پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بڵند عەبدوڵا: با وڵاتی خۆمان خۆش بوێت و نیشتمانپەروەری بەهێز بكەینەوە

هونەرمەندی كورد بڵند عەبدوڵا گلەیی لە سۆشیال میدیا و دەزگا فەرمییەكانی ڕاگەیاندن دەكات كە بە ڕاستی ڕۆڵێكی نەرێنییان بینیوە لە پیشاندانی راستییەكان و دەشڵێت سەردانی ٣٢ وڵاتانی جیهانم كردووە شوێنێكم نەدی هاوشێوەی هەرێمەكەی خۆمان جوان و رازاوەی بێت بە سیفەتەكانی سروشتەكەی. بەڵام بە داخەوە جوگرافیەكەی كەوتۆتە ناوچەیەك كە دراوسێیەكانمان دژمنی ئێمەن و هەرگیز نایانەوێ ئێمە بە ئارامی و بەبێ ئاژاوە بژیین.

بڵند عەبدوڵا بابەتێكی تازەی بڵاو كردووەتەوە نووسیویەتی با ئێمە وڵاتی خۆمان خۆش بوێت. ئەوەندە نەیشكێنینەوە و ناشیرین و بچووكی نەكەینەوە؛ دەبێ زۆر بەرز و پاک رایبگرین و بیپارێزین و ئینتیما بۆ نیشتمان بەهێز بكەینەوە. ئەگینا منداڵێكی بێگانە زۆر ئاسان پێمان دەوێرێت و سووكایەتیمان پێ دەكات..
بڵند عەبدوڵا ئاماژەی بەوە داوە كە لەسەر سۆشیال میدیا و دەزگا فەرمییەكانی ڕاگەیاندن كە بەڕاستی ڕۆڵێكی نەرێنییان پێوە دیار بوو لەچاو راستییەكان. بە شێوەیەكی سیستەماتیكی تەنها دیوە نەرێنی و ناخۆش و هەواڵی ڕووخێنەر و دڵەڕاوكێ بڵاو دەكەنەوە. ئایا هیچ هەواڵێکی دڵخۆشكەر نیە كە نیشانی بدەن؟ تكایە سیاسەتی كاركردنتان بگۆڕن با كار و پیشەتان لە خزمەتی نەتەوەكەتاندا بێت و رووداوی نەشیاوی قێزەون و جەرگبڕ و ناخۆش مەخەنە بەر باس و سەر شاشەی تیڤی؛ وەرن باس لە هزر و فكری جوان بكەن. باس لە ژیانی گەنجێكی داهێنەر بكەن و بیكەن بە نموونە بۆ گەنجانی تر. باس لە جوانیەکانی ژیان بكەن. باس فەلسەفەی ژیانێكی ئاسوودە بكەن و هتد.
لە بەشَێكی دیكەی نووسینەكەدا هاتووە ئەو دیاردانە وای لە تاكی كۆمەڵگا كردووە كە بە تەواوەتی ڕەشبین بێت و تەنها لایەنە نەرێنیەكان ببینێت و هەمیشە گلەیی و جنێودان و لاوازبوونی هەستی نەتەوایەتی و ئینتیمای بو خاك و مانا و پیرۆزی ئاڵا و گرنگیی پاراستنی خاك لا نەمینێ و هەروەها سیمای شار و سروشتە جوان و رازاوەكەی خۆی لە لا ناشیرین بێ و وتەی جوانی لە لا ببێتە درۆ و راستگۆیی ببێتە نەفامی و كار و رەفتارە ناشیرینەكان دەبنە جێگای دەستخۆشی، بەبێ ئەوەی هەست بە دیوەكەی تری بكەن كە پێچەوانەكەیەتی….
بڵند عەبدوڵا دەشڵێت سەردانی ٣٢ وڵاتانی جیهانم كردووە شوێنێكم نەدی هاوشێوەی هەرێمەكەی خۆمان جوان و رازاوەی بێت بە سیفەتەكانی سروشتەكەی. بەڵام بە داخەوە جوگرافیەكەی كەوتۆتە ناوچەیەك كە دراوسێیەكانمان دژمنی ئێمەن و هەرگیز نایانەوێ ئێمە بە ئارامی و بەبێ ئاژاوە بژیین.