رۆژنامەی ھەولێر

بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی.. سبەی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە پیرمام بەڕێوەدەچێت

بریارە سبەی دووشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، كۆبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا لە پیرمام بەڕێوەبچێت، پرسی نەناردنی مووچە و كێشە داراییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە دەبێت.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی دەست (كوردستان تیڤی) كەوتووە، لە كۆبوونەوەكەی سبەی نێوان پارتی و یەكێتی، سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشدار دەبن.

لەلایەن شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشدار دەبێت.

تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە، تاوتوێی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی مووچەی مووچەخۆران دەبێت، هەروەها پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە دەبێت.

لای خۆیەوە فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار دەبێت.

راشیگەیاند: پرسی مووچە و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە دەبێت