رۆژنامەی ھەولێر

شاری ڕواندز و شانۆ و شانۆکاری

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

مەغدید حاجی نووسەر و مێژوونووس لە پەرتووكی (ئافرەت لە شانۆی كوردیدا) كە لە ساڵی (2024) چاپ كراوە باسی ئەو دەمەی كردووە كە پیاو دەوری ئافرەتی بینیوە.

لە سەرەتا نووسیویەتی: زۆربەی ئەو برا هونەرمەندانەی دەوری ئافرەتیان بینیوە، لەكاتی پێشكەش كردنی هەر بەرهەمێكی نوێ‌، لەسەر شانۆ یان كە لەسەر تەختەی شانۆ دابەزیون، دوو شتی دژ بە یەك لە ناخەوە هەژاندوونی، یەكەمیان ئاخهەڵكێشان بووە بۆ دواكەوتنی باری كۆمەڵایەتی و هۆشیاریی هونەری كۆمەڵگاکەیان بە گشتی كە بۆتە هۆی دوورەپەرێزیی ئافرەت لە شانۆ و ئەوانیش بە ناچاری بە ڕوویەكی دوور لە ڕاستەقینەیی و بێ‌ توانینی دەربڕینی هەستە دەروونییەكانی ئافرەت و ژان و باری ژیانی ڕاستەقینەی ئافرەت، ئەم كەلەبەرەیان پڕ كردۆتەوە.
هەستی دووەمیشیان، شادی‌دەربڕین بووە بەرامبەر خۆشەویستیی شانۆ و بەردەوامبوونی كاروانەكەی و ڕاكێشانی سەرنجی بینەران و دەنگدانەوەی چەپڵەی ڕەزامەندی لەناو هۆڵی شانۆدا.
مەغدید حاجی نووسیویەتی كە جێگای شانازییە بۆ مامۆستا و قوتابییە هونەرپەروەرەكان كە بەسەر قافڵەی كاروانی شانۆی كوردی دادەنرێن و هەر لە سەرەتاوە بەردی بناغەی شانۆ لە كوردستاندا لەسەر دەستی ئەو مامۆستا هونەرمەندانە دانراوە كە بە مامۆستا لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان دامەزراون و مامۆستایان فوئاد رەشید بەكر، عەبدولمەجید حەسەن، عەبدولخالق قوتب، جەواد رەسووڵ ناجی و، هتد، نموونەی گەشی ئەم بۆچوونەمانن.
ڕێکەوتی (15/10/1931) لە رواندز شانۆگەریی (نیرۆن) پێشکەش كراوە؛ لە دەرهێنانی مامۆستا فوئاد ڕەشید بەكر کە هونەرمەند جەواد رەسووڵ ناجی (34) دەوری ئافرەتی تیا بینیوە.
عەلی مەكتەبە كە ڕۆشنبیرێكی پێشكەوتنخوازی بەتەمەنی شارەكە بوو، دەڵێ‌: (لە كاتی پێشكەشكردنی شانۆگەرییەكەدا چووم دەستەجلێكی دایكم و خشڵەكانیم بۆ مامۆستا جەواد بردنە قوتابخانە تاكو بۆ دەورەكەی بیكاتە بەر.
ساڵی (1943) شەهید محەمەد مەحموود قودسی لە تەجنیدی رواندز ئەفسەر بووە؛ نیشتمانپەروەرێكی پاك و ڕۆشنبیرێكی شانۆدۆست بووە؛ لەو ساڵەدا (1943) شانۆگەریی (دڵداری و پەیمان پەری)ـی ئامادە كردووە و بۆ سەر شانۆ دەری هێناوە و تیایدا بەڕێز فایەق مەحموود قودسی دەوری (شێرۆ) و سەیدا گولی دەوری (نازەنین)ـی بینیوە.
نووسەر چەند زانیارییەكی بڵاونەكراوەی خستۆتە ڕوو، دەربارەی ئەو هونەرمەندە دڵسۆزانەی لەم شارە بەرز و دڵگیرەی كوردستاندا چوونەتە سەر شانۆ لەپێناوی ئەشقی پیرۆزی شانۆدا دەوری ئافرەتیان تەمسیل كردووە.
1. شانۆگەریی (پیسكەی تەڕپیر)، دەرهێنانی عومەر هەڵمەت ساڵی (1962) لە قوتابخانەی پاشای گەورە پێشکەش كراوە و بەڕێزان: (سیروان سەید ئەحمەدو عەبدولقادر دەروێش) دەوری ئافرەتیان تیا بینیوە.
2. (هەڵە) دەرهێنانی سەردار بێبەخت، ساڵی (1970) لە هۆلی پاشای گەورە پێشكەش كراوە و، بەڕێز جەمال ئەحمەد حارس دەوری ئافرەتی تیا بینیوە.
3. بەڕێز حەسەن رەمەزان لەم بەرهەمانەی خوارەوەدا دەوری ئافرەتی بینیوە:
_ (كە جام پڕ بوو لەسەری دەڕژێ‌) نووسینی ئەمینی میرزا كەریم و دەرهێنانی مامۆستا زرار محەمەد مستەفا هۆڵی پاشای گەورە، 1971.
_ (خێزانێكی سەیر) نووسینی ئەنوەر قادر و دەرهێنانی زرار محەمەد مستەفا، هۆڵی پاشای گەورە (1972).
4. شاكر سابیر لە شانۆگەریی (دایكی شەهید) نووسین و دەرهێنانی مامۆستا زرار محەمەد، هۆڵی پاشای گەورە (1972).
5. زاهیر ئاغا، لە شانۆگەریی (مام رەمەزان) بابەتێكی فۆلكلۆرییە، دەرهێنانی ئەنوەر قادر، هەمان هۆڵ (1973).
6. ئازاد محەمەد مەولوود و حەسەن حسێن نانەوا لە شانۆگەریی (دواڕۆژی زوحاكی زۆردار) نووسینی مامۆستا زەكی هەناری و دەرهێنانی مامۆستا زرار محەمەد؛ ڕۆژی (2/4/1973) لە گۆڕەپانی گەردەگەردێ‌ بە بۆنەی نەورۆزەوە پێشكەش كراوە.
7. ئیبراهیم حسێن ئیسماعیل، لە شانۆگەریی (خۆڕاگرتن تا سەركەوتن) گۆڕین و دەرهێنانی (زرار محەمەد مستەفا) هۆڵی پاشای گەورە، 1979.
8. نەژاد ئەكرەم حەیدەری لە شانۆگەریی (نهێنیی پیشە) نووسینی (محەمەد بودشیشە) و دەرهێنانی (زرار محەمەد) هەمان هۆڵ 1982.
9. نەبەز فەقێ‌ عەوڵا لە شانۆگەریی (القاعدە والاستپناء) نووسینی (برتولد بریخت) و دەرهێنانی (زرار محەمەد) هەمان هۆڵ و هۆڵی سانەوی (سدیق)، 1983.