فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ماستەر پلانی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست پێ دەکات و بە بە دیزاینکردنەوەی هاوینەهەواری بێخاڵ بە ستانداردێکی جیهانی و مۆدێرن، لە بواری گەشتیاری جێبەجێ دەکرێت.
ڕۆژی چوارشەممە، 23ی تەمووزی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماستەرپلانی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست پێدەکات. ماستەرپلانەکە سەرەتا لە هاوینەهەواری بێخاڵ دەبێت، کە بە دیزاینکردنەوەی هاوینەهەواری بێخاڵ بە ستانداردێکی جیهانی و مۆدێرن، لە بواری گەشتیاری جێبەجێ دەکرێت”.
بە پێی راگەیاندراوەکە، “پرۆژەی دیزاینکردنەوەی هاوینەهەواری بێخاڵ، لەلایەن کۆمپانیای ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت؛ هەفتەی داهاتوو دەست بە کارەکانی دەکرێت و لە ماوەی ساڵێکدا تەواو دەکرێت”.
دیزاینکردنەوەی هاوینەهەوارەکە جگە لەوەی سیمایەکی سەرنجڕاکێشتر بە ناوچەکە دەبەخشێت، جموجۆڵی گەشتیاریش زیاد دەکات و داهاتی ئابووریی ناوچەکەش دەبوژێنێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەختی کردووەتەوە، “لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و گەشتیاران، حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین شوێنی گەشتیاری لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان نۆژەنکردووەتەوە و دروستی کردووە؛ ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش یەکێک دەبێت لە ماستەرپلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان”.

