رۆژنامەی ھەولێر

سێ دەرچووی زانكۆی سۆران بە كتێب ڕێز لە ساڵیادی لەدایكبوونی ڕابەری هونەر دەگرن

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌‌ولێر

لە هەوارگەی شنگلبانە لە ڕواندز، كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی لقی ڕواندز، لە ساڵیادی لەدایكبوونی ڕابەری هونەر (زرار محەمەد مستەفا) و دامەزراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە، پانێڵێكی هونەری و ڕۆشنبیرییان پێشكەش كرد.

هەر لەم چالاكییە دوو كتێب ناساندنیان بۆ كرا؛ لەوانە توێژینەوەیێك بە ناوی (ڕۆڵی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی باشووری كوردستاندا ١٩٧٧-١٩٩٦)، نووسراوی (هێلین یاسین) و (زەینەب حاجی عەوڵا) دوو دەرچووی بەشی مێژووی کۆلیژی ئاداب لە زانكۆی سۆران. كتێبی دووەم (شامارێ پەریا. ئەفسانەكی كوردییە بە شێوەئاخاوتنی ڕواندزێ) کە (یاسین برایم) قوتابی ماستەر لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سۆران، پێشكەشی مامۆستاكەی كردووە، وەك وەفاداری و ڕێزێك بۆ ماندوویەتی و دڵسۆزی و ئەو خزمەتە زۆرەی پێشكەشی کردووە بە هونەری كوردی.
١/٧/١٩٣٧ ساڵیادی لەدایكبوونی ڕابەری هونەر (زرار محەمەد مستەفا)یە؛ لە هەمان ڕۆژ لە ساڵی ١٩٧٧ تیپی مۆسیقای پاشای گەورەیە لە ڕواندز دامەزراوە.