بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە هەڵبژاردنەكانی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا گەلی كوردستان پاداشتی هەڵوێست و خۆڕاگری و قوربانیدانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی دایەوە و، بە پشتیوانیی گەلی كوردستان، پارتی بووە حزبی ژمارە یەك لە كوردستان و عێراق. هیوادارم لەو هەڵبژاردنەشدا گەلی كوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دووپات بكاتەوە.
هەر لێرەشدا داوا لە هاووڵاتیانی ئازیزی كەركووك و شنگال و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و، بە تایبەت داوا لە جەماوەر و لایەنگرانی پارتی لەو ناوچانە دەكەم كە بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری هەڵبژاردن بن و بە دەنگی خۆیان وەڵامی واقعی نایاسایی و سەپێندراوی ئەو ناوچانە بدەنەوە.
داواش لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان و جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم لە ڕۆژی دەنگداندا ئەركی نەتەوەیی و نیشتیمانیی خۆیان جێبەجێ بكەن و دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن. بە پێویستیشی دەزانم سوپاسی ئەندام و لایەنگران و سەرجەم ئۆرگانەكانی پارتی بكەم كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بانگەشەیەكی ئارام و مەدەنی و نموونەییان پەیڕەو كردووە.
هیوادارم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كەشێكی هێمن و بێ كێشە بەڕێوە بچێت و ئەنجامەكانیشی لە خزمەت چەسپاندنی بنەماكانی شەراكەت و داواكاریی هاووڵاتیان بێت و، ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلانی عێراق جێبەجێ بكرێت.
مسعود بارزانی
٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢١