رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان شەڕ و پەیامە شاراوەکانی ئاشتی

ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا
ئەم شەڕانەی ئێستا بەرۆکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان گرتووە، دەرخەری شەپۆلێکی نوێی گۆڕانکارین کە دەمێکە دەستیپێکردووە ئێستاش خەریکە بنەوبارگەی خۆی لەم ناوچە بخات و ئەنجامەکانی بێنەبەر. ھاوتەریب بەم شەڕ و ئاشوبانەش، ڕەوتی ئاشتی داواکاری ئێستایە و ڕێگایەکیشە بۆ بێدەنگکردنی چەکەکان، بۆئەوەی بتوانرێت گوێ لەگریانی منداڵێک و دایکێکی جگەر سووتاو بگیردرێت کە تەڕ و وشک بوونەتە سووتماکی ئەم شەڕە درێژخایەنانەی ناوچەکە.

لەکاتێکدا، شەری نێوان ئیسرائیل و ئێران وەک پشکۆی ژێرخۆڵەمێش خۆی حەشارداوە، و لە دۆخێکی نە شەڕ نە ئاشتی وەستاوە، ئەوا لەم کاتە جارێکیتر گرژییەکان ڕوویان لە سێکوچکەی سوریا، تورکی و عێراق کردۆتەوە و ئاماژە بە وەرچەرخانێکی مێژوویش لەناوچەکە دەکرێت. کاتێ سەیری ڕەوشی ئێستای سوریا دەکەین، دەبینین ئاشوبە و شەڕی دەوڵەتی شەرع دژ بە دروزەکان و پێشتریش عەلەوییەکان، دەرخەری ئەو راستییەن کە درزێکی قوڵ و ھەستی تۆڵە سەندنەوە نەک ھەر کۆمەڵگای سوری و گەلەکەی تەنیوە، بەڵکو رۆچۆتە ناخی سیاسی و فەرمانرەواکانی ئەم فەریکە دەوڵەتە عەرەبییە.
ئەگەرچی ڕاگەیاندنەکان باس لەوەستانی شەڕی نێوان دروزەکان و حووکمەتی دیمەشق و بەدوە عەرەبەکان دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەتوانین بڵێین دۆخەکە لەلێواری لێکترازانی یەکجاری نزیک بۆتەوە، ناشێ خۆمان بەدوور بگرین لەوەی ڕەنگە بەفیتی حکوومەتی دیمەشق بەدوەکان بەوەکالەت شەر بۆ ئەحمەد ئەلشەرع بکەن، چونکە پاشەکشێکردنی ھێزەکانی حکوومەتی سوریا لە سوەیدا و سووربوونی بەدوە عەرەبەکان بەھێرشکردنە سەر دروزەکان، بۆنی رێککەوتنی نێوان دەوڵەتی سوریا و بەدوەکانی لێدەکرێت. ھەڵبەت ئەوەش تەقینەوەی ئەو ھەناسە تەنگیەی ساڵانی ڕابردووی گەلانی سوریا دەردەخات، کە نزیکەی چل بۆ پەنجا سال لەسەردەستی بنەماڵەی ئەسەد و کور و نەوەکانی سەپێنرابوو.

لە ئاگربارانەکانی سوریاوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لە تورکیا

دەستپێشخەرییەکەی پەکەکە، بە ڕاگرتنی شەڕ و سوتاندنی بەشێک لەچەکەکانیان لە ئەشکەوتی جاسەنە و خۆڕادەستکردنی چەند نموونەیەک لەگەریلاکانیان بەدەوڵەتی تورکیا، ھەنگاوێکی مێژوویی و گرنگە. لەگەڵ ئەم ھەوڵەی پەکەکە، دەوڵەتی تورکیا لەسەر زاری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ھاتە قسە و پێشوازی دەوڵەتەکەی بۆ ئەم ھەنگاوە ڕاگەیاند و قسەشی لەبارەی ھەنگاوە ھەڵەکانی دەولەتی پێشوو و سیاسەتی پێشووی تورکیا بەرانبەر بە کورد ڕاگەیاند. ھەڵبەت ئەم وەڵامدانەوانەی تورکیا، درککردنی دەوڵەتە بە مەترسیە چاوەروانکراوەکانی لەم ناوچە بەپەنھانی دەگەشێنەوە، چونکە دەشێ ئەم جارە تورکیاش بگلێندرێتە ئەم شەڕ و ئاشوبانەی لەم ناوچە خەریکە ڕوودەدەن، بێگومان بەھەڵگرتنی ئەم ھەنگاوەی تورکیا بە پێشوازی کردنی لەم دەستپێشخەریە، لانی کەم خامۆشکردنی بەرەی ناڕازی و شەڕکەری ناوخۆی تورکیا، کە خۆی لە پەکەکە دەبینێتـەوە.

سارێژکردنی برینەکان و کەوتنەوە سەرپێ

تائێستا چارەنووسی شەڕەکانی ناوچەکە روون نیە، لەڕاستیدا سەرچاوە ئاگادارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە تا ھەنووکە بەرەکانی جەنگ لە سێگۆشەی جۆلان، لوبنان و عێراق لەدۆخی جۆشوخرۆش دایە و لێرە و لەوێ شەڕی بەوەکالەت جارجار دەنگی لێوە دێت. بەگشتی لەوەناچێت ئەم دۆخە ھێندە بەسانایی و بەیەکجاری لەشەڕ دوور بکەوێتەوە.
کاتێکیش دێینە سەر عێراق، دەبینین دابەشبوونێکی زەق بەنێو ماڵی شیعەکانەوە دیارە. و ئەوەش بەسەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی عێراق ڕەنگیداوەتەوە، لەوانەش جیاوازی لەھەڵوێستەکانی موقتەدا سەدر لەگەڵ لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە سەربەخۆکان بەدیار دەکەوێت. ھەڵبەت ئەوەش کاریگەری دەبێت بەسەر سیاسەتی زلھێزەکان و ولاتانی ھەرێمی و بەگشتی وڵاتانی دەرەوەش کە عێراق بەوڵاتێکی لەرزۆک و لاواز لەسیادەی نیشتیمانی ببینن و دەست تێخستنیان ئاسانتر دەکات.
ھەرچی پەیوەستە بەکوردیشەوە، سەرەڕای ئەو ھەڕەشە و گۆشەگیرکردنانەی دەرھەق بەھەرێمی کوردستان پیادە دەکرێن، بەڵام لەکۆتاییدا، کۆبوونەوەی ھێزە جەماوەرییەکانی کوردستان و ئەوانەی بریار بەدەستن لەھەرێم لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆبوونەوە و بەیەکەوە یەک ھەڵوێستیان بەرانبەر بەغداد وەرگرت، دەشێت بەغداش ئەوەی لە دڵەوە بەھەوالێکی ناخۆش بۆخۆی وەرگرتبێت، بەڵام بووە ھەوالێکی خۆش بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان، بەوەی بەیەکەوە دەکرێت رێگە چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە. بەگشتی ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست بە ئاسانی ناگەڕێـتەوە چوارگۆشەی سەرەتا و ھەنگاوەکانی گۆڕانگاری و لە قالبدانی زۆرێک لە وڵاتان لەسەرەتایە نەوەکو لە کۆتایی، کە لەم نێوەندە ھەموو ئەوانەی ڕوودەدەن لە تخوب و ژێر دەسەلاتی ولاتانێکە، کە تەنھا کورد خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم ناوەیە. بۆیە بژاردەکانی بەردەم کورد لەم گۆڕانکاریانە بەندە بەو پەیامە ئاشتیانەی کورد ساڵەھایە ھەڵیگرتووە و خوێنی لەپێناو رشتووە و دەیەوێت بەسەربەخۆ و ھاوشان لەگەڵ گەلان و نەتەوەکانی دیکەی ئەم ناوچە بەیەکەوە بژین.