ڕائیب جادر – هەولێر
ھەر چەندە بەغدا سیاسەتی سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان پەیڕەو دەکات، بەڵام ھێشتا لە بڕی بەرگری کردن لە خەڵک و مافەکانیان کەسانێک ھەن کە نوێنەری خەڵکن لە بەغدا و لە بەرەی دژی خەڵک پاساو بۆ سزادانەکانی بەغدا دێنەوە. وەکو شارەزایانی سیاسی، دەڵێن، ئەو ڕەفتارانە لە ھیچ چەمکێکی سیاسەتدا جێگەی نابێتەوە، بەڵکو تەنیا سەنگەرگرتنە لەو میللەتەی کە بە دەنگەکانیان ئەوانیان وەکو نوێنەری خۆیان ناردووەتە بەغدا.
سیاسەتی برسیکردن و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کاردانەوەی کوردستانیانی لێکەوتووتەوە و ئەوەی بەغدا بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان دەیکات سیاسەتی بچووکردنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و ڕێگری کردنە لەو پێشکەوتنانەی کە حکوومەتی ھەرێم لە ماوەی ڕابردوو ئەنجامی داون، ئەو کار و ھەڵوێستانەی ژمارەیەک نوێنەری کورد لە بەغدا دژی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی دەیکەن، زیانگەیاندنە بە خۆیان و نەتەوەکەیان، ئەوان بۆ بەرژەوەندی دوژمنان کار دەکەن و سوود بە خەڵکی ھەرێم ناگەیەنن.
ھەر چەندە ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەرکە داراییەکانی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە، بەڵام بەغدا ھەر جارە و بە بیانۆیەک فەرمانبەرانی ھەرێم نان بڕاو دەکات و مووچەکانیان ڕەوانە ناکات، لە بڕی یەک ھەڵوێستی لەبەرامبەر برسیکردنی خەڵکی کوردستان ھێشتا ھەندێک کەس و لایەنی کوردستان کە نوێنەری خەڵکن لە بەغدا، پشتیان لە مافەکانی خەڵک و ڕوویان لە بیانۆھێنانەوە بۆ سیاسەتی برسیکردن دێنەوە.
فەرمانبەر و کاسبکار و ھاووڵاتییان لە ھەمبەر نەناردنی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکوومەتی ناوەند داوا دەکەن لایەنە سیاسییەکان بە گوتارێکی یەکگرتوو لەڕێگەی حکوومەتی ھەرێم مافەکانیان لە داھاتوو لەڕێگەی بەغداوە دەستەبەر بکەن.
زیاد موسلیح، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێ: ھەندێک کەس لە کوردستان بە دەنگی خەڵک و بە سروودی ئەی ڕەقیب چوونەتە بەغدا بۆ ئەوەی بەرگری لە قوتی خەڵکی کوردستان بکەن، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە، بۆیە ئەوەی ئەوانە دەیکەن خیانەتە، خۆ فرۆشتنە، کەی لەناو سیاسەت شتی وا ھەبووە تۆ خیانەت لە میللەتەکەی خۆت بکەی و بڵێ من سیاسەت دەکەم، ئەوە سیاسەت نییە، ئەوە بەکرێ گیراوییە بەرامبەر بە میللەتەکەی خۆیان دەکەن.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: خەڵک چەند لە بەغدا نیگەرانە، زیاتریش لەوانەی بوونەتە چاو ساغ و ڕێ نیشاندەر بۆ سزادانیان و پاساو بۆ بەغدا دێنەوە لە ھەمبەر نان بڕینیان، لە جیاتی ئەوەی داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، کەوتوونەتە سەنگەری داگیرکەرانی کورد، بەرگری لە قسەی داگیرکەران دەکەن، ئەوەش بەس بۆ بەرژەوەندی خۆیانە نەک میللەتەکەی خۆیان، کە ھەموو ئامانجی ئەو کەس و لایەنانە ئەوەیە قەوارەی ھەرێمی کوردستان نەمێنێت.
نەوزاد فەھمی، شارەزای سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ئەوەی ئێستا حکوومەتی عێراق لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەکات ئەو پەڕی زوڵم و ستەمە بەرامبەر بەو میللەتە دەکرێت، لەوەتەی عێراق ھەیە بە ھەموو شێوەیەک دژایەتی خەڵکی کوردستان دەکات، ھەر شتێک کە لە دەستەڵاتی ئەواندا بێت بەرامبەر بەو خەڵکە دەکەن، کوردستان ھەموو شتێکی ڕادەست کردووە، بەڵام بەغدا ھەر دەیەوێت کوردستان بچەوسێنێتەوە، ھەندێک لایەنیش خەڵکی کوردستان بێزار دەکەن و ھەرێمی کوردستان خەتابار دەکەن.
ئەو شارەزایە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ئامانجی حکوومەتی عێراق، لەگەڵ ئامانجی دەوڵەتانی ھەرێمی دوو خاڵی سەرەکییە یەکەم لاوازکردنی ئینتیمای نیشتمانی ھاووڵاتییانی کوردستان، دووەمیش ڕاگرتنی پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەوەی لەسەر حکوومەتی ھەرێم بووە بە تەواوەتی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام بەغدا نیازیەتی ھەرێمی کوردستان بچووک بکاتەوە.
سەبوور مەحموود، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ئەوەی بەغدا نەیتوانی بەھێز بکات، ئێستا بە نایاسایی و نادەستووری دەیکات، ھۆکارەکان سیاسین و تەکنیکی نین، سیاسەتی ئێستای بەغدا بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان لەبارەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، بە شێوازێکی دیکە ئەنفالکردنی کوردە، لە جیاتی ئەوەی لایەنە کوردستانییەکان دژ بە زەوتکردنی ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان یەک دەنگ بن، بوونەتە پارێزەری بەغدا و دژی خواستەکانی خەڵکی کوردستان دەوەستنەوە.
ئەو چاودێرە، ئاشکراشی کرد: ئەو کارەی ھەندێک لایەنی کوردستانی لە بەغدا دەکەن، دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتمانی، ئەو کەسانەی بەوشێوەی ئێستا بیر دەکەنەوە و لە بەغدا دژی حکوومەت و ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، دەچێتە چوارچێوەی بەکرێگیراویی، پێویست بوو خزمەت بە ھاووڵاتییان بکەن و کار بۆ پێگەی حکوومەت بکەن لە بەغدا نەک لاوازبوونیان.
سەبوور مەحموود، چاودێری سیاسی، دووپاتی کردەوە، پێگەی کورد پێگەیەکی دەستوورییە، ئەگەر چۆن دژی قەوارەی ھەرێم و حکوومەت بوەستنەوە، ناتوانن کار بکەنە سەر پێگەی کورد، تەنیا خۆیان و کەسایەتی خۆیان و حزبەکانیان پێ ناشیرین دەبێت، ھەمیشە کورد ناڵاندوویەتی بەدەست ئەو دەستانەی کە لە ناوخۆی خۆیدا دروست بووە، چونکە ھەمیشە دەستی خیانەت لەناو خۆماندا بووە، ھەرکات کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتنی کردبێت و گەیشتبێتە ئەنجام، لەژێرەوە کار بۆ تێکدانی دەکەن.

