گۆرانی و موزیكی كوردی

گۆرانی و موزیك و ئامێره‌ كوردییه‌كان، له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕۆڵێكی به‌رچاو و، كاریگه‌ریان به‌سه‌ر كه‌لتوور و هونه‌ری ناوچه‌كه‌دا هه‌بووه‌ و، تا ئێستاش هەر ماوه‌.

مێژووی دێرینی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و پاشماوه‌ شوێنه‌واریه‌كان و، نه‌خش و نیگاره‌كانی سه‌ر تاشه‌به‌رد و ئه‌شكه‌وته‌كان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه‌ گۆرانی و موزیكی كوردی مێژوویه‌كی زۆر له‌مێژینه‌ی هه‌یه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ گه‌لانی تری ناوچه‌كه‌، به‌شێك له‌و ئامێرانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ ڕۆژهه‌ڵات و جیهاندا به‌ ئامێری میلله‌تانی تر ناسراون، ره‌گ و ریشه‌یان بۆ میزۆپۆتامیا و خاكی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
به‌ داخه‌وه‌ به‌هۆی نه‌بوونی كیان و په‌لاماری به‌رده‌وامی نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌شێك له‌و ژێرخان و كولتوور و موزیكه‌مان له‌ده‌ست داوە، ناسنامه‌ی كو‌رده‌وارییان ڕه‌ش بۆته‌وه‌.
بۆ نموونه‌ ئه‌و ئامێره‌ی كه‌ ئێستا له‌ دنیادا به‌ (هارپ) یان (قیساره‌) ناسراوه‌، كۆنترین به‌ڵگه‌ و شوێنه‌واری له‌ كوردستان دۆزراوه‌ته‌وه‌ و، له‌ناو كورداندا به‌ ئامێری (چه‌نگ) ناسراوه‌. یه‌كێك له‌و به‌ڵگانه‌ نه‌خش و نیگاره‌كانی تاق وەسانە لە کێوی بێستوون. ئەو بەڵگانە بۆ ئامێره‌كانی (تار و تەمبور و عود و زۆرانی تریش) دروسته‌.
ئه‌گه‌ر ئایینی (میترایی) دایكی گشت ئایینه‌كان بیت و كوردستان لانكه‌ی ئه‌و ئایینه‌ بووبێت، ئه‌وا له‌ناو ئه‌و ئایینه‌دا چه‌ندین مه‌راسیم و كه‌شی ئایینی جۆراوجۆر به‌ گۆرانی و موزیك به‌ڕێ كراوه‌.
(هۆره‌) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌ره‌ دێرینه‌كانی كورد، هه‌م وه‌ك وشه‌ و، هه‌م وه‌ك هونه‌ری چڕین، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ئایینه‌ و، له‌ پاشماوه‌ی میتراییه‌كانه‌وه‌ بۆمان ماوه‌ته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر كه‌مێك له‌سه‌ر ڕه‌گ و ڕیشه‌ی(هۆره‌) بوه‌ستین كۆمه‌ڵێك به‌لگه‌مان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست كه‌ مێژووی گۆرانیگوتن له‌و ناوچه‌یه‌دا زۆر دێرین و كۆنتره‌ له‌چاو گه‌لانی دنیا.
هه‌ر بۆیه‌شه‌ به‌شیك له‌ موزیكناسان و زانایانی ئه‌و بواره‌ (هۆره‌) به‌ دایكی گشت گۆرانیه‌كانی جیهان داده‌نێن.
كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ میتراییه‌كان و (هووریه‌كان) یان (خووریه‌كان) ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.
(هووریه‌كان) (4000 تا 5000) ساڵ به‌رله‌ئێستا له‌ كوردستان حوكمیان كردووه‌، گرنگییان زۆر به‌ هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و گۆرانیگوتن داوه‌.
كه‌ به‌شێك له‌ سۆسیۆلۆژیست و ئه‌نتڕۆپۆلژژیسته‌كان (هووریەكان) به‌ باپیره‌ گه‌وره‌ی كورده‌كانی ئێستا ده‌زانن.
مێژووی هۆره‌ و سیاچەمانه‌ و لاوک و به‌یتی كوردی، زۆر له‌وه‌ دێڕینتره‌ كه‌ ئێستا جۆریك له‌ هونه‌ری ناوچه‌كه‌ سه‌رمه‌شقایه‌تی ده‌كه‌ن.
تار و ته‌مبوری ئێمه‌، هه‌ر تار و ته‌مبور نه‌بووه‌، میژوو پێمان ده‌ڵێت (ڕه‌بابه‌) و (عود) و زۆر ئامێری تریش له‌ نیشتمانی كوردان له‌دایك بوون و، په‌لیان هاویشتووه‌، ئیستا میلله‌تانی تر به‌ ملكی خۆیانی ده‌زانن.
جێگای داخه‌ ئه‌و مێژووه‌مان شاردراوه‌ته‌وه‌، یان خۆمان فه‌رامۆشمان كردووە و، خه‌مساردین لێی…
هەقە شاره‌زایانی زانستی ئامێرناسی و ئه‌تنۆمۆزیكۆلۆژی كاری خۆیان بكه‌ن و، به‌شێك له‌و مێژووه‌ ونكراوه‌ و، ناسنامه‌ ونه‌مان بۆ بدۆزنه‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر