مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ڕاشفۆرد پشكنینی پزیشكیی بۆ یانەی بەرشلۆنە دەكات
ماركۆس ڕاشفۆرد، یاریزانی ئینگلیزیی یانەی مانچستەر یونایتد، گەیشتە شاری وەرزشیی خوان گامبەر، بۆ ئەوەی پشكنینی پزیشكی بكات و وەكوو یاریزانێكی نوێ لە ریزی یانەی بەرشلۆنە دەستبەكار بێت.
ڕاشفۆرد دوو ڕۆژە لە شاری مانچستەرەوە گەیشتووەتە شاری بەرشلۆنە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ باسی لەوە كردووە، كە ئەو یاریزانە ئینگلیزییە، گەیشتووەتە شوێنی مەشقدانەوەی یانەی بەرشلۆنە، بۆ ئەویە پشكنینی پزیشكیی بۆ بكرێ و دواتر بە شێوەی فەرمی، گرێبەستەكەی ڕابگەیەندرێ، كە بە شێوەی خواستن لە مان یونایتدەوە چووەتە یانەی بەرشلۆنە.
بەرشلۆنە، دەیەوێ لە باری جەستەیی و تەندروستیی ڕاشفۆرد دڵنیا بێتەوە، كە لە چەند یارییەكی كۆتایی وەرزی ڕابردوودا، لە یانەكەی دابڕا، لەو كاتەی بە شێوەی خواستن بۆ یانەی ئەستۆن ڤێلا یاریی دەكرد، ئەوەش بەهۆی پچڕانی ژێی ئەژنۆیەوە.
دوای ماوەیەكی زۆر لە ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێ، یاریزانەكە ئێستە چاك بووەتەوە و بۆ بەشداریكردن لە یارییەكان ئامادەیە.
ماركۆس ڕاشفۆرد لە ئامادەكارییەكانی یانەی مانچستەر یونایتد بۆ وەرزی نوێ ئامادە نەبوو، دوای ئەوەی ڕاهێنەر ڕۆبن ئامۆریم دووری خستەوە، بەڵام شێوەی تایبەت و تاكەكەسی، مەشق و راهێنانی كرد لە چاوەڕوانی گەیشتن بە یانەی بەرشلۆنە.
چاوەڕوان دەكرێ، رۆژی چوارشەممە، ڕاشفۆرد لەگەڵ خوان لاپۆرتای سەرۆكی یانەی بەرشلۆنە، گرێبەستەكەی واژۆ بكات.
یانەی بەرشلۆنە، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، چەندان یاریزانی دەستنیشان كردووە تا گرێبەستیان لەگەڵدا بكات و تا ئێستە سێ یاریزانی بردووەتە ڕیزەكانی، گۆڵپارێزێك و دوو یاریزان.
لویس دیاز، بژاردەی هەرەباش و لەپێشی یانەی بەرشلۆنە بوو، بۆ ئەوەی دەستی بخا، بەڵام بەهۆی ناڕوونیی ئاسۆی گرێبەستەكە، یانەی بەرشلۆنە، گرێبەستی ماركۆس ڕاشفۆردی یاریزانی یانەی مانچستەر یونایتدی یەكلا كردەوە.
هاوكات، داروین نۆنێز، ئەو یاریزانەیە، كە ئێستە هەردوو یانەی بەرشلۆنە و ئەی سی میلان، چاودێریی دۆخەكە دەكەن، تا ئێستە هیچ گرێبەستێكی فەرمییان پێشكەش نەكردووە، بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە تەمەن 26 ساڵانە ببەنە ریزەكانیانەوە.
سەرچاوەكە، باسی لەوە كردووە، كە یانەی لیڤەرپوول، ئامادەیە دەستبەرداری داروین نۆنێز ببێ، بەرانبەر وەرگرتنی 70 ملیۆن یۆرۆ، ئەوەش دوای سەرنەكەوتنی گرێبەستی لەگەڵ یانەی ناپۆلی.
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، تا ئێستە ماركۆس ڕاشفۆرد و رۆنی باردجی، یاریزانی باڵەكان لە یانەی كۆپنهاگنی دانماركی و گۆڵپارێزی خوان گارسیای گۆڵپارێزی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا بردووەتە ریزەكانیەوە.
ریاڵ مەدرید، چوار یاریزانی دەستنیشان كردووە بۆ جێگرتنەوەی كرووس
كارگێڕیی یانەی ریاڵ مەدرید، قۆناغێكی نوێی پلاندانانی دەست پێ كردووە، دوای ئەوەی هەریەك لە یاریزانان ئەرنۆڵد، ئەلڤارۆ و كاریراس و دین هۆیسین و فرانكۆ ماستانتۆنۆی بردە ریزەكانیەوە.
ئێستە كارگێڕیی یانەی ریاڵ مەدرید، پێی وایە كە یانەكە كەموكورتیی نەماوە، لەگەڵ ئەوەی ڕەنگە دەیڤید ئەلابا و ڕۆدڕیگۆیش یانەكە جێ بهێڵن.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی باسی لەوە كردووە كە سەرنجی ریاڵ مەدرید، ئێستە دەگۆڕێ بۆ ئەوەی كەسێكی گونجاو بۆ شوێنی تۆنی كرووس بدۆزێتەوە.
ریاڵ مەدرید توانایەكی دارایی وەهای هەیە بۆ ئەوەی ئەم هاوینە گرێبەستێكی گەورە بكا، بە تایبەت ئەگەر ڕۆدڕیگۆ بفرۆشێ، ئەوەش 80 تا 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ یانەكە دەگەڕێنێتەوە.
بەڵام بەهۆی كەمیی یاریزان لە بازاڕی گواستنەوە بۆ ئەو مەبستە، یانەكە ناچارە كە بە دوای یاریزانێكدا بگەرێ، كەسایەتیی هەبێ و لە یەكەم رۆژەوە بە شێوەی سەرەكی یاری بكا.
یەكێك لەوانە كە سەرلیستی بژاردەكانی گرتووە، ڕۆدری یاریزانی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر سیتییە، كە كارگێڕیی یانەی شایانە وای دەبینن، نموونەیەكی هەرەباش بێ بۆ جێگرتنەوەی كرووس.
هەروەها سێ ناوی دیكەیش بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان كراون، نیكۆلا بارێلا لە یانەی ئینتەر میلان، ئینزۆ فێرناندێز لە یانەی چێڵسی و ئەلێكسیس ماك ئەلیستەر لە یانەی لیڤەرپوول.
سەرەڕای سەرنجڕاكێشیی ئەو وانە، بەڵام دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵیاندا كاتی زۆری دەوێ، چونكە پایەی سەرەكین لە یانەكانیان، ئەوەش بۆندكردن لەگەڵیاندا ئەستەم و سەخت دەكا، جگە لە بارێلا، كە بۆندەكەی كەمێك كەمتری دەوێ.
لە بەرانبەردا، كارگێڕیی ریاڵ مەدرید، چاوەڕوانی هەڵوێستی ڕۆدری دەكا، بە تایبەت دولی گەڕانەوەی بۆ یاریگەكان لە كۆتایی وەرزی ڕابردوو، ئەویش بەهۆی پێكانە گەورەكە ئەژنۆی كە 9 مانگ لە یاریكردن دایبڕاند.
سەرەڕای گرێبەستەكەی لەگەڵ سیتی كە تا ساڵی 2027ـە، بەڵام تا ئێستە نوێی نەكردووەتەوە، ئەوەش هەل و هیوایەك بە ریاڵ مەدرید دەدا تا بۆ دەستخستنی بجووڵێ، بە تایبەت كە تەمەنی 29 ساڵە و كە هەمان تەمەنی زیدانی هەیە لەو كاتەی پەیوەندیی بە ریاڵ مەدریدەوە كرد
ئەگەر لەگەڵ یانەكەیدا نەگەنە ڕێككەوتن پێش هاوینی ساڵی 2026 بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی، ئەو كاتە سیتی ناچارە دانوستان بۆ فرۆشتنی دەست پێ بكا بە نرخێكی گونجاو، لەبری ئەوەی بە خۆڕایی دەستبەرداری بێت.

