنەوە بۆ ئەو جۆرە گەشتیارانە و ئەو جۆرە کەسانە بکەین، دەتوانین بڵێین هەموو ئەو هەڵسوکەوتە ناژینگەییانە بریتییە لە ڕق و ئیرەیی، بەڵێ ڕق و ئیرەیی لە سروشتی جوان و شار و شەقامی خاوێن، فەراهەمکردنی فەزای ئازادی سەردانیکردن و هاتن و چوون بە بێوەی و بە سەلامەتی، ئەمانە هەمووی یەکسانە بە ناڕۆشنبیری ئەو جۆرە گەشتیارانە بەرانبەر بە سروشت و ژینگەی کوردستان، بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ناونیشانی وتارەکەم، دەبێت بڵێین پێویستە بەر لە هەموو شتێک گەشتیاران ڕێز لە سروشت و خاک و ئاو و هەوا و ژینگەی ئەو شوێنە بگرن کە گەشتی بۆ دەکەن، چونکە ڕێز و ڕەوشت لە هەناوی ئەو پەروەردەیە لەدایک دەبن کە هەر تاکێک تێیدا ژیاوە و پەروەردە کراوە، هەندێ هەڵسوکەوت و دابونەریت و هاتوهاوار و ژاوەژاوی ژینگەیی هەن، لەگەڵ سروشت و ڕەسانەیەتی مرۆڤی کورد یەک ناگرێتەوە و دژە باوە، بۆیە لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەی گەشتیاران بەرانبەر بە دەریاچەی دووکان و فڕێدانی پاشماوە وەک کارێکی ئاسایی، ئەوا هەڵسوکەوت و دیاردەیەکی ناشارستانی و نامرۆییە و هیچ ئایینێك قبووڵی ئەو جۆرە کارانە ناکات، بۆیە بە هەبوونی سزای ژینگەیی دەتوانین سەرلەنوێ تابلۆی رۆشنبیری ژینگەیی و ڕێزگرتن لە سروشت لە زەینی هەندێ لە گەشتیاران نیشان دەینەوە، تا فێر بن کە سەردانی هەر شوێنێک دەکەن، هەم وەک میوان، هەم وەک گەشتیار، بە چاوی ڕێز و ویژدانی زیندووی ژینگەییەوە مامەڵە لەگەڵ ژینگەی ئەو شوێنە بکەن، کە وەک ماڵی گەورە وایە بۆ هەمووان.
• بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر.