ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
* مارتین زوبێمێندی ناوەڕاستکاری یانەی ریاڵ سۆسیداد بۆ ماوەی پێنج وەرز و بەرامبەر 51 ملیۆن پاوەندی گواستەوە ریزەکانی، ئەمەش لە كاتێكدا بوو چەندان یانەی دیكە گرنگی بە تواناکانی زوبێمێندی دەدا، لەوانەش یانەکانی ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنا، بەڵام دواجار ئارسێناڵ توانی ئەو یاریزانە بگوازێتەوە ریزەکانی. مارتین زوبێمێندی 26 ساڵان لەگەڵ یانەکەی پێشووی واتە ریاڵ سۆسیدا، بەشداری 236 یاریکرد و توانی 10 گۆڵ و 7 ئاسیست تۆمار بکات، ئەو یاریزانە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بەشداریی 19 یاریکردووە و خاوەنی دوو گۆڵە.
* چابی ئالۆنسۆ راهێنەری ریال مەدرید: پێموایە زۆر چانسمان هەیە کە کۆرتوا گۆڵپارێزی یانەکەمانە، ئەو لەو شێوە یاریزانانەیە کە بە تەنهایی دەبێتە هۆی بردنەوە و سەرکەوتنی تیپەکەی. کۆرتوا کاریگەری زۆری لەسەر ئاستی یاریزانەکان هەیە و دەتوانم متمانەیەکی زۆرم پێ هەبێت. بەرامبەر دۆرتمۆند تا خولەکی 80 کۆنترۆڵێکی باشمان کردبوو، هەندێک کات بەتۆپەوە و هەندێ کاتیش بەبێ تۆپ، بەڵام بە گشتی هەموو گۆشەکانی یاریگامان کۆنترۆڵ کرد، هیوادارم ئەزموونی ئەم یارییە یارمەتیدەرمان بێت، بۆ یاری داهاتوو بەرامبەر پاریس سانجێرمان. ئاردا گولەر زۆر بە باشی ئەرکەکانی جێبەجێ کرد، نیوەی یەکەم زیاتر هاوکاری بەرگریکارەکانی کرد و نیوەی دووەم ئەرکەکەی قورستر بوو. گولەر زۆر بە باشی تاکتیکەکان جێبەجێ دەکات، بە باشی شووت دەکات و لە شوێنی خۆی زۆر مەترسیدارە. پێویستە هەموو یاریزانەکانی هاوکاری بکەن و دڵنیام دەتوانێت زیاتر پێش بکەوێت.
* تیۆ كۆرتوا، گۆڵپارێزی بەلجیكی یانەی ریال مەدرید: پلانەكانی ئالۆنسۆ كاریگەری گەورەی لەسەر بیركردنەوە و شێوازی یاریكردنی ریال مەدرید دروست كردووە، هەموومان بڕیارمانداوە بە درێژایی 90 خولەك بجەنگێین، پلانەکانی ئالۆنسۆ نوێن و بۆ گشت یارییەکان گونجاون، ئێمەش پێویستە زیاتر جوڵە و کاریگەریمان هەبێت، نابێت بە ئاسانی سەیری هیچ یارییەک بکەین.
* تیۆ كۆرتوا، گۆڵپارێزی ریال مەدرید: ئێمە لە مۆندیالی یانەكان یاری بۆ یاری توشی ئەستەمی زیاتر دەبینەوە، بێگومان دین هاوسن زۆر دڵتەنگە بەهۆی کارتە سوورەکەی، من کە لەگەل ناوبژیوان قسەم کرد گوتی دەستی بەکارهێناوە و شایستەی کارتی سوور بووە، پاریس پاڵەوانی ئەوروپایە و چۆن ئیمە خۆمان بۆ یارییەکە ئامادە دەکەین، ئەوانیش هەر بەم شێوەیە ئامادەکاری دەکەن، جیاوازییەکە ئەوەیە ئەوان پاڵەوانی چامپیۆنزلیگن، هەموو یاریزانەکان لە دیدی ئەلۆنسۆ گرینگن و بایەخی زۆریش بەلایەنی دەروونی هەمووان دەدات، هەروەها لەوە تێدەگات هەندێجار بەهۆی یارینەکردن بەشێک لە یاریزانەکان دڵگرانن دەبن.
* ئەلێكساندەر ئارنۆڵد بەرگریكاری ریال مەدرید: كاتێك هەواڵی مردنی دیێگۆ جۆتا بیست باوەڕ نەكرد، ناچار بووم بچمە نێو سۆشیاڵ میدیا بۆ ئەوەی تێبگەم چی روویداوە، جۆتا زیاتر بوو لە تەنیا هاوڕێیەك، ئەو بەشێك بوو لە خانەوادەكەم، تا ئەم كاتانەش بەردەوام لە بیری جۆتا و خێزانەكەی و سێ منداڵەكەی دام، دڵنیام هیچ شتێك ناتوانێت شوێنی جۆتا بۆ ئەو خانەوادەیە پڕ بكاتەوە، بەراستی شتێكی سەرسوڕهێنەر و نایاب بوو كە بینیمان چۆن هەمووان بۆ پشتگیری خێزانەكەی دیێگۆ جۆتا لەنێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە كۆبوونەتەوە، ئەم پشتگیرییەی لە رۆژی بە خاكسپاردنی بۆ جۆتا كرا زۆر سەرنجراكێش بوو، من تا ئەم كاتانەش لەگەڵ یادەوەرییەكانی جۆتا دەژیم، ئەو پێش ئەوەی یاریزانێكی باش بێت، پیاوێكی گەورە و نموونەیی بوو، لای هەمووان خۆشەویست بوو.

