د. نەهلە ئەفەندی
ماددەی هۆشبەر یەكێك لەو چەكە مەترسیدارانەیە كە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان بەكار دەهێنرێت، لە چەندین كۆبوونەوە و گوتارەكانی سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ دەكات كە ئەمە چەكێكی مەترسیدارە لەبەردەرگای هەموو مالێكی كورد دەدرێت بۆ ئەوەی ئاڵودەیان بكەن.
د. نەهلە ئەفەندی پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق لە تازەتری توێژینەوەی خۆیدا كە بۆ “هەولێر”ـی ناردووە، بە گرنگییەوە لەسەر ئەو بابەتە قسەی كردووە و، دەڵێت پێویستی بە هەڵمەتێكی نیشتمانی و هۆشیاریی كۆمەڵگا هەیە بۆ خستنەڕووی مەترسی و ئاكامەكانی بڵاوبوونەوەی ئەم چەكە هەر تەنیا هەڕەشە نییە لە چینێكی كۆمەڵگا بەڵكو بەپێی توێژینەوەكان هەموو چینەكانی كۆمەڵگا بە گەنج و پیر و منداڵەوە رووبەڕووی دەبنەوە، بەداخەوە بەشێك لەو كەسانەی تووشبوی ماددەی هۆشبەرن، لە رێگای جیاوازەوە دەستیان گەیشتووە بەم ماددە ترسناكە، بۆیە هەرچی زووە دەبێت سەرجەم رێكارەكانی بەرگیری لە بڵاوبوونەوەی ئەم ماددەیە بەهێزتر بكرێن و، دەزگا ئەمنییەكان چاوكراوەتر كار بكەن. ئەوەی جێگای ترسە ئەم ژەهرە لە ماوەیەكی كەمدا بەشێوەیەكی خێرا هەوڵ دراوە لە هەرێمی كوردستان بڵاو بكرێتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە تادێت بازرگانی بەماددەی هۆشبەر و بڵاوبوونەوەی بووەتەوە چەكێكی دژمنانی گەلی كوردستان و لەو رێگایەوە دەیانەوێت كۆمەڵگای كوردستان وێران بكەن.
د. نەهلە ئەفەندی، لە توێژینەوەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە لە مەترسییەكان لەوەدایە كە لەماوەی رابردوو كارگەی تایبەت بەماددەی هۆشبەر لە كوردستان دەستی بەسەردا گیراوە و، زۆر خەڵكیش دەستگیر كراوە كە كیڵگەی تایبەتیان بە دروستكردنی ئەو ماددەیە هەبووە؛ هەروەها لە سنوورەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەتایبەت ناوچەكانی سنووری مادەی 140 كە زۆر رێگای قاچاغ و گروپی جیاواز هەیە مانگانە پارەیەكی یەكجار زۆریان دەست دەكەوێت بە هێنان و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە، ئەوەی گرنگە دەبێت هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لێژنەی تایبەتمەند و ئەمنییان بەهێزتر بكەن بۆ ئەوەی لەو سنوورانەوە بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە نەكرێت، چونكە بەشێكی زۆری ئەو ماددەیە لە دەرەوەی عێراقەوە هاوردە دەكرێت.
د. نەهلە ئەفەندی دەشڵێت: لەم رۆژانە یادی رووبەڕووبونەوەی ماددەی هۆشبەر كرایەوە، لە كوردستان هەندێك ئاماری مەترسیدارە خرایە روو كە دەكرێت هەموو دامەزراوەكانی حكوومەت لەسەر خەت بن بۆ ئەوەی بە هەموو لایەكەوە هەڵمەتێكی بەهێزی هۆشیاری دەست پێ بكرێت بۆ ئەوەی ئەو ژەهرە مەترسیدارە لە كوردستان رێگەی لێ بگیرێت، چونكە بەداخەوە زۆرێك لە گەنجان زانیارییەکی تەواو و دروستیان لەسەر زیانە كوشندەكانی ماددە هۆشبەرەكان نییە. خۆشبەخانە ئێستا چەند هەوڵێكی زۆر باش هەیە لەژێر رێنمایی سەرۆك بارزانی چەندین كۆنفرانس و دیدار و هەڵمەتی نیشتمانی كراوە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا، لەم رۆژانە بەشداریم لەبەشێك لەو چالاكییانە كردووە جێگای دەستخۆشین، بەتایبەت هەڵمەتەكانی حكوومەت لەژێر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت و هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەر لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە، هەروەها دەستخۆشی لە یەكێتی قوتابیان و لاوان بۆ هەڵمەتی فراوان لەژێر ناونیشانی (ماددەی هۆشبەر؛ ئافاتی سەردەم) و دەستخۆشی لە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، گرتنی كۆنفرانسێک لە ژێر ناونیشانی (ماددەی هۆشبەر؛ كۆنفرانسێك بۆ پاراستنی كۆمەڵگە)، چونكە بەشێكی دیكە ئەو توێژەی كۆمەڵگا كە رووبەڕووی ئەو ماددە دەبنەوە ئافرەتانن كە بە هۆی هۆکارەیی (ئالوودەبوون)ـەوە، زۆر ئاسانتر دەبنە قوربانیی بەلاڕێدابران و بازرگانی بە جەستەیان یان بەكارهێنانیان لەلایەن تۆڕەكانی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەكانەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەو دەڵێت: “ئەوەی زۆر گرنگە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم چەكە ترسناكە پێویستە یاساكان دژی بازرگانان و بڵاوكەرەوەكانی ماددە هۆشبەرەكان زۆر توندتر بكرێن و بەبێ جیاوازی جێبەجێ بكرێن. جیا لەوەش بەهێزكردنی خاڵە سنوورییەكان و هەوڵ بدرێت بە رێگای جیاوازەوە كە ئیستا ئامێری پێشكەوتوو هاتووە زیاتر كۆنترۆڵی هاوردەكردنی بكرێت. جیا لەوەش كردنەوەی بنكەی چارەسەری پێشكەوتوو و لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵمەتێكی گەورەی نیشتمانی. هەروەها پێویستە بابەتی مەترسییەكانی ماددە هۆشبەرەكان بە شێوەیەكی زانستی و كاریگەر بخرێتە نێو پرۆگرامەكانی خوێندنی قوتابخانە و زانكۆكانەوە. و مامۆستایانی ئاینی رۆڵێكی گرنگیان هەیە هۆشیار كردنەوەی كۆمەڵگا. ئەم پرسە پرسێكی نیشتمانییە پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەك هەیە بە تاك بە تاكی كۆمەڵگاشەوە چونكە ئەگەر پەلەنەكرێت ئەوە داهاتووی نەوەكانمان وێران دەبێت و كۆمەڵگایەكی مەترسیدار بەرهەم دەهێنرێت، ئەم شەڕە، شەڕێكی هەمەلایەنەیە و سەركەوتن تێیدا تەنها بە یەكگرتنی هەوڵی هەمووان دەبێت. جیا لەوەش پێویستە قسە و ئامۆژگار و هۆشدارییەكانی سەرۆكی بارزانی لەبەرچاو بگیرێت كە ئاماژەی بەوە دا دژمنانی گەلی كوردستان ئەوەی نەیانتوانی بە قڕكردن و كیمیایی و ئەنفال، گەلی كوردستان لەناو ببەن، ئەوە دەیانەوێت بە بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر كۆمەڵگا وێران بكەن و كوردستان ببنە قۆناغێكی دیكەوە.”

