محمد لادێ – ههولێر
پزیشکێکی کورد لە ڕێوڕەسمێکدا وەک یەکێک لە ١٠٠ پزیشکە هەرە باشەکانی جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دەستنیشان کرا.
دکتۆر فوئاد سورچی، پزیشکی ددان لە هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی خەڵاتكردنی باشترین پزیشكەكانی جیهان لە پسپۆڕی دداندا، بەفەرمی لە لایەن پەیمانگەی لوتکەی جیهانەوە، وەک یەکێک لە ددانپزیشكە هەرە باشەکەی ساڵی ٢٠٢٥ـی جیهان هەڵبژێردرا.
لە مەراسیمێکدا کە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە دوورگەی ساردینیای ئیتاڵیا بەردەوام بوو، بە بەشداری هەزاران پزیشك و پسپۆڕی جیهانی كە لە ١٥٠ وڵاتی جیهانەوە هاتبوون، ڕێوڕەسمی خەڵاتکردنی ١٠٠ ددانپزیشکی هەرە باش بەڕێوە چوو.
لە مەراسیمەکەدا، لەپێناو بەرزكردنەوەی توانای پسپۆڕی بۆ پەرەپێدانی ددانپزیشكی، بەشداربووەكان بە پێشكەشكردنی توێژینەوە و سیمینار و پانێڵ، ئەزموونی كاری خۆیان لەگەڵ هاوپیشەكانیاندا ئاڵوگۆڕ كرد؛ دکتۆر فوئادیش لە کاتی سیمینارەکەیدا وەک هەنگاوێک بۆ ناساندنی کورد و کوردستان تێڕوانینێکی گشتی دەربارەی قەڵای هەولێر لەسەر شاشە پەخش کرد.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە دکتۆر فوئاد کەمتەمەنترین دکتۆری بەشداربووی مەراسیمەکە بوو کە هەڵبژاردنەکەش لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پێوەری ورد بووە؛ لەوانە: لێهاتوویی لە پیشەدا، ئاستی توێژینەوە، خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەشداریکردن لە پەروەردە و ڕاهێنانی پزیشکی.
سازدانی ئەم جۆرە ڕێوڕەسمە جیهانییانە سوودێکی زۆری بۆ بەهێزکردنی پێگە پیشەییەکەی پزیشک هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا؛ چونکە دوابەدوای ئەم هەڵبژاردنە، ناوی پزیشکە هەڵبژێردراوەکان لە لیستی “Top 100 Doc” لەگەڵ وێنە و زانیارییە فەرمییەکەیان، لە ماڵپەڕی فەرمیدا بڵاو دەکرێتەوە. هەروەها لە توێژینەوکانیان لە لیستی توێژینەوە پزیشکییە تایبەتمەندەکاندا جێگیر دەکرێن.

