رۆژنامەی ھەولێر

تێڕوانینێک بۆ کتێبی “گەڕانی مرۆڤ بەدوای مانا” لە نووسینی ڤیکتۆر فرانکڵ

وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

بێنە بەرچاوی خۆت کە دەتەوێت قاچە ئاوساو و بریندارەکانی خۆت بە هەر جۆرێک بووە بخەیتە نێو جووتە پێڵاوێکی لەپێکەوتوو، بەڵام ناتوانیت! دووبارە هەوڵ دەدەیتەوە بەڵام بێسوودە. قاچەکانت هێندە ئاوساون کە تەنانەت ناتوانیت بە چاکی ڕێ بکەیت، بەڵام چارەیەکی دیکەت نییە. هاوارێکی دیکەی پاسەوانەکە بەسە تا بەخۆت بێیتەوە. ئەو تێلانەی کە پێشتر لە جیاتی پەتی پێڵاو بەکارت دەهێنان، دەردەهێنیت و هەوڵ دەدەیت هەر جۆرێک بووە پێڵاوەکانت بە پێیەکانتەوە ببەستیتەوە و هەستیتە سەر پێ و پێیان بڕۆیت.

کاتژمێرێک دواتر، گەیشتوویتە شوێنی کارەکەت؛ دەچیتە ڕیزی دوورودرێژی مرۆڤە هاوبەندییەکانت و بێ دواکەوتن و لەژێر چاوەدێری سەرکارەکاندا دەست بە کار دەکەیت. دەبێت زەوییە بەستەڵەکەکە هەڵقەنیت تا دواتر بۆڕیی ئاوی پێدا بکێشرێت. بە دەیان جار پێمەڕەکەت لە عەرزە ڕەقەکە داوە، بەڵام هەر جارەی کە بۆ هەناسە تازەکردنەوەیەک وەستاویت، لە بەختی خراپی خۆت، سەرکرێکارێک چاوی لێت بووە و هێرشی کردووەتە سەرت: “هەی بەرازی پیس! تەواوی کاتەکە چاوم لەسەرت بووە! پیشانت دەدەم کارکردن مانای چییە!”
دوای چەند کاتژمێر کاری بەردەوام، دووبارە لە هەمان ڕیز، دەگەڕێیتەوە بۆ کەمپەکەت؛ زیندووگەلێکی مردوو بە چلەئێسقانی دەرپەڕیو، جلوبەرگی دڕاوە و قاچی ئاوساو کە بە دوای یەک تەتەڵە دەکەن.
لە ڕەنگ و ڕووی هەر کەس و نیشانەکانیەوە، بە باشی دەکرێت گریمانەی ئەوە بکرێت کە تا چەندی تر زیندووە یا دەمرێت؛ بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەریش زۆربەی گریمانەکان ڕاست دەردەچن!
بە دەستەکانت، لەمسی ئەو پارچە نانە دەکەیت کە وەک خواردنی ئەمڕۆ لە نێوتاندا دابەش کراوە؛ جگەرەیەکیشت هەیە. لا کاتی بیرکردنەوە لەوەی کە جگەرەکە بە قاپێک شۆربا بگۆڕیتەوە، لەناکاوڕا قۆنداغە تفەنگێک بەر تەپڵە سەرت دەکەوێت! نابێت ڕیزەکە تێکبدەیت!

ئازار و مانا؛ دووانەی چارەنووس
“ئەگەر ژیان ئازارکێشانە، ئەوا بۆ زیندوومانەوە دەبێت بە ناچاری مانایەک لە ئازارکیشان بدۆزیتەوە.”
ڤیکتۆر فرانکڵ تا بەر لە چوونە نێو وێستگەی مەرگ، نووسەر و دەروونپزیشکێکی نەمساوی بوو، بەڵام کەمێک دواتر کە شەمەندەفەری چارەنووس گەیاندیە ئاشویتس هەموو شت گۆڕا. کەمێک دواتر هەموو ئەوەی هەیبوو لەدەستی دا و وەک هەموو تازە هاتووەکانی دیکە ئەوەی بۆی مایەوە تەنیا جەستە گاڵتەپێکراوە ڕووتەکەی بوو.
ئەو کە بە تازەیی نووسخەی دەستنووسی پەرتووکەکەی دابووە ئێس.ئێس (دەزگای ئەمنی و سیخوڕی نازییەکان) تا لەناو ببرێت، ئێستا باشتر لە هەر کەسێکی دیکە دەیزانی دەبێت بۆ مانەوەی، بە چڕنۆک و ددان شەڕ بکات.

پەرتووکی “گەڕانی مرۆڤ بە دوای مانا”
“گەڕانی مرۆڤ بە دوای مانا”، بەرهەمێکی ڤیکتۆر فرانکڵی دەروونپزیشک و داهێنەری لۆگۆتراپییە. ئەم پەرتووکە دوو بەشی هەیە؛ بەشی یەکەم بریتییە لە یادەوەری و ئەزموونەکانی ژیانی نووسەر لە کامپەکانی کاری زۆرەملێ، بەشی دووەمیش ناساندنی لۆگۆتراپی و تاوتێکردنی دەرەنجامی بەکارهێنانیەتی لە ژووری دەروونچارەسەری.
ئەو هەڵسوکەوتی زیندانی و زیندانبانەکان لە ڕێگەی ئەزموونەکانیەوە شی دەکاتەوە و لە کۆتاییدا پێت دەڵێت چۆن مانادۆزینەوە بۆ ئازارێک کە بەسەرماندا سەپاوە، دەتوانێت قورسی ئەو بارەی کە خراوەتە سەر شانمان، کەم بکاتەوە.

سێ وێستگە لە دەروونی مرۆڤ
بە قسەی فرانکڵ، هەر زیندانییەکی تازەهاتوو یەک لە دوای یەک سێ قۆناغی دەروونی دەبڕێت:
قۆناغی یەکەم: شۆکی سەرەتای هاتنە کامپ
لەم قۆناغەدا کەسەکە هەموو داراییەکەی لەدەست داوە؛ تەنانەت کورتترین تاڵە مووی لەشیشیان تاشیوە. ئەو، ژمارەیەکە لەنێو کۆمەڵێک ژمارەی دیکە. ناو یان پیشەکەی گرنگ نییە؛ ئەگەر بیانەوێت بیخەنە ژوورەکانی غازەوە یان تێیهەڵدەن، هێندە بەسە کە تەماشای ژمارە تاتۆکراوەکەی سەر جەستەی بکەن؛ تەماشاکردنێک کە ئەو لێی تۆقیوە. ئەو کەسەی پێشتر لە کۆمەڵگەدا کەسێکی ڕێزدار بووە ئێستا بە خراپترین ناو بانگ دەکرێت، خواردنی زۆر پیس و خراپی پێ دەدرێت و بە قیمەتێکی زۆر کەم دەفرۆشرێتە کارگەکان بۆ بێگاری و کارپێکردن.

قۆناغی دووەم: بێهەستی و گۆشەگیربوون
گرنگ نییە ژمارەی کێ لە لیستەکەدا بێت، گرنگ ئەوەیە لیستی ئێس ئێسەکان کامڵ بێت؛ بۆیە هەموو هەوڵ دەدەن بە هەر جۆرێک بووە ناوی خۆیان و هاوڕێ و کەسە نێزیکەکانیان لە لیستەکە دەربهێنن و کەسێکی دیکەی بخەنە جێگەی. دوای ماوەیەک، ئیتر بینینی لێدان و ئەشکەنجەی کەسانی دیکە سەرەنجت ڕاناکێشێت و تەماشای ڕاکێشانی تەرمی تیفۆسیی خەڵک بەسەر زەویدا وات لێ ناکات قاپی شۆربا بێتامەکەت هەڵنەقوڕێنیت. لەوانەیە خۆشت باوەڕ نەکەیت؛ کە ئیتر هەستەکانت جگە لە کاتی شەڕ یان هەڵاتن وەخۆ ناکەون.

قۆناغی سێیەم: گەڕانەوە بۆ ژیان
هەروەک چاوەڕوانی ئەوە دەکەین، بینینی دووبارەی ئاوابوونی خۆر، بۆنکردنی گوڵێک یان پیاسەکردن بە ویستی خۆی، دەتوانێت بۆ زیندانییەکی تازە ئازادبوو هەستێکی زۆر تایبەت و خۆشی هەبێت؛ بەڵام لەوپەڕی سەرسوڕماندا کەسەکە هەرکە ئازاد دەبێت، ڕووبەڕووی پێچەوانەی ئەمە دەبێتەوە؛ هەست دەکات کە ئیتر هیچ شتێک هەستی ناجووڵێنێت و هێشتا ژیان وەک سەردەمی پێش دیلبوون، خۆش و سەرەنجڕاکێش نییە. لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی کەمی درک و تێگەیشتنی دەوروبەرییەکانی لەبارەی ئەوەی بەسەری هاتووە، هەست بە تەنیایی دەکات و گۆشەگیر دەبێت.
لە هەندێک حاڵەتیشدا لەوانەیە زیندانییەکە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بە خۆ هاتووەتەوە، بیهەوێت تۆڵە بکاتەوە یان زیان بە کەسانی دیکەی بگەیێنێت.

لۆگۆتراپی
لۆگۆس بە یۆنانی بە واتای “مانا” دێت. لۆگۆتراپیش بە واتای بوونی مرۆڤ و گەڕانیەتی بۆ گەیشتن بەم مانایە و دۆزینەوەی مانا بۆ ژیان بە هێزی جووڵێنەری سەرەکی ئەو دادەنێت.
فرانکڵ لاێتان دەپرسێت: “بۆچی خۆناکوژیت؟” و لە وەڵامەکەتانەوە هێڵی سەرەکی دەروونچارەسەریەکەی دیاری دەکات.
بە بۆچوونی ئەو، لە ژیانی هەر کەسێکدا شتێک هەیە کە دەیبەستێتەوە بە ژیانەوە. خۆشویستنی کەسانی دیکە، منداڵ، بەهرە و تواناییەک کە هەمیشە ویستووەتانە گەشەی پێ بدەن یان ئەو یادەوەریانەی کە شایانی پاراستن بوون.
کتێبەکەی فرانکڵ زۆر بە باشی دەتوانێت پەنجەرەیەکی جیاواز لە مێشکی خوێنەردا واڵا بکات تا بتوانێت بە شێوەیەکی نوێ سەیری ئازارکێشان و تاقەتهێنان لە ژیان بکات. چونکە نووسەر بە باشی دەزانێت کە:
“مرۆڤ لە لایەکەوە ئەو بوونەوەرەیە کە ژوورەکانی غاز و کوورەکانی سووتاندنی مرۆڤی لە ئاشویتس دروست کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە هەمان ئەو بوونەوەرەیە کە بە بوێری و ناوی خوا و نوێژی شەمایسرائیل پێی ناوەتە نێو کوورەکانی سووتاندنی مرۆڤەوە.”
سەرچاوە: ماڵپەڕی ئاڤانگارد