كارزان گلی – ههولێر
نووسەرێكی باكووری كوردستان، پێی وایە پڕۆژەی بەكارهێنانی داعش بەرامبەر بە كورد بەردەوامی هەیە، بەڵگەش بۆ ئەو قەسەی بە رووداوەكانی حەسەكێ و پەلاماردانی پێشمەرگە دەهێنێتەوە لەلایەن گروپی تیرۆریستی داعشەوە.
ئایدن دەرە، نووسەری دیاری باكووری كوردستان، كە نیشتەجێی وڵاتی سویدە، ئاماژە دەدات، لە رووداوەكانی حەسەكی 175 چەكداری داعش كوژراوە و حەوت چەكداری سەر بە هێزەكانی سووریای دیموكراتیش شەهید بوونة؛ هەموو ئەو چەكدارانەی لە زیندانەوە رایانكرد دەستگیر كرانەوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت، كە پڕۆژەی بەكارهێنانی داعش بەرامبەر بە كورد بەردەوامی هەیە.
دەرە دەڵێت: ”لە مانگەكانی رابردوو، 28 پێشمەرگە بە دەستی داعش شەهید بوون، ئەمەش پێمان دەڵێت كە گرنگە رۆژئاوای كوردستان، سەربەخۆیی رابگەیەنێت و لەگەڵ ههرێمی كوردستانيش پەیوەندی بازرگانی و دیبلۆماسی برەو پێ بدات، تا رۆژی خراپتر رووبەڕوومان نەبووەتەوە“.
هەر لەو لێدوانەیدا، توركیا تۆمەتبار دەكات، بەوەی نهێنی نییە كە داعش بەرامبەر بە كورد بەكاردەهێنێت، بەڵگەش بۆ ئەمە، هەموو ئەو داعشانەی دەستگیر دەكرێن، دەڵێن ”ئێمە مەگەڕێننەوە بۆ وڵاتی خۆمان، بەڵكوو رادەستی توركیامان بكەن“
دەرە داوا لە بەرپرسانی ههرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دەكات، هەرچی زووە، ئەم بابەتە، واتە بەكارهێنانی داعش دژی كورد، بگەیەننە نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ.
جگە لە ئایدن دەرە، چەند نووسەرێكی تری باكووری كوردستان، پێیانوایە پێویست دەكات، كە پەیوەندی نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستان برةوی پێبدرێت و پەكەكە نەبێتە هۆكار بۆ لێكترازانی ئەو دوو بەشەی كوردستان.
محەممەد فورات، بەباشی دەزانێت رۆژئاوا ئەوپەڕی پەیوەندی باشی لەگەڵ ههرێمی كوردستاندا هەبێت، چونكە لە هەر ئەگەرێكی شەر یان قەیران كە رووبەڕوویان دەبێتەوە، ههرێمی كوردستان بەهانایانەوە دەچێت.
فورات، باس لەوكاتانە دەكات، كە داعش هێرشی كردە سەر كۆبانێ و تا پێشمەرگە نەچووە ناو شەر و پشتگیری لە كوردانی رۆژئاوا نەكرد، كۆبانێ رزگاری نەبوو، بۆیە هەرچەندی كوردەكانی پارچەكانی تری كوردستان پشتگیری یەكتری بكەن كەمە.
نەبوونی دەوڵەت بۆ كورد مۆتەكەیەكی ترە، بۆیە بەشێك لە نووسەران پێیانوایە، ئەگەر كورد دەوڵەتی خۆی هەبوایە، هەرگیز دووچاری ئەو نەهامەتی و پەلاماردانەی داعش نەدەبووەوە، بەڵكوو دەیتوانی بەهێزی بمێنێتەوە.
هەردوو نووسەر، پشتگیری تەواو لە سەربەخۆیی كوردستان دەكەن و دەڵێن پێویستە هەموو كات وەبیری نەیارەكانمانی بهێنینەوە، كە ئێمە سەربەخۆییمان دەوێت و رۆژێك دێت بەو ئارەززوەمان بگەین.