گەمەی ئەلیکترۆنی چۆن کار دەکاتە سەر هزر و دەروونی منداڵ

منداڵان جیاواز لە گەوران دنیای تایبەت بە خۆیان هەیە کە پڕە لە وزە و جووڵەی ئەرێنی و پێویستە بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان بێت ئەو جووڵەو وزەیە دەرببڕدرێت، پێچەوانەی ئەمە کار لە کەسایەتی و بوونی منداڵ دەکات چ لە ڕووی جەستەییەوە بێت یاخود لە ڕووی دەرونییەوە.

ئەوەی وای کردووە منداڵ لە دنیای خۆی نەژیێت زۆر بەکارهێنان و ئالوودەبونیانە بە گەمەی ئەلیکترۆنی کە گۆڕانکارییەکی زۆر لەسەر ڕەفتار و شێوازی ژیان و بیرکردنەوەیان دروست دەکات.
گەمەی ئەلیکترۆنی لە کوردستان و جیهانیشدا مێژوویەکی دێرینیان نییە بەڵام هەرچۆنێک بێت کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ڕەفتار و گوفتاری منداڵان دروست کردووە ئەگەرچی زۆرجار ئەم گەمانە بەمەبەستی فێربوونی زمان و ژمارەکانیش دەتوانرێت بەکار بهێنرێت بەڵام هێشتا دەتوانین بڵێین زیانەکانی لە سوودی زیاترە لەسەر منداڵ و مێردمنداڵانیش.

سوودی گەمەی ئەلیکترۆنی
• سه‌رنج و سه‌لیقه‌ خێراتر و وردتر دەکات.
به‌پێی قسەی ئه‌و پسپۆڕانه‌ی كاریان له‌سه‌ر خێرایی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ پرسیار و خوێندنه‌وه‌ی وێنه‌كان کردووە، ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌یمه‌رن واتە بەکارهێنەری لێهاتووی گەمەی ئەلیکترۆنین، سه‌رنج و سه‌لیقه‌یان خێراتره‌ له‌ كه‌سانی ئاسایی، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رنجه‌ی كه‌ بەردەوام یاریزانه‌كه‌ ده‌یدات له‌ یارییه‌كه‌.
• دڵه‌ڕاوكێ كه‌م ده‌كاتەوە.
ئه‌و كاته‌ی تۆ یاریی ئه‌لیكترۆنی ده‌كه‌یت و خۆتی پێوه‌ سه‌رقاڵ ده‌كه‌یت، دووری لە کێشە و گرفتەکانی ژیان، مێشکت دوور دەخاتەوە له‌‌و شتانه‌ی كه‌ تووشی سترێست ده‌كات.

گەمەی ئەلیکترۆنی، بۆ نموونە پلەی‌ستەیشن و ئێکس‌بۆکس، لە سەردەمی ئێستای منداڵان و هەرزەکاران و گەنجاندا، دەکرێ بڵێین تا ئاستی ئالوودەبوون تێکەڵ بە ژیانیان بووە، ساڵ‌بەساڵ زیاتر بڵاو دەبێتەوە و تەشەنە دەکات. ڕێژه‌ی گه‌یمه‌ره‌كانیش لە جیهان و کوردستانیشدا به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر زیاد بوون، بۆیە كێبركێی نێوان كۆمپانیاكان لە گۆڕانکاریی زیاتر و سەرنجڕاکێشتر بۆ ڕاكێشانی منداڵ، هه‌رزه‌كار و گەنج و گه‌وره‌كانیش خێراتر و زیاتر بووە.
ڕەنگە گەمەی ئەلیکترۆنی ببنە هۆی کێشەی گەورە لەکاتی بەکارهێنانیان بەشێوەیەکی زۆر و بەردەوام لەلایەن منداڵ و تازەپێگەیشتوانەوە، بەجۆرێک ئەم گەمانە دەبنە پاڵنەرێک بۆ نابەرپرسیارێتی کەسی، خێزانی، یاخود زانستی و لەکاتی زیادبوونی خۆشەویستی بۆ ئەم یارییە ئەلیکترۆنیانە بەرەو ئالوودەبوون سەردەکێشێت.
کێشەکانی یارییە ئەلیکترۆنیان زۆر بڵاون و سەرەتای سەرژمێریەکان لەسەر ئالوودەبوون پێیانەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ساڵی هەشتاکان. دواتر لەگەڵ زیاتر بڵاوبونەوەی گەمەی ئەلیکترۆنی و پەیوەندییان بە ئینتەرنێتەوە سەرژمێریەکان زیادی کرد. کێشەی ئالوودەبوون بەم گەمانە بە کێشەیەکی گەورە هەژمار کراوە کە سەر دەکێشێ بۆ تێکدانی تەندروستی گشتی لە وڵاتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا، بە جۆرێک دەوڵەتانی ناچار کردووە بە دانانی ڕێکاری خۆپارێزی بۆ چارەسەری کێشەی گەمەی ئەلیکترۆنی.

هۆکارەکانی ئالوودەیی بە گەمەی ئەلیکترۆنییەوە:

  1. نەبوونی هۆشیاری دروستی دایک و باوک؛
  2. هەژاری و نەبوونی هەلی کار؛
  3. پەیوەندی سستی نێوان دایک وباوک؛
  4. لاوازی و بۆشای سۆزداری نێوان خودی منداڵ و دایک وباوک؛
  5. ئاسانی بەدەستکەوتنی و زۆری ئەو ئامێرانەی کەئەم جۆرە گەمانەی پێ ئەنجام دەدرێت، وەک (مۆبایل ـ تابلێت ـ ئایپاد ـ لاپتۆپ ـ کۆمپیوتەر….)؛
  6. چاولێکەری لەنێوان خودی دایک و باوک و منداڵ، بە منداڵانی هاوتەمەن و هاوڕێ و هاوسێ و خزم و کەسوکاری.
  7. بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن دایک و باوکانەوە، بووەتە هۆی لاساییکردنەوەی منداڵان.
  8. بەهۆی زۆر جووڵەی منداڵ، هەندێک جار دایک و باوک خۆیان ئەم ئامێرانە دەدەنە دەستیانەوە.

کاریگەرییە نەرێنییەکان یاخود زیانەکانی بەکارهێنانی گەمەی ئەلیکترۆنی:

  1. گۆشەگیری و لاوازی یان نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی.
  2. تووڕەیی توندوتیژی لە منداڵاندا زیاد دەکات بەهۆی ئەوەی زۆرینەی گەمەی ئەلیکترۆنی توندوتیژی تێدایە.
  3. تێکەڵ بوونی دوونیایی واقع بە دوونیای فەنتازی وخەیاڵ.
  4. پەک خستن وتەمبەڵ کردنی پروسەی خوێندن.
  5. نەخەوتن، کاریگەری لەسەر هۆرمۆنی دۆپامین دەبێت.
  6. قەڵەوی، بەهۆی نەمان ولاوازی جووڵە و مانەوە لە ماڵدا منداڵ قەڵەو دەکات.
  7. تێکچوونی سیستەمی خواردن بەهۆی درەنگخەوتنەوە.
  8. زیانی جەستەیی؛ لاوازی چاو، ئازاری مل و دڵەکوتە.
  9. خەمۆکی.
  10. گەشەی مێشک لاوازدەکات، لەبەرئەوەی گەشەی منداڵ بەخێرایی تێ دەپەڕێت، بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت، بەهیچ جۆرێک منداڵانی خوار تەمەنی ۲ ساڵان نابێت بەهیچ جۆرێک سەیری هیچ جۆرە شاشەیەک بکەن.
  11. گەشەی زمان دوا دەخات، توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە بەشێک لە دواکەوتنی زمان و قسەکردن هۆکارێکی سەرەکی گەمەی ئەلیکترۆنیە.
  12. باوەڕبەخۆبوونی منداڵ لاواز دەکات و توانستی پشت بەخۆبەستن کەم دەکاتەوە، منداڵێکی شەرمن و لاواز دروست دەکات.
  13. گێچەڵی سێکسی، بەهۆی ئەوەی لەکاتی گەمەی ئەلیکترۆنی ڕیکلامی سێکسی دێتە سەر شاشەکە، منداڵ ناهۆشیارانە کلیک لەسەر ئەو ڕیکلامە دەکات و بەو جۆرە تووشی لادانی سێکسی دەبێت.

چارەسەر چییە؟

  1. سنووردارکردنی کاتەکانی بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی لەلایەن دایک و باوکانەوە.
  2. چاودێریکردن؛ تا بزانرێت منداڵ بە چ یارییەکەوە سەرقاڵە.
  3. سەرقاڵکردنی منداڵان بە شتی بەسوودی تر.
  4. پرسیاری لێ بکە لە ناوەرۆکی یارییەکە.
  5. هەوڵ بدرێت یاریی بارز پێچەوانەی شاشەکان بکڕێت بۆیان.
  6. هاندان و پاداشت لە مەڕ کردنی یاریی تر تا گەمەی ئەلیکترۆنی دوور بکەوێتەوە.
  7. بەشداریپێکردن بە کاری تر کە گونجاو بێت لەگەڵ تەمەنی و گەشتکردن و بردنیان بۆ شاری یاری و پارک و وەرزشگا.
  8. منداڵ نابێت حەزی لە هەرچی بوو دایک و باوک بۆی جێبەجێ بکات، بەڵکو فەلسەفەی ژیانی خێزان لە پەروەردەدایە نەک تەنها بەخێوکردن.
  9. بتەوکردن و بەهێزیی خۆشەویستی دایک و باوک.
  10. ببە بە هاوڕێی منداڵەکەت؛ گرنگییان پێ بدەن و هاوبەشییان پێ بکەن، تا بۆشایی سۆزدارییان بۆ دروست نەبێت تا هەوڵ بدات بە گەمەی ئەلیکترۆنی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە.

ئێستاکە بەشێک لە گەنجانی هەرێمی کوردستان بەجۆرێك ئالوودەی گەمەی ئەلیکترۆنی بوون کە جگە لەوەی كاتێكی زۆری ژیانیان بۆ ئەم جۆرە گەمانە تەرخان دەكەن، یارییەکەیان لە حەز و خولیاوە کردووەتە کاری بازرگانی و بەجۆرێک لە ڕێگەی خستنەبازاڕی ڤیزاکارتەوە، پارەیەكی زۆری بەشێکی زۆر لە گەنجان و بەکارهێنەران بەهەدەر دەدەن و بەشێکی کەمیش لەو گەنجانە کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێت، لە ڕێگەی زۆر بەکارهێنانەوە بوونەتە (گەیمەر) و بڕێک پارە بەدەست دەهێنن، بەو هۆیەوە بەشێک لەو گەنجانە بەبێ ئەوەی ئاگادار بن کەوتوونەتە ناو یاریی بەخت و ئالوودەبوون کە ئەوەش بە یەکێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان دادەنرێت.
لە عێراقیش بەهۆی کاریگەرییە خراپەکانی گەمەی ئەلیکترۆنی ڕۆژی ١٧ی ٤ی ٢٠١٩ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی گەمەی ئەلیکترۆنی بە کۆی دەنگی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو پەسەند کرد.
ئەگەرچی بڕیاری قەدەغەکردنی گەمەی ئەلیکترۆنی دەرچوو بەڵام، ئەو یارییە ئەلیکترۆنیانە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر بەکارهێنەران بەخۆیانەوە ئالوودە دەکەن، جگە لە زیانە ماددی و دەرونییەکانی تا ئێستاش بەهۆی لاساییکردنەوەی ئەو جۆرە گەمانەوە لە ژیانی ڕاستەقینەدا لە لایەن گەنجان و مێردمنداڵانەوە، چەندین ڕووداوی کوشتن و توندوتیژی ڕووی داوە.

ھەواڵی زیاتر