رەوەندی كورد لە وڵاتانی ئەمریكا و كەنەدا كاریگەرییان هەبووە لە گەیاندنی كێشەی رەوای كورد بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكاندا، هەندێك لە چالاكوانە كوردەكان لە ڕێگەی ناردنی پەیام و نامە بۆ دیپلۆماتكارە بیانییەكان ماندووبوونێكی زۆریان چەشتووە، لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا تاوەكو ئێستا ژمارەیەك چالاكی گەورە لە ئەمریكا كراون
حیكمەت بامەڕنی، بەرپرسی لقی ٧ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەمریكا و كەنەدا، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ “هەولێر”، باسی یەكەمین چالاكی بەردەم بینای نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری نیویۆرك دەكات و دەڵێت: “یەكەمین جار لە ساڵی ١٩٧٨، بە بڕیاری سەركردەی كۆچكردووەی كورد ژەنەراڵ مستەفا بارزانی، لەبەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری نیویۆرك گردبوونەوەیەكمان کرد، بە مەبەستی سەركۆنەكردنی سیاسەتی رژێمی بەعس بوو، داوامان لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد كە پشتیوانی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكات و لەسەر ستەمكاریی دژمنانی كوردستان بێتە دەنگ.
حیكمەت بامەڕنی، گوتیشی: “سەبارەت بە چالاكی دووەمیش هەر لەلایەن لقی ٧ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام درا و كە بریتی بوو لە شەرمەزاركردنی ئەو كارەساتەی كە بەسەر هەڵەبجەی شەهیدا هات، لەم چالاكییە توانیمان ١٨ چالاكوان بە جلی كوردییەوە بچینە نێو بارەگای سەرەكیی نەتەوە یەكگرتووەكان و داوامان كرد، كە نامەیەك سەبارەت بە دۆخی كوردستان بگەیەنینە نەتەوە یەكگرتووەكان و پێشكەش بە سكرتێری گشتیی UNی بكرێت”. بەرپرسی لقی حەوت دەشڵێت: ” كاتێ ئەو چالاكییەمان كرد پۆلیسی ئەمریكا لە دەورمان كۆبوونەوە پێیان گوتین، ئەگەر نەچنە دەرەوە، ئەوا رادەستی عێراق دەكرێنەوە. بەڵام ئێمە خۆمان ڕاگرت و پێمان راگەیاندن كە ئەم كردەوەی پۆلیس و كاربەدەستانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە میدیادا شەرمەزار دەكەین، بۆیە دواتر لەژێر پاڵەبەستۆدا نامەكەیان لێمان وەرگرت.
چالاكییەكی دیكەی رەوەندی كورد لە ئەمریكا كە لە بەردەم رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا کرا كە بامەڕنی باسی لێوە كرد، رۆژی ١٧ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بوو، كە تێیدا كوردانی هەر چوار پارچەی بەشدار بوون و نامەیەكیان گەیاندە نەتەوە یەكگرتووەكان لە نامەكەدا باسمان لەوە كردبوو، “لەكاتێكدا گەلان مافی دیاریكردنی چارەنووسیان لەلایەن نەتەوەیەگرتووەكان سەلمێندراوە، بەڵام خەڵكی كوردستان تاكو ئێستاش لەو مافە رەوایە بێبەش كراون”. لە ناوەرۆكی نامەكەدا هاتبوو، كە لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا، لە رێكەوتی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧دا، پتر لە ٩٣% خەڵكی كوردستان بە (بەڵێ) دەنگیان دا، بەڵام بە داخەوە كە ئەم خواستە ڕەوا و دیموكراتیکەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی رۆژئاواوە پشتگوێ خرا.