رۆژنامەی ھەولێر

دەست بە دابەشكردنی نزیکەى ( 14 هەزار ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران کرا

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.7.17، لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بەئامادەبوونى کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى و نوێنەرانى فەرمانگە و دام و دەزگا و وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە دیوانى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا وەک قۆناغی دووەم بەشێوەى تیروپشک دەستکرا بە دابەشکردنی نزیکەى ( 14 هەزار ) پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانى فەرمانگە و دام و دەزگاکانى حکومەتى هەرێم لە سنوورى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر.

لە رێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە فەرمانبەران، دەستخۆشی لە سەرۆکایەتى شارەوانى و بەرێوەبەرایەتى نەخشەدانانى ئاوەدانى هەولێر و فەرمانبەرانیان کرد بۆ ڕایککردنى کاروبارەکانى پەیوەست بە دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەران.

ئاماژەشی بەوەدا، دوای بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، بەخۆشحاڵییەوە لە ماوەیەکى نزیکدا توانرا ڕێکارەکانى پێویست بە دانانی نەخشەی کەرتی و دروستکردنی زەوی نیشتەجێبوون تەواوبکرێت.

جێگەى باسە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستاندا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی 200 مەتر زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان، لەو چوارچێوەیەشدا لە سنوورى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، وەک قۆناغی یەکەمدا ( 3 هەزار ) پارجە زەوی دابەشکراوە و لە قۆناغى دووەمیش کە ئەمڕۆ تیروپشکى بۆ ناوى فەرمانبەران کرا دابەشكردنی نزیکەى ( 14 هەزار ) پارچە زەویە لە سێ شوێنە، ئەوانیش ( گوندی دارەبەن، گوندی سەیدان، گوندی خەرەبەدراو)، کۆی گشتیى ئەو فەرمانبەرانەشی کە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی لە سنوورى سەرۆکایەتى شارەوانى ( 60 هەزار ) فەرمانبەرە، و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت و تاوەکو سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەى کە بڕیارەکەی حکومەت دەیانگرێتەوە سوودمەند دەبن.