رۆژنامەی ھەولێر

باڵیۆزی تورکیا ستایشی پرۆژەی ڕووناکی دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لەگەڵ ئانل بۆرا ئينان، باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق، تاوتوێی پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیان لە ڕێگەی تورکیا و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرد.

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە‌ 17ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوای لە ‌ ئانل بۆرا ئينان، باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەدا کە ئەرمان تۆپچو، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، وێڕای گفتوگۆکردن لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیا و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم و دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان تاوتوێ کرا.

هەروەها جەخت لە کۆتاییهێنان بە هێرشی تیرۆریستانەی سەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی ئاسانکاری و هاریکاریی تورکیای بۆ هاووڵاتییانی هەرێم کرد لە کاتی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا.
باڵیۆزی تورکیا ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بواری وزە و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی کرد.

گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.