رۆژنامەی ھەولێر

گەشبینی لە کاتی قەیراندا

عومەر چنگیانی
چەمكی گەشبینی دروست، كارێكی باشە و ڕامكردنی تاكی بڕوادار لەسەری، ئەركی لەپێشینەی مامۆستایانی ئایینیە، بۆیە لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی بابەتی سەردێڕمان كردە توێشووی زۆربەی گوتاری هەینی ١٨/٧/٢٠٢٥ كە سەرەتا بە ئایەتی 216ـی سوورەتی (بەقەرە)وە دەستمان پێكرد كە خوای گەورە دەفەرمێت:
(ڕەنگە ئێوە چتهایەكتان بۆ بێتە پێش، كە پێتان ناخۆش بن و، لە ڕاستیدا بۆ ئێوە زۆر باشتر بێت و، بەپێچەوانەیشەوە چتهایەك هەبێت، كە پێتان خۆش بێ و، دەرەنجامەكەی باش نەبێت، خوا دەزانێ و ئاگادارە و ئێوە بێئاگان لە نهێنی و شاراوەی ئەو دیو ڕووداوەكان.)
لە دنیای وەهم و ماندوویەتی و تەنگانە و سەختی و تاقیکردنەوەدا، بارودۆخەکان سەخت دەبن بەسەر تاک و کۆمەڵگە و ئۆمەتدا.
دنیا ماڵی تاقیکردنەوە و ناخۆشی و قەیرانەکانە، بەڵام ئەو کەسەی بەرەو خودای گەورە دەڕوات، دڵی تەنگ نابێت بەو سروشتەی ژیان کە خۆشی و قەیرانی تێدایە، چونکە خودای گەورە تاقیمان دەکاتەوە بۆ دەرخستنی بەندایەتیمان لە هەردوو بارەکەدا.
بەڕاستی گەشبینی متمانەبوونە بە خودا و ڕازیبوونە بە قەزا و قەدەر.
مسوڵمانی گەشبین پشتی بە خودا بەستووە، دەزانێت کە هەموو سەختییەک ئاسانکارییەکەی بەڕێوەیە، چاوەڕوانی خێر دەکات، بە ڕووی ژیاندا پێدەکەنێت، گومانی چاکی بەو خودایە هەیە کە چارەنووسی هەموو کارەکان بە دەستی ئەوە و، دەزانێت کە خودای بەڕەحم لە دوای ناخۆشی، ئاسانی و، لە دوای تەنگانە، فراوانی و، لە دوای خەم، خۆشی دادەنێت. ئەمە ئەو گەشبینییەیە کە شکۆمەندی دروست دەکات و مرۆڤ پێی دەگاتە لووتکە؛ بەڵام ڕەشبینی، پاشەکشە و دانیشتن و زەلیلییە.
گرنگیی گەشبینی لە ژیانی ئیمانداردا.
گەشبینی مرۆڤ بەرەو هیوا و دڵنیایی بە بەڵێنی خودای گەورە دەبات، هەروەها بەرەو متمانەکردن و پشتپێبەستن.
کاریگەرییەکانی گەشبینی
گەشبینی بریتییە لە تێڕوانینێکی ئەرێنی بۆ ژیان و، بە هێزێکی پاڵنەر دادەنرێت بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن و بەختەوەری لە ژیاندا و، چەندین کاریگەری ئەرێنی هەیە، لەوانە:
1. بەدەستهێنانی بەختەوەری و ڕەزامەندی.
2. بەهێزکردنی تەندروستیی دەروونی و عەقڵی. چونکە گەشبینی قەلەقی و ڕاڕایی کەم دەکاتەوە و متمانەبەخۆبوون زیاد دەکات.
3. دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی بەهێز. چونکە خەڵک حەز دەکەن بەخۆشەویستی کەسە گەشبینەکان دەکەن و لێیان نزیک ببنەوە.
4. بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە کاردا. چونکە کەسانی گەشبین توانای زیاتریان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەستەکان و دەرکردنی بڕیاری دروست.
5. ڕووبەڕووبوونەوەی سەختی و بەربەستەکان. گەشبینی هێزێکی ناوەکی دەبەخشێتە مرۆڤ کە یارمەتی دەدات ڕووبەڕووی سەختییەکان ببێتەوە و بەسەریاندا زاڵ بێت.
6. پاککردنەوەی دەروون لە نائومێدی و بێهیوایی.
7. لە سەختترین قەیران و بارودۆخەکاندا، بانگەوازی هیوا دێت تا گومانی چاکمان بە خودای گەورە تێدا بورووژێنێت.
“گەشبین بن بە خێر، دەیدۆزنەوە”، وشەیەکە گوێمان لێی دەبێت، ئای چەندە جوانە! کەسی گەشبین بە خێر، بەدەستی دەهێنێت، بە پشتیوانیی خودا؛ چونکە گەشبینی مرۆڤ پاڵ پێوە دەنێت بەرەو بەخشین و پێشکەوتن و، کار و سەرکەوتن.