رۆژنامەی ھەولێر

قاسم ئەعرەجی: پێویستە هەولێر و بەغدا کێشەی مووچە چارە بکەن

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت: پێویستە شایستەکانی هەرێم بەتایبەتی مووچە دابین بکرێت، دەشڵێت: پێویستە هەولێر و بەغدا کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارە بکەن.

پێنجشەممە 10ـی تەممووزی 2025، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە مەزاری نەمران لە بارزان گوتی: پێویستە هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی مووچە بگەنە ڕێککەوتن و ئەو کێشەیە چارە بکەن، دەشڵێت: پێویستە کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەپێی دەستوور چارە بکرێن و شایستەکانی هەرێم، بەتایبەتی مووچە دابین بکرێت.

ئەعرەجی گوتی: عێراق لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان دەکات کە لە ماوەی دوایی کرایە سەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، دەشڵێت: لە سەردانەکەم بۆ کوردستان، لەگەڵ سەرکردایەتی  کوردستان تاوتوێی دۆخی ناوچەکەمان کرد.

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دوێنێ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکاندا، بارودۆخی ناوچەکە و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ، لەگەڵ کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کە هەنگاو بۆ چارەکردنی دەنرێت،تاوتوێ کران،