رۆژنامەی ھەولێر

خۆشەویستی تا هەتایی

زاگرۆس كه‌مال

 

من نازانم……
چۆن بوو هاتی و
بووی بە شاگوڵی دڵی من،
لەپڕێکا
بووی بە بەستە، بووی بە ئاواز،
لەنێو راز و نیازی من.

خۆمن هێشتا
دام نەنابوو،
دڵم بکەم بەهێلانە،
بۆ کەسێ تر….
نیازم نەبوو
لاپەڕەکان، رەش کەمەوە
بۆ نووسینی حەزێکی تر
ئاخر چۆن؟
خۆت کرد بە ژوورا….
بووی بە خانەخوێی دڵی من،
بووی بە هەتوانی خەمان و
سەر دێڕی پڕ لەرازی من

تۆ چۆن هاتی؟
بۆچی هاتی؟
چەند دەمێنی،
کەی کۆچ دەکەی؟
دڵ هێلانەی پڕ ئارامتە
هەر هی خۆتە بۆ کوێی دەبەی
ژین بۆ تۆیە
بۆ تۆ دەبێ،
پێکەنینی بێ کۆتایی
خۆشم دەوێی،
پڕ بە وشەی خۆشەویستی تا هەتایی
خۆشەویستی تا هەتایی