سلێمان تاشان – ههولێر
پڕۆژەی فریاکەوتنی ئاوی هەولێر وەک پێشتر پلانی بۆ داڕێژرابوو لە تاقیکردنەوەدایە، تیمەکان خەریکی پاککردنەوەی لوولەکانی گواستنەوەی ئاون و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە فەرمی بە ئامانجی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان بەردرێتەوە و خەڵک لە کێشەیەکی سەرەکیی خزموتگوزاری ڕزگار بکات.
پڕۆژەکە ستراتیجییە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئاوەکە گەیشتووەتە هەندێک گەڕەکی هەولێر و لە ڕۆژانی داهاتوودا لە شەقامی مووسڵەوە تا دەگاتە شەقامی کۆیە سەرجەم گەڕەکەکانی دەرەوەی سەد و بیست مەتری و بنەسلاوە و داورەتووە پاراو دەکات و تا کۆتایی ساڵ تەواوی هەولێر دەگرێتەوە، دوێنێ لەکاتی خاوێنکردنەوەی لوولەکان بەرپرسی تیمێکی پاککردنەوەی ئاو گوتی تا کۆتایی هەفتە ئاوەکە بەردەردرێتەوە، پێشتریش ڕابەر حسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتبووی لە بیستی مانگی تەمووز ئاوەکە بەردەدەنەوە.
پڕۆژەی فریاکەوتنی ئاوی هەولێر تا ساڵی ٢٠٥٠ هەولێر لە کەمئاوی رزگار دەکات، پڕۆژە جوان و ستراتیجییەکان بەشێک لە سەرکەوتنیان بە ئیدارەدانیان گرێ دراوە و ئەگەر بە باشی ئیدارە بکرێت ئەوا نەک بەشی بیست و پەنج ساڵ بگرە بەشی ساڵانێکی زۆر زیاتر دەکەن و ئەگەر خراپیش ئیدارە بکرێت ئەوا تەمەنەکەی کورت دەکاتەوە و لەوانەیە دوای کەمتر لەو ماوەیەی بۆی تەرخان کراوە جارێکی تر کێشەی ئاو سەرهەڵبداتەوە و حکوومەت ناچار بێت بە سەرمایەی تر پڕۆژەی دیکە بنیات بنێت بۆ ئەوەی قەیرانەکە چارەسەر بکات.
ئەزموونی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە وانەی لێوەرگیرێت و لەرێی ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی کارەبا و پاشان قەیرانی دەیان ساڵەی کارەبا و گەیشتن بە پڕۆژەی ڕووناکی هەیەتی، ئاوڕێکیش لە کەرتی ئاوی خواردنەوە بداتەوە.
وەک ئاشکرایە سەردەمێک هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری تەنیا لە دابینکردنی کارەبا و سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکانی کارەبا خەرج دەکرد بەڵکوو بتوانێت کۆتایی بە پچڕانی کارەبا بهێنێت و کێشەکە چارەسەر بکات بەڵام ئەمە لەبەر هۆکارێک بەردەوام تووشی شکست دەبوو و دەنگی مۆلیدەکان بەرانبەر کارەبای نیشتمانی زیاتر بەرز دەبووویەوە.
هۆکارە سەرەکییەکە پێوەندیی بە هەرزانیی نرخی کارەبا و نەبوونی هیچ جۆرە ڕێکارێک بۆ بەکاربردنی کارەبا بەگوێرەی پێویست هەبوو، خەڵک بە لێشاو کارەبایان خەرج دەکرد و هەموو ئامێرەکانیان پێ دەکرد و بەو نرخە هەرزانەی داندرابوو هیچ کات نەیدەتوانی هۆشیاری بێنێتە کایەوە.
هۆی سەرکەوتووبوونی پڕۆژەی ڕووناکی ڕێک ئەم خاڵەیە کە قازانجی دوو لایەنەی بۆ حکوومەت و خەڵکیش هەیە، خەریکە هۆشیارییەکی گشتیی لە بەکاربردنی کارەبا دەهێنێتە کایەوە، خەڵک لە مۆلیدە ڕزگاریان بووە کەچی ئەو پارەیەی دابینی دەکەن لەو پارەیە زیاتر نییە جاران بەیەکەوە بۆ مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی دابینیان دەکرد.
لە سیستمی کارەبادا بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە سەرکەوتوو بێت پێویست بوو سەرەتا ژێرخانی کارەبا لە ڕووی گواستنەوە و دەستنیشانکردنی بڕی خەرجی و نەهێشتنی زێدەڕۆیی تۆکمە بکرێت، پڕۆژەی کارەبای زیرەک لەپاڵ ئیدارەدانی باش بوونە بنەما بۆئەوەی پڕۆژەی ڕووناکی سەرکەوتن تۆمار بکات.
لە پرسی ئاودا هەر چەندە ژێرخانەکەی ئامادەیە و سەعات بۆ هەموو ماڵێک بەستراوە بەڵام کەمتەرخەمییەکی زۆر لە ئیدارەدانیدا هەبووە و ئەگەر بە هەمان پێوەر و ڕوانگەی جاران ئاو بۆ خەڵک دابین بکرێت ئەوا نەک زێی گەورە زەریای ئەتڵەسیش ناتوانێت پێداویستییەکانی خەڵک بە ئاو پڕ بکاتەوە.
لە ڕابردوودا خەڵک شانبەشانی کەمیی باران و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، ئەوەندە ئاویان بە فیڕۆ دا کە بەیەکەوە بوونە هۆی وشککردنی بیرەکان، بەو ئاوە خاوێنەی لە دڵی زەوی دەردەهێنرا خەڵک کۆڵان و شەقامیان پێ دەشوشت و تەنانەت ئامادە نەبوون تەوافەیەک لە تانکییەکانی سەربان ببەستن بۆ ئەوەی ڕێ لە بەفیڕۆدانی ئاو بگرن.
تەنانەت ئێستا کە هەندێک گەڕەک بەدەستی کەمئاوی دەناڵێنن، هەندێک ماڵ هەن ئاو دەکڕن و خەریکی بەتاڵکردنی ئاون کەچی لەسەری کۆڵان هاووڵاتیی ناهۆشیار لە کاتێکدا سۆندەی ئاوی بەدەستەوەیە و بە ئاوی خواردنەوە شەقام دەشوات، سەیری دیمەنی بەرزکردنەوەی سۆندەی تانکەر بەرەو سەربانی دراوسێکەی دەکات کە لانی کەم بیست هەزار دیناری پێ دراوە بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە خۆی هۆکاری قەیرانەکەیە.
سەرکەوتووبوونی پڕۆژەی ئاو بەوە بەندە وەک چۆن بۆ کارەبا تا ئاستی پێداویستیی خەڵک نرخێکی گونجاو دەستنیشان کراوە، بۆ ئاویش هەمان سیستەم جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی ئەو ئاوە بە فیڕۆ نەدرێت و لە یەک کاتدا ئاو و کارەبامان هەبێت و لە هەمان کاتدا خەرجییەکی کەم دابین بکەین و پارێزگاری لە سامانێکی گەورەی نیشتمانی بکەین.

